بریکاری وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق: پلانمان هەیە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەشکەوتی شانەدەر

10-06-2024
نالین حەسەن
نالین حەسەن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارە مێژووییەکانی عێراق بە رووداوی گوت پلانێکی ئامادەکراویان هەیە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەشکەوتی شانەدەر، کە لەم دواییانەدا بووە جێگەی باس و خواسی میدیاکانی جیهان.   
 
د. فازڵ بەدرانی، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارە مێژووییەکانی عێراق لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو باسی شوێنەوارە مێژووییەکانی عێراق، ئەشکەوتی شانەدەر، زمانی کوردی بەڵگە فیلمی شاردنەوەی سەدام دەکات.
 
لەبارەی شوێنەوارە دزراوەکانی عێراق، د. فازڵ بەدرانی گوتی "مافیا و بازرگانەکانی ئاسەوار بازاڕەکانیان دووجار گەشایەوە"؛ جاری یەکەم لە 2003، کە ساڵی رووخانی رژێمی بەعس بوو و جاری دووەمیش لە 2014 بوو، ئەو ساڵەی تێیدا داعش بەشێکی زۆری ناوەڕاستی عێراقی کۆنترۆڵ کرد.
 
 د. فازڵ دەڵێ چەکدارانی داعش بەشێکی شوێنەوارەکانی عێراقیان تێکشکاند کە زۆربەیان کۆپیکراوەکان بوون "بەڵام لە راستیدا ئاسەوارە رەسەنەکانیان فرۆشت بەتایبەتی زۆر گرانبەهاکانیان فرۆشت... چەند لایەنێکی پەیوەندیداری نێودەوڵەتی بۆ دزین و بە تاڵانبردنیان لەسەر هێڵ بوون."
 
کەللـەسەری ژنێکی نیاندرتاڵ لە هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتە زانستییەکانە کە سەلماندوویەتی ئەم مرۆڤانە لەم ناوچەیەدا دەژین. ئەم دۆزینەوەیە رێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی عێراق بگەڕێتەوە لووتکەی باس و خواسەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئاستی جیهاندا.
 
سەبارەت بە گرنگیدانی وەزارەتەکەی بە ئەشکەوتی شانەدەر، بەدرانی جەختی کردەوە لەوەی پلانیان بۆ ئەشکەوتەکە هەیە و "لە چوارچێوەی کارە لەپێشینەکانی وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارە مێژووییەکانی عێراقە."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە: 
 
رووداو: با لە شوێنەوارە مێژووییەکانەوە دەستپێبکەین. هەڵکەندنی نایاسایی بۆ شوێنەوارە مێژووییەکان هەیە. لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا بەردەوام دزی لە شوێنەوارە مێژووییەکان دەکرێت. هیچ پلانێکتان بۆ راگرتن و بەرگرتن لەم جۆرە دزییانە هەیە کە لە دژی شوێنەوارە مێژووییەکاندا دەکرێت؟ 
 
د. فازڵ بەدرانی: سەرەتا سوپاس بۆ میوانداریکردنم. هەروەها سوپاسی کەناڵە بەڕێزەکەتان دەکەم، هەمیشە دەستپێشخەرن لە پێدانی زانیاریی و خستنەڕووی ئەم بابەتە گرنگانە. دووبارە سوپاستان دەکەم هەمیشە بەرگریی لە هەموو ئەو پرس و بابەتانە دەکەن کە خزمەتی هاووڵاتی و کۆمەڵگەی پێ دەکرێت. سەبارەت بە وەزارەتی رۆشنبیری، رەنگە لە رووی پێناسەی چەمکە سیاسییەکاندا، ئەم وەزارەتە بە وەزارەتێکی سیادی نەناسراوە. یاخود رەنگە خرابێتە ریزبەندیی وەزارەتە لاوەکییەکان، بەڵام لە هەموو وڵاتانی جیهان، وەزارەتی رۆشنبیری، رووخساری رۆشنبیری و فەرهەنگی و کولتووری ئەم وڵاتە پێکدەهێنێت. هەروەها رووخساری وڵاتە بۆ پاراستنی میراسی مێژوویی و کەلەپوور و شارستانییەتی وڵاتان.
 
دەبوو بۆ مامەڵەکردنی ئەم بابەتە، وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی رۆشنبیری وەک دووانەیەک بوونایە. بەهۆی ئەوەی وەزارەتی دەرەوە لە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکاندا بەرگری لە دۆخی عێراق دەکات، بەڵام وەزارەتی رۆشنبیری عێراق، بەرگری لە دۆخی رۆشنگەری و کولتووری و پیشەسازیی هۆشیاری بۆ تاک و کۆمەڵگە دەکات. دواتر ئەم وەزارەتە لە وڵاتاندا وەک تیشکی خۆر رەنگی بەسەر هەموو جیهاندا دەبێت. بەتایبەتی مێژووی شارستانییەتی عێراق وەک دەگوترێت تەمەنی بۆ حەوت هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، بەڵام بەگوێرەی بەڵگەنامە دانپێندراوەکانی رێکخراوی یونیسکۆ لە ساڵی 2001دا، مێژووی شارستانییەتی عێراق بۆ نۆ هەزار ساڵ پێش زایینی دەگەڕێنێتەوە. کەواتە یەکێکە لە کۆنترین شارستانییەت لە خاکی نێوان دوو رووبارەکەدا. ئەم پرۆژە و بەرپرسیاریێتییە مەزنە رەنگە وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری مێژوویی بە تەنیا نەتوانێت ئەرکی پاراستنی هەموو شوێنەوارە مێژووییەکانی عێراق لە دزین و تاڵانکردن بپارێزێت. لە سەرەتای 2003ـدا، کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، عێراقی داگیرکرد، رووبەڕووی نسکۆیەکی زۆر گەورە بووینەوە. ئەوکات، زۆربەی ئاسەوارەکانی نێو مۆزەخانەی عێراق دزران و تاڵان کران. گەنجینەی زۆر مەزنی تێدابوو. 
 
رووداو: ژمارەیان چەند بوو؟ 
 
د. فازڵ بەدرانی: لە راستیدا بەژماردن نایێت.
 
رووداو: بەشیمانەکراوی چەندە دەیان، سەتان، هەزاران؟ 
 
د. فازڵ بەدرانی: نەخێر، بە سەتان هەزار
 
رووداو: سەتان هەزار!
 
بەدرانی: بەڵێ
 
د. فازڵ بەدرانی: هەروەها لە کاتی کۆنترۆڵکردنی داعشیشدا، ژمارەیەکی زۆر لە ئاسەوار و تاشەبەردینە مێژووییە دێرینەکان دزران و تاڵان کران. توانیتان بەشێکی ئەمانە بگەڕێننەوە؟ 
 
د. فازڵ بەدرانی: سەیرکە، نسکۆی یەکەم لە 2003 دەستیپێکرد، مەبەستم نسکۆی پەیوەندیدارە بە ئاسەوارە عێراقییەکان. نسکۆی دووەمیش لە 2014 دەستیپێکرد. کاتێک داعش لە رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2014 موسڵی کۆنترۆڵکرد. موسڵ شارستانییەتی ئاشوورییە و بەڕێزتان دەزانن، داعش دەستی بەسەر مۆزەخانە و چەندین شوێنەواری مێژووییدا گرت. دەستیکرد بە شێواندن، شکاندن، تێکدان و لەناوبردنی ئەم شارستانییەتە دێرینانە کە واتای زۆر قووڵ لەخۆدەگرێت. بەشێکیان لە بازاڕە رەشەکاندا فرۆشران و بە قاچاخ فرۆشرانە چەندین وڵات. مافیا و بازرگانەکانی ئاسەوار بازاڕەکانیان دووجار گەشایەوە. جاری یەکەم لە 2003 و جاری دووەمیش لە 2014 بوو. تەنانەت خودی داعشییەکانیش دەستیان بە فرۆشتنیان کرد. بەشێکیان تێکشکاند کە زۆربەیان کۆپیکراوەکان بوون، بەڵام لە راستیدا ئاسەوارە رەسەنەکانیان فرۆشت بەتایبەتی زۆر گرانبەهاکانیان فرۆشت. لە راستیدا چەند لایەنێکی پەیوەندیداری نێودەوڵەتیی بۆ دزین و بە تاڵانبردنیان لەسەر هێڵ بوون. لە راستیدا هەوڵەکانی وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارە مێژووییەکان، لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و زۆربەی وەزارەتەکانی دیکەش پشتیان بە بەگرتنەبەری گەڕاندنەوەی ئاسەوارە مێژووییەکانی عێراق بەست بەهۆی ئەوەی مافێکی گرنگی مرۆڤە و دەبوو بگەڕێندرایەوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، وڵاتانی دۆست و وڵاتانی دیکەش هاوسۆز بوون لەگەڵ عێراق و لە رووی مرۆییەوە هاوکارمان بوون بۆ گەڕاندنەوەی زۆربەی ئاسەوارە دزراوەکان. دەتوانم بڵێم زۆربەیانمان گەڕاندەوە. 
 
رووداو: ژمارەی ئەو ئاسەوار و تاشەبەردانە چەندن کە گەڕێندراونەتەوە عێراق؟ 
 
بەدرانی: ناتوانم ئامارێکی دروستت پێبدەم؛ چەند ئاسەوار دزراوە و چەندی دیکەش گەڕێندراونەتەوە. هەر ئەوەندە دەڵێم، زۆربەی شوێنەوارە مێژووییەکان گەڕێندرانەوە. با ئەوەش بڵێم، هەوڵەکانمان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بەشەی ماونەتەوە، بەردەوامە. هاوکات هەوڵەکانی بەرێز دکتۆر ئەحمەد فەکاک، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارە مێژووییەکان زۆر مایەی بایەخ بوو. لە ماوەی رابردوودا چەندین سەردانی زۆر گرنگی بۆ واشنتن، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، سویسرا کرد. لە هەر سەردانێکیدا چەندین ئاسەواری مێژوویی گەڕاندووەتەوە. فەخامەتی سەرۆککۆمار، ئەویش چەندین پارچە ئاسەواری مێژوویی گەڕاندەوە. بەهەمان شێوە بەڕێز وەزیری دەرەوە ئەویش رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە گەڕاندنەوەی بەشێک لەم ئاسەوارانە. ئیدی دەوڵەتی عێراق بە هەموو ئۆرگان و جومگەکانییەوە هەوڵەکانیان خستەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی ئەو میراسە دێرینەی عێراق. 
 
رووداو: ناوی چەندین وڵاتتان هێنا. هیچ پەیوەندیی و هاوئاهەنگییەکتان لەگەڵ تورکیا و ئێران هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسەوارە دزراوەکانی عێراق؟ 
 
بەدرانی: لە راستیدا تورکیا و ئێران رۆڵیان لە دزین و بەقاچاخبردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی عێراق نەبووە. ئاسەوارەکان بۆ وڵاتانی ئەورووپی رفێندران، بەهۆی ئەوەی مافیا و بازرگانە بەهێزەکانی ئاسەوارەکان لە ئەورووپا و وڵاتانی رۆژئاوادان. ئیدی ئاسەوارەکانمان بۆ ئەم وڵاتانە رفێندران. بەشێکیان لە وڵاتانی عەرەبی دۆزرانەوە، لەوانە لوبنان، ئوردن و تەنانەت سووریاش بە تورکیا و ئێرانیشەوە توانیمان هەندێک لە ئاسەوارەکانی ئەوێ بگەڕێنینەوە، بەڵام ژمارەکانیان زۆر کەمبوون. ژمارەکان بە ئەندازەیەک کەمبوون، بەراورد بەو ژمارە زۆر گەورانەی لە ئەورووپا و رۆژئاوادا هەبوون، باس ناکرێت. 
 
رووداو: وەزارەتەکەتان هیچ پلانێکی هەیە بۆ رووپێوی نوێی شوێنەوارە مێژووییەکانی عێراق؟ 
 
د. فازڵ بەدرانی: با بەمشێوەیە پێت بڵێم، یونیسکۆ قسەیەکیان هەیە دەڵێت 'نابێت تەنانەت فیشەکێکیش لە وڵاتی نێوان دوو رووبارەکەدا بتەقێندرێت'. چونکە بە دڵنیاییەوە زیان بە شوێنەوارێکی مێژوویی دەگەیێندرێت. کەواتە روو لە هەر کوێ بکەیت و بچیتە هەر شوێنێک، شوێنەوارە مێژووییەکان و ئاسەوارەکانی لە هەموو شوێنێکدا هەیە و بەدی دەکرێت. ئەم جوگرافیا عێراقییە لە هەولێر و سلێمانی تا دەگاتە بەسرە و لە ئەنبارە بۆ دیالە و کوت، هەموویان شوێنەواری مێژوویی گرنگیان هەیە. شوێنەوارەکان لە هەموو ناوچەیەکدا بەدی دەکرێن. هەروەها پرۆسەی هەڵکەندن بۆ دۆزینەوەیان و دەرهێنانیان بەردەوامە. بەڵام جەنگ و ئەو نەهامەتییانەی عێراق پێیدا تێپەڕی، پرۆسەکەی پەکخست. بەڵام لە وەڵامی پرسیاری بەڕێزتان ئەوە دەڵێم، نزیکەی 18 هەزار شوێنەواری مێژووییمان هەن لە عێراق. 
 
رووداو: 18 هەزار شوێنەواری مێژوویی؟
 
د. فازڵ بەدرانی: لە عێراق. هەروەها ئەوانەی دۆزراونەتەوە و بەردەستن، هێشتا ناگاتە 8٪ی کۆی شوێنەوارەکان. 
 
رووداو: رووپێوکردن لەم شوێنانە باستان کرد بەردەوامن؟ 
 
بەدرانی: بەڵێ، ئێستا تیمەکانی هەڵکەندن بۆ دۆزینەوەی شوێنەوارە مێژووییەکان لە عێراق زۆر چالاکن. بەتایبەتی دوای ئەوەی دۆخی جەنگ و ناکۆکییەکان هێوربوونەوە کە لە هەموو روویەکەوە گورزیان لە عێراق دەدا. ئێستا تیمەکانی ئیتاڵی، بەریتانی، ئەڵمانی، ئەمریکی، فەرەنسی زۆر چالاکانە درێژە بە کارەکانیان دەدەن. بەڵام دەمەوێ ئەوە بڵێم، سەرباری ئەم هەموو چالاکییە زۆر کارایانە، بەڵام لە ئاست چاوەڕوانییەکانی وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارە مێژووییەکانی عێراق نییە. هەرچەندە ئارامی و سەقامگیری باڵی بەسەر وڵاتدا دەکێشێت، هێندەی دیکە ئەرک و چالاکییەکانمان روو لە هەڵکشان دەکەن. پرۆسەی هەڵکەندنیش زۆرتر دەبن. هەروەها شاندە نێودەوڵەتییەکان چاویان لە دۆخێکی ئارام و سەقامگیرە بۆ ئەوەی درێژە بە کاروچالاکییەکانیان بدەن. ئەوان بەدوای ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیردا دەگەڕێن. هەر دۆخێکی نەخوازراو بێتە پێش بەتایبەتی رووداوی ئەمنی، شاندەکە دەسبەجێ دەکشێتەوە. سوپاس بۆ خوا دۆخەکە لەم چەند ساڵەی رابردوودا زۆر ئارامە و تیمەکان بەردەوام کار دەکەن. 
 
رووداو: د. فازڵ، با لەبارەی ئەشکەوتی شانەدەرەوە پرسیارێکت ئاراستە بکەم. هیچ پلانێکتان هەیە بۆ بایەخدان بەم ئەشکەوتە؟ 
 
بەدرانی: ئەم ئەشکەوتە و ئەشکەوتی هاوشێوەی ئەمەش لە رێگەی بودجەی دارایی دەوڵەتی عێراق کە لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆمان خەرج دەکرێت، دەست بە کاروچالاکییەکانمان دەکەین. پلانێکی ئامادەکراومان هەیە بۆ نۆژەنکردنەوەی. دەمەوێ شتێکی دیکەش بە بەڕێزتان بڵێم، تێگەیشتن و ستراتیژییەتی وەزارەتەکەمان لەم بارەیەوە. یاخود بڵێین، بە گشتیی فەلسەفەی فەرمانڕەوایی لە عێراق چیدی نایەوێت لە پرسی داهاتدا تەنیا پشت بە سەرچاوەی نەوت ببەستێت. رەنگە لە پاڵ سەرچاوەی نەوت و گاز، روو لە وزەی نوێبوو و تیشکی خۆر بکەین. مافی خۆمانە بەدوای ئەلتەرناتیڤەکاندا بگەڕێین، ئەوانەی پەیوەندییان بە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتە. ئێمە خاوەنی شوێنەوار و ئاسەواری مێژوویی و کەلەپووری گەلی عێراقین کە لە هیچ وڵاتێکی جیهاندا نییە. هەر بۆیە پلانێکمان هەیە و پێویستی بە پارەدارکردنی هەیە. هەر لە نوێکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە مێژووییەکانەوە بگرە تاوەکو دەگاتە ئەو ئەشکەوتانەی بەڕێزتان ئاماژەتان پێدا. بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بیکەینە سەرچاوەیەکی گرنگی گەشتوگوزار. 
 
رووداو: بەپێی پلانەکانتان، کەی ئەشکەوتی شانەدەر نۆژەن و ئامادە دەکرێت؟ 
 
بەدرانی: دەرفەتم پێ بدە بۆ ئەوەی زیاتر ورد ببمەوە. ئێستا بە گەیشتنی بودجە، هەندێک کاری لەپێشینەمان هەیە، بەدڵنیاییەوە سەرەتا بەوانەوە دەستپێدەکەین. پلانەکە رەنگە لە 2025ـەوە جێبەجێ بکرێت. 
 
رووداو: ئەشکەوتی شانەدەر لە لیستی کارە لەپێشینەکانتاندایە؟ 
 
بەدرانی: لە چوارچێوەی کارە لەپێشینەکانی وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارە مێژووییەکانی عێراقە. هەروەها بەردەوام لە کۆبوونەوەکانی وەزارەت و دەستەی تایبەتی بەرنامەکان دەبێتە رۆژەڤ. هاوکات بایەخدان بەم ئەشکەوتە لە چوارچێوەی کارە لەپێشینەکانی خودی بەڕێز وەزیری رۆشنبیری و سەرۆکوەزیرانیشە. بەڕێز سەرۆکوەزیران زۆر بایەخ بە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی عێراق دەدات بەتایبەتی بەهێزکردنی ئابووری گەشتوگوزاری لە رێگەی گەشتوگوزاری گشتیی و گەشتوگوزاری شوێنەوارە مێژووییەکانەوە.  
 
رووداو: هەموو کاتێک وەزارەتی رۆشنبیری لە عێراق بایەخی بە زمان دەدا بەتایبەتی زمانی کورد و چاپەمەنی و وەشاندنی کوردی؟ بۆچی ئەم بایەخە کاڵ بووەتەوە؟ 
 
بەدرانی: بۆ زمانی کوردی، بەپێچەوانەوە. بە راشکاوی دەڵێم، زمانی کوردی گەشەیسەندووە و لە دۆخێکی باشدایە. هەر زمانێک لە جیهان بەندە بە ژمارەی قسەکەرانی و بەکارهێنان و ئاستی وەشانەکانی. ئەو گونجاندنەی لەنێوان پارێزگاکانی رۆژئاوا و باشوور هەر لە هەولێرەوە بگرە تا سلێمانی و لە ناوچە کوردنشینەکانی دیکەشدا خۆگونجاندنێکی زۆر نایاب و ئاوێتەبوونی زۆر باش هەیە. لەسەر ئاستی نووسراوە فەرمییەکانی دەوڵەت لە سەرجەم دامەزراوەکاندا زمانی کوردی بەدی دەکرێت. لەسەر ئاستی سێ سەرۆکایەتییەکە و ئاستی زۆر باڵادا بە زمانی کوردی نووسراو هەیە. بۆیە هەر کەسێک چاو بە نووسراوەکان بخشێنیت، زمانی کوردی دەبینێت. بڵاوبوونەوەی فراوانیی زمانی کوردی لەسەر ئاستی فەرمی وایکردووە، لەسەر ئاستی فەرمی وشە بە وشە تا دەگاتە رستە بە شێوەیەکی باش تێگەیشتنی بۆ کراوە. دوێنێ کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیی لە هەولێر هەبوو. کۆنگرەکە بە زمانی کوردی بەڕێوەچوو، هەرچەندە من زمانی کوردی نازانم، بەڵام لە کۆی باس و خواسەکاندا تێگەیشتم کە چ دەگوزەرێت. ئەمە لە کاتێکدایە چەند ساڵێک پێش ئێستا هیچ ئاشناییەکام لەبارەی زمانی کوردییەوە نەبوو. بەڵام ئەم خۆگونجاندن و کۆک بوونەی کۆمەڵگەکان، رێگەی خۆشکرد بە گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی زیاتری زمانی کوردی. وەزارەتی رۆشنبیری کە لایەنی فەرمیی پەیوەندیدارە بە کولتوور و کەلەپووری عێراق بە زمانە خۆماڵی و نێوخۆییەکانەوە بەتایبەتی زمانە خۆماڵییە زیندووەکان بە عەرەبی، کوردی، تورکمانی جێی بایەخی وەزارەتی رۆشنبیرییە. 
 
رووداو: تا چەند بایەخ بە زمانەکانی سریانی و تورکمانی دەدەن؟ 
 
بەدرانی: بۆ زمانی تورکمانی لە ئاستێکی باشە. وەک گوتم، بڵاوبوونەوە و گەشەپێدانی زمان بەندە بە ژمارەی زۆری قسەکەران و گۆتیارانی و بەکارهێنانیان. لەبارەی زمانی سریانیشەوە لە راستیدا بەهۆی کۆچی برایانی کریستیان، زۆر بە داخەوە ژمارەیان رووی لە داکشانی زۆر کرد. 
 
خەمبارین کریستیانەکان وڵاتیان جێهێشت و کۆچیان کرد. ئێمە لە وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری مێژوویی بایەخی زۆر بە بابەتی فرەچەشنی کولتووری دەدەین. ئێستا بایەخێکی زۆر بەو بەشانە دەدەین و دەتوانم بڵێم چالاکییەکانی بەردەوامن. لە بەشێکی چالاکییەکاندا پەیوەندیی بە زمان و زیندووکردنەوەیان هەیە. بابەتی زمان بۆ وەزارەتەکەمان بایەخێکی چارەنووسسازە. زمانی تورکمانی تا رادەیەک باشە و بایەخی خۆی هەیە و گەیشتووەتە ئاستی چەند رەهەندییەوە، بەڵام هەرچەندە قسەکەری کەم ببێتەوە، بایەخەکەشی کەم دەبیتەوە. تەنانەت سستی بڵاوبوونەوە و فراوانبوونی کاریگەری دەخاتە سەر خودی زمانەکە. 
 
رووداو: هەرێمی کوردستان خاوەنی چەندین شوێنەواری مێژووییە. پلانتان چییە بۆ راکێشانی سەرنجی زۆرترین گەشتیاری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان؟
 
بەدرانی: لە وەزارەتی رۆشنبیری فیدرالیدا هاوئاهەنگی باڵامان لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان هەیە. بەمدواییە لەگەڵ بەرێز سەرۆکی دەستەکە پێکەوە وۆرکشۆپێکمان لە هەولێر هەبوو. تێیدا بەڕێز وەزیری رۆشنبیری هەرێمی کوردستانیش ئامادەی ببوو. پەیوەندییمان لەگەڵیان زۆر باشە و کاری باش ئەنجام دەدەین.  ئاستی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە چەند ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە. لەوێ گەشتوگوزاری خۆماڵی هەیە لەنێو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. هەروەها گەشتوگوزاری خۆماڵی نیشتمانیی هەیە کە گەشتیارانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق پێکدەهێنن. هەروەها گەشتوگوزاری دەرەکیشی هەیە کە ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر گەورە پێکدەهێنن. 
 
رووداو: ژمارەکەی چەندە؟ 
 
بەدرانی: ناتوانم ژمارەیەکی دروستت پێبدەم. بەڵام دەتوانم بڵێم سەتان هەزارن. 
 
رووداو: بە نزیکی؟ 
 
بەدرانی: سەتان هەزار، سەتان هەزارن. لە راستیدا ئێستا ژمارەکەیم لەیاد نەماوە، بەڵام سەتان هەزارە. ئەوەم دێتەوە یاد، تەنیا لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە ئەمساڵ واتا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی 400 هەزار گەشتیاری بیانی هێناوەتە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق. ئەمە ژمارەیەکی زۆر گەورەیە. 
 
رووداو: بیانی بوون؟
 
بەدرانی: بەڵێ عەرەبی و بیانی. مەبەست لە گەشتیاری دەرەوەی عێراقن، ئەوانەی بە ڤیزە دێنە نێو خاکی عێراق. ئەمە لە چوارچێوەی گەشتوگوزاری دەرەکی هەژمار دەکرێن. 
 
رووداو: زیاتر روویان بۆ چ ناوچەیەک کرد؟ 
 
بەدرانی: بەدڵنیاییەوە هەولێر و سلێمانی و هۆڕەکان و شوێنەواری ئوڕ لە ناسڕیە و لە هەندێک ناوچەی بەغدا. بەدڵنیاییەوە بەشێک لە گەشتیارەکان بۆ بەسەربردنی کاتی خۆش و بەشێکی دیکەشیان بەشدارییان لە کۆنگرەکان دەکرد. هاوکات هەر ئەمانە سەردانی شوێنەوارە مێژووییەکانیش دەکرد. 
 
رووداو: دەمەوێ پرسیاری کۆتاییم لەبارەی بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام" بێت. لە 14 وڵاتی عەرەبی بە عێراقەوە نمایش دەکرێت. هەڵکەوت مستەفا دەرهێنەری ئەم بەڵگەفیلمەیە و بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە وەزارەتی رۆشنبیری عێراق کرد بۆ پێدانی رەزامەندی نمایشکردنی بەڵگەفیلمەکە لە هۆڵەکانی سینەمای بەغدا. وەڵامتان چی بوو؟ 
 
بەدرانی: دەستمان کراوەیە و سەبارەت بە خودی خۆمەوە، لە بەرامبەر تۆ و جەماوەریشەوە دەیڵێم، رۆژی یەکشەممە لە نووسینگەی تایبەتی خۆم لە بەغدا پێشوازی لێدەکەم. نامەوێ بەرگری لە بەڕێز وەزیری رۆشنبیری بکەم، بەڵام نووسینگەی بەڕێزیان بەردەوام بە هونەرمەند، هونەردۆستان، رووناکبیران، رۆشنبیران، نووسەران و ئەکادەمییەکان کراوەیە و قەرەباڵخە. هەر فیلمێک تیشک بخاتە سەر چالاکیی رۆشنگەری عێراقی و یادگەی عێراقی، وەزارەتی رۆشنبیری بەردەوام دەرگەی کراوەیە و پێشوازی لێدەکات. هەمیشە جەخت لەوە دەکەینەوە کە عێراق وڵاتی شارستانییەکانە.
 
شارستانیش واتە رۆشنگەری. ئەرکی سەرشانی ئێمەیە بایەخ بە گەشەپێدانی کولتوور و رۆشنبیری عێراق بدەین لە رێگەی بایەخدان بە فیلم و دراما جیاوازەکان و هەموو بوارەکانی دیکەی هونەر تا دەگاتە ئاواز و موزیکیشەوە. بە راشکاوی دەیڵێم، هۆڵەکانی سینەما، بۆنەکان و رێوڕەسمەکان هەمیشە قەرەباڵخ و جەنجاڵن بە چالاکییە هونەرییە زۆر نایاب و جیاوازەکانەوە. ئەمساڵ لە رووی چالاکییە هونەرییەکانەوە زۆر بەپێزن. 
 
رووداو: لە وەڵامەکەتان تێگەیشتووم کە هیچ لاریتان نییە لە نمایشکردنی بەڵگەفیلمەکە لە هۆڵەکانی سینەما؟ 
 
بەدرانی: بەدڵنیاییەوە لاریمان نییە و لە نووسینگەکەم چاوەڕێی خاوەن پرۆژەکە دەکەم. 
 
رووداو: کەواتە مۆڵەتی نمایشکردن بە دەرهێنەرەکە دەدەن؟ 
 
بەدرانی: لە رێگەی بەڕێزتانەوە دەڵێم، با بفەرموێت سەردانم بکات و پێشوازی لێدەکەم. 
 
رووداو: زۆر سوپاس جەنابی دکتۆر فازل بەدرانی، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارە مێژووییەکان بۆ ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ رووداو.
 
بەدرانی: بۆ زانیاریتان
 
رووداو: فەرموو
 
بەدرانی: هەر سیناریۆیەک پێشکێشی وەزارەت بکرێت، مۆڵەتی پێ دەدرێت. ئەم مۆڵەتە دەرفەتێکە بۆ پاراستنی فرەچەشنی کولتوور و نەشێواندنی هەر چالاکییەکی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی عێراقی. هەروەها نەسەپاندنی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکە بەو مەرجەی دنەدانی سیاسی بەدواوە نەبێت و یاخود کاریگەری بەسەر هەست و سۆزی پێکهاتەیەک نەبێت. هەر کاتێک سیناریۆکان پێشکێشی وەزارەتی رۆشنبیری دەکرێت، ئاراستەی لیژنەی پسپۆڕ دەکرێت. ئەم لیژنانە بەرپرسیارن و کارەکانیان زۆر بەبێ لایەنی و سەربەخۆییەوە ئەنجام دەدەن. بەرهەمی بەسرە و ئەنبار و موسڵ بەسەر بەرهەمی هەولێر نەجەف ناسەپێندرێت ئێمە زۆر مکوڕی لە بێلایەنی ئەم بابەتانە دەکەین. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە