قایمقامی هەولێر: نێرگەلە لە باخچە و پارکەکان ناهێڵین

رووداو دیجیتاڵ
 
قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر رایگەیاند بەشێک لە پارک و باخچە و دوورگەکانی سەوزایی شارەکە لە شێوەی کافتریایان لێکراوە و بەشێک لەگەنجان کردوویانە شوێنی نێرگەلەکێشان، دەشڵێت ماوەی دوو مانگە هەڵمەتێکیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو نێرگەلانە دەستیپێکردووە.
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەیەکە بەشێک لە باخچە و پارک و دوورگەکانی سەوزایی لە شاری هەولێر لەلایەن بەشێک لە گەنجان کراونەتە شوێنی نێرگەلەکێشان و بۆ ئەو مەبەستە دوو مانگ دەبێت هەڵمەتی هەڵگرتنەوەی ئەو نێرگەلانەمان دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەسەدان نێرگەلە دەستیان بەسەرداگیراوە".
 
نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی بەوەدا نێرگەلەکێشان لەو شوێنانە چەندین زیانی هەیە، لەوانە زیانی بۆ دارو درەخت و باخچەکان هەیە و بەهۆی ئاگرەوە مەترسی هەیە دارەکان و ئەو شوێنانە بسووتێن، هەروەها ئەو شوێنانە بەهۆی نێرگەلەکێشانەوە بووەتە هۆی ئەوەی خێزانەکان رووی تێنەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی لەو شوێنانە دادەنیشن بەتایبەت لەناوەڕاستی شەقامەکاندا ئەگەری هەیە بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست ببێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ی حوزەیرانی 2021،  قایمقامییەتی قەزی ناوەندیی هەولێر رایگەیاند لە هەڵمەتێکیاندا لە پارک و باخچە و شوێنە گشتیەکان دوێنێ شەو دەستیان بەسەر 58 نێرگەلەدا گرتووە و هەڵمەتەکەشیان بەردەوام دەبێت.