بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە شارباژێڕ نزیکەی 1000 دۆنم زەوی سووتان و 10 هەزار دار مێو زیانیان پێگەیشت
رووداو - شارباژێڕ
باشووری کوردستان رۆژێکی گەرم و ئاگرینی هەبوو؛ لە کەرکووک، پردێ، شێراوای هەولێر، شارباژێڕ، عەربەت و شارەزوور سەتان دۆنم زەوی و دارستان سووتان.
زیانی گەورە بەر دارستانەکانی شارباژێڕ کەوت، لە کاژێر 10:00ی بەیانییەوە گوندنشینان بە چڵە دار هەوڵی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەیان دەدا کە کەوتبووەوە.
عەباس ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئیدارەی بنکەی پۆلیسی دارستانی گاپیڵۆن گوتی، "هۆکاری ئاگرەکە شوانێک بووە، ویستوویەتی چا لێبنێت و ئاگری کردووەتەوە، بەڵام بەهۆی رەشەباوە ئاگرەکەی لە کۆنترۆڵ دەرچووە و ئێستا کەسەکە دەستگیر کراوە."
شێخ عوسمان مەحموود، ئەنجوومەنی گوندی قەیوانی گەورە دەڵێت، "داواکارین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر گوندێک و چەند ئامێرێکی هەوایی ئاگرکوژێنەوەمان بۆ دابین بکات، بۆئەوەی گوندنشینەکان زوو بتوانن کۆنترۆڵی ئاگرەکان بکەن، چونکە تاوەکو تیمەکان دەگەن ئاگرەکان لە کۆنترۆڵ دەردەچن."
بەهۆی رەشەباوە، کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکان ئاسان نەبوو، لە شارباژێڕ جگە لە رەشەبا، مەترسیی تەقینەوەی مین و گولـلە هاوەن و سەختی و فراوانیی ناوچەکە هۆکار بوون کە ئاگرەکە زیاتر تەشەنە بستێنێت و سنووری گوندەکانی باڵخ، بایزاوا، کۆڵەرد، کارێزە و قوڵەچاخ بگرێتەوە.
دلێر ئیبراهیم، ئەنجوومەنی گوندی قەیوانی بچووک ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم چڵە دارانە زوو زوو گەڵاکەیان لێدەبێتەوە، بەڵام ئامێری هەواکە زۆر باشە." سالار ئەحمەد، گوندنشین گوتی، "هەر زوو کە ئاگرەکەم بینی تراکتۆرێکم هێنا و ئاگربڕێکم بە دەوری زەویی گەنمەکەدا دروستکرد." گوندنشینێکی دیکەش بەناوی محەممەد ئەحمەد گوتی، "پووشەکەی زۆرە، بە ئاسانی کۆنترۆڵ ناکرێت."
پۆلیسی دارستان زیانە سەرەتاییەکانی ئاگرەکەی شارباژێڕ بە سووتانی نزیکەی 1000 دۆنم زەوی و زیانگەیاندن بە نزیکەی 10 هەزار دار مێو و ترش دەخەمڵێنێت.