وەزارەتی دارایی: پارە لە بەغداوە گەیشت و مووچەی مانگی 4ی هێزە ئەمنییەکان دابەش دەکەین

10-06-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پارە لە بەغداوە بۆ مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە و دەست بە دابەشکردنی دەکەن.

بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، کەمێک لەمەوبەر بڕی 344 ملیار و 875 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی مانگی نیسانی هێزەکانی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکان خراوەتە سەر هەژماری بانکییان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

هاوکات وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر ئەمڕۆ دووشەممە 10ی حوزەیران دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دەکەن.
 
بەپێی ئەو لیستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ 10ی حوزەیران هەریەکە لە ئەنجوومەنی ئاسایش، دەزگای ئاسایش، هێزەکانی زێرەڤانی، بەرگری و فریاکەوتن، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان و پاسەوانی وەزارەتی ناوخۆ/سلێمانی مووچە وەردەگرن.
 
 
هاوکات، هەر بەپێی لیستەکە، سبەی سێشەممە 11ی حوزەیران هەریەکە لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی یەکەی 70 و هێزەکانی یەکەی 80 مووچەی مانگی نیسان وەردەگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە