لەسەر ئاگرەکەی دارستانی کەسنەزان پێنج کەس دەستگیرکراون

10-06-2020
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
دارستانی کەسنەزان
دارستانی کەسنەزان
نیشانەکردن دارستانی کەسنەزان
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 10 رۆژ بەسەر رووداوی سووتانی زیاتر لە هەشت هەزار داری دارستانی کەسنەزان، کە یەکێک لە گەورەترین ناوچەی سەوزایی دەستکردی پارێزگای هەولێرە، پێنج کەس دەستگیرکران.
 
لە وەرزی بەهاردا رۆژانە سەدان کەس سەردانی ئەم دارستانەیان دەکرد، دەستگیرکردنی ئەو پێنج کەسە لەسەر سێیەم ئاگرکەوتنەوەی ناوچەکەیە.
 
مفەوەز ئەرسەلان لە بنکەی پۆلیسی دارستانی دەشتی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چەند گەشتیارێکی عەرەب هاتوونەتە ئێرە و ماسییان سوورکردووەتەوە، بەو هۆیەشەوە ئاگرەکەیان لەدەست دەرچووە و ئەو رووداوە کەوتووەتەوە.
 
دانیشتوویەکی گوندی کانی شیلانە، نزیک شوێنی رووداوەکە، لەگەڵ چەند کەسێکی گوندەکەیان هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی دڵۆپە و دەوروبەری مۆنۆمێنتی شەهیدانیان داوە، نەبوونی ئاگربەند بە هۆکاری سووتاندنی دارستانەکە دەزانن.
 
رووبەرە سووتاوەکەی دارستانی کەسنەزان بە زیاتر لە 400 دۆنم دەخەمڵێندرێت، ئەو دار بەڕووانەش کە ئەمساڵ لێی چێندرابوون سووتاون.
 
چالاکوانێکی مەدەنی بەناوی بەختیار رەشید دەڵێ، 600 بۆ 700 ملیۆن دینار لە دارستانەکەدا خەرجکراوە، ئەمساڵ یەک تەن دار بەڕوو چێندراوە و ئەوانیش هەموویان سووتاون.
 
دارستانی کەسنەزان ساڵی 1998 و لەسەر رووبەری 840 دۆنم زەوی دروستکراوە، زیاتر لە 60 هەزار دار لەخۆدەگرێت کە زۆربەیان لە جۆری سنەوبەرن.
 
جگە لەم دارستانە، 22 دارستانی دیکەی دەستکرد لە سنووری پارێزگای هەولێر هەن، کە لەسەر رووبەری هەشت هەزار و 346دۆنم زەوی دروستکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە