سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەی پەدەکەسە: ئه‌وانه‌ی ده‌بنه كۆسپ له‌به‌رده‌م ده‌ستكه‌وته‌كان، باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن
رووداو دیجیتاڵ
سه‌رۆك بارزانی به‌شداری له كۆنگره‌ی 12ـی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) کرد و رایگەیاند "رێگه‌ی تێكۆشانی گه‌ل، دوورودرێژە و ئه‌وانه‌ی ده‌بنه كۆسپ لەبهردهم ده‌ستكه‌وته‌كان، باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن".
به به‌شداریی سه‌رۆك بارزانی، ئەمڕۆ (شه‌ممه، 10ـی حوزەیرانی 2023) له شاری هه‌ولێر دوازده‌یه‌مین كۆنگره‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) ده‌ستیپێكرد.
سه‌رۆك بارزانی له گوتارێکدا لە کۆنگرەکە رایگه‌یاند، "هیوادارم كۆنگره‌كه‌تان سه‌ركه‌وتوو بێت و له ئاستی داواكاریی جهماوەرەکەتاندا بێت".
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی "رۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریای له شۆڕشه‌كانی ئهیلوول و گوڵان به‌رز نرخاندووە و پێزانینی بۆ هه‌وڵ و تێكۆشانی له‌شكری رۆژ له شه‌ڕی دژی تیرۆرستانی داعش هه‌بوو، كه به ده‌یان شه‌هیدیان پێشكێشی نیشتمان كرد".
سەرۆک بارزانی گوتوویەتی: سوپاسی ئێوه و هه‌موو ئه‌و تێكۆشه‌رانه ده‌كه‌م، كه له رابردوو و ئێستادا رۆڵی گرنگتان له بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی گه‌له‌كه‌ماندا بینیوە. لێره‌وه سڵاو بۆ جه‌ماوه‌ره خۆڕاگرهكهتان ده‌نێرم. سڵاو بۆ ئه‌وانه‌ی ئاواره‌ی وڵاتان بوون و ئه‌وانه‌ی لێره له ماڵی خۆیاندان. هیوادارم بارودۆخێك دروستببێت بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه زێدی باب و باپیران و به‌یه‌كگرتوویی رووبه‌ڕووی ته‌حه‌دیاته‌كان ببنه‌وه، داوا دەکەم دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانیتان زیاتر پته‌و بكه‌ن. له سه‌ره‌تای رووداوه‌كانی سووریا له ساڵی 2011ـه‌وه به به‌رده‌وامی پشتیوانتان بووین بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كڕیز و ته‌با و یه‌كڕه‌نگ بن و هه‌ر بڕیارێك پێتان باش بوو، بیده‌ن".
سەرۆک بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "ئێمه پشتیوانتان بووین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان سێ كۆنگره (دوو له هه‌ولێر و یه‌ك له دهۆك) ببه‌ستن بۆ خه‌بات و پێكه‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵام به‌داخه‌وه كۆسپ دروستكرا، بێگومان رێگه‌ی تێكۆشانی گه‌ل دوورودرێژە و، ئه‌وانه‌ی ده‌بنه كۆسپ له‌به‌رده‌م ده‌ستكه‌وته‌كان، باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن".
سه‌رۆك بارزانی له گوتاره‌كه‌یدا دووپاتی كرده‌وه، ئێمه هه‌رده‌م پشتیوانی ئێوه‌ین له‌پێناو خه‌باتێكی راسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كه خزمه‌ت به دۆزی ره‌وای گه‌لی كورد بكات له سووریا.
پەدەکەسە لە ساڵی 1957 وەکو یەکەمین پارتی کوردستانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دامەزراوە.
نزیکەی 200 ئەندام کە 49ـیان ئەندامی سەرکردایەتیی پارتەکەن، لە کۆنگرەکەدا بەشدارن کە سەر بە هەرێمەکانی جزیرێ، کۆبانێ و عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، هەروەها شارەکانی دیمەشق و حەلەبی سووریا بوون. هەروەها نوێنەری پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان، باکووری کوردستان و ئەوروپاش لە کۆنگرەکەدا بەشدارن.
دوایین کۆنگرەی پەدەکەسە لە نیسانی 2014 لە هەولێر بەسترا.