ئاوی ئاکرێ: ئاستی ئاوی ژێر زەوی زیاتر لە 50 مەتر دابەزیوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، لە شەش ساڵی رابردوودا ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە سنووری قەزاکە زیاتر لە 50 مەتر دابەزیوە و بەردەوام مەترسی لەسەر وشکبوونی بیرەکان هەیە.  
 
ئەندازیار زرار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ میوانی بەرنامەی مژار بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات و باسی لە پرۆژەکانی ئاوی سنووری ئاکرێ کرد، گوتی، قەزای ئاکرێ ئێستا بەتەواوی پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستێت "کە گرفتێکی گەورەیە"، و لەرێگەی 316 بیری ئیرتیوازی و 19 کانییەوە ئاو بۆ گەڕەکەکانی قەزاکە دابین دەکرێت.
 
بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ گوتیشی، "بەردەوام ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە دابەزیندایە و لە شەش ساڵی رابردوودا زیاتر لە 50 مەتر دابەزیوە، بەشێوەیەک لە 2020ـدا قووڵترین بیر 280 مەتر دەبوو، بەڵام هەفتەی پێشوو بیرمان هەڵکەندووە بە قووڵی 400 مەتر کە ئاوەکەی وەکو پێویست نییە."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوام مەترسی لەسەر وشكبوون و کەمبوونی ئاوی بیرەکان هەیە، بەشێوەیەک تەنیا ساڵی رابردوو "شەش بیر وشکیان کردبوو، بەڵام ئەم ساڵ بێشبینی دەکەین کەمتربێت."
 
پرۆژەی ئاوی ئاکرێ، لەساڵی 2012 بە گوژمەی 116 ملیار دینار کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، توانای بەرهەمهێنانی 3000 مەترسێجا ئاوی هەیە لە یەک کاژێردا.
 
زرار ئەحمەد دەڵێت، پرۆژەکە بۆ ماوەی 25 ساڵ کێشەی ئاو لە قەزای ئاکرێ و ناوەندی ناحیەی بجیل و 19 گوندی سنوورەکە چارەسەر دەکات، ئێستا نزیکەی 70٪ـی پارەی پرۆژەکە بۆ کۆمپانیای جێبەجیکار خەرجکراوە بەڵام نزیکەی 85٪ تەواو کراوە.
 
گوتیشی، پرۆژەکە کارکردن تێیدا بەردەوامە، بەڵام وەکو "پێویست و بەدڵی ئێمە نییە" و، ئەگەر گرفتی دارایی بۆ پرۆژەکە دروست نەبێت، 14 مانگی دیکە تەواو دەبێت.
 
لەبارەی پرۆژەکانی سێکتەری ئاو لەسنووری قەزاکە، گوتی، ئەو پرۆژانەی لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و داهاتی 17٪ی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان وەکو؛ هەڵکەندنی بیری نوێ، گۆڕینی تۆڕی ئاو و چاکسازی لە پرۆژەکانی ئاو بەردەوامن. هەروەها بەتانکەر ئاو بۆ ئەو گەڕەکانە دابیندەکرێت کە گرفتی ئاویان هەیە و رۆژانە نزیکەی 300 ماڵ سوودمەند دەبن".
 
لەبارەی ژمارەی هاوبەشانی ئاو، زرار ئەحمەد، دەڵیت، "لەناوەندی قەزای ئاکرێ 14 هەزار هاوبەشی ئاومان هەن کە زیاتر لە 11 هەزاری پێوەری ئاویان بۆ بەستراوە و پارەیەکی زۆر لەلای هاوبەشانی ئاوە کە ملیاران دینارە."