رووداو دیجیتاڵ
فوئاد حوسێن، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراقەوە بە رووداوی راگەیاند "رێککەوتن لەسەر بڕگەی حەوتەمی مادەی 14ـی پڕۆژەیاسای بودجە کراوە".
ئەو بڕگەیەی د. فوئاد حوسێن باسی کرد و گوتی رێککەوتنی لەبارەیەوە کراوە، بڕگەی 7ـی مادەی 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقە، کە دەڵێ "ئەگەر کێشە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دروستبوو و لەماوەی 30 رۆژدا چارەسەر نەکرا، لیژنەیەک پێکدەهێندرێت و لیژنەکە راپۆرت دەداتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەو بڕیاری لێدەدات".
بڕیاربوو سێیەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، کاژێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بکرێت، هەرچەندە زەنگی چوونەژوورەوەی پەرلەمانتارانیش لێدرا، بەڵام هەتاوەکو ئێستا کۆبوونەوە دەستی پێنەکردووە و دواخراوە تاوەکو ژمارەی یاسایی ئامادەبووان تەواو دەبێت.
ڤیان سەبری بۆ رووداو: بڕوام وایە هەر ئەو دەقە دەنگی لەسەر دەدرێت
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیان "دوێنێ ئەو رێککەوتنە کرا کە ماددەی 14ـی پڕۆژەیاسای بودجە بکرێتە حەوت مادە، لە دوا بڕگەدا نووسرا، ئەگەر ناکۆکییەک لەنێوان هەردوو حکومەت (حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی) هەبێت، لیژنەیەک پێکبێت لە هەردوولا و راپۆرت و راسپاردەی خۆیان بۆ سەرۆکی حکومەتی فیدراڵی بنووسن و، دوایی ئەو بڕیارێکی گونجاو بدات".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی زیاتر روونکردنەوەی دا و گوتی "بەڵام ئەوان کە هاتنە دانیشتنی پەرلەمان (کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمان لەبارەی بودجە)، لەو بڕگەیە پاشگەزبوونەوە و دەیانویست بنووسن؛ ئەگەر ناکۆکییەک هەبوو، ماوەیەک بدەن کە 15 رۆژ بێت و دوای ئەوە پارەدارکردنی هەرێمی کوردستان ببڕن!".
ڤیان سەبری جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئێستا ئێمە رێککەوتووین، کە ئەو بڕگەیەی مادەی چواردەیەم، بەتایبەتی ئەو بڕگەیە دەبێت نەمێنێت و بگەڕێینەوە سەر ئەو نووسراوەی پێشتر لەسەری رێککەوتین، کە دەڵێ؛ لیژنەیەک لە ماوەی مانگێکدا پێکبهێنرێت و دواتر بڕیاری خۆی بنووسێت، بڕواشم وایە هەر ئەو دەقە جێبەجێ دەکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ