لە زاخۆ هاونیشتمانییەکی باکووری کوردستان "بە چەقۆ" کوژرا

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە گۆڕەپانی تانکەرەکان لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، دوو شۆفێر بووەتە شەڕیان و یەکێکیان کوژراوە.
 
ئەحمەد رەمەزان، گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە رووداوی گوت، هەردوو شۆفێرەکە خەڵکی باکووری کوردستانن. بووەتە دەماقەڵەیان و یەکێکیان بە چەقۆ لە ئەوی دیکەی داوە و کوشتوویەتی.
 
کوژراوەکە تەمەنی 34 ساڵە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە. گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ گوتی، بکوژ دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
تاوەکو ئێستا هۆکاری شەڕ و دەمەقاڵێی نێوان ئەو دوو شۆفێرە نازانرێت، بەڵام پۆلیسی زاخۆ دەڵێت، لێکۆڵینەوەیان لە هۆکاری رووداوەکە دەستپێکردووە.