دایكی سێ‌ رفێنەرەكەی كەسنەزان: کێشەمان لەگەڵ هیندییەكان لەسەر نامووس بوو نەك پارە

10-06-2019
تریسكە شێرزاد
نیشانەکردن ئاسایشی هەولێر
A+ A-

رووداو - هەولێر

دایكی ئەو سێ‌ برایەی كەسێكی هیندییان رفاندبوو، دەڵێت كێشەی ئەوان لەگەڵ برای هیندییەكە بووە كە بە گوتەی ئەو، سێ‌ ساڵە هاوژین و كوڕی یەكێك لە منداڵەكانی رفاندووە و ئامادە نییە منداڵەكەیان بۆ بگەڕێنێتەوە. بەڵام سێ‌ براكە لە ئیفادەیاندا بۆ پۆلیس دەڵێن ئەو كەسەیان بۆ پارە رفاندبوو.

رۆژی 2/6/2019 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دانپێدانانی گروپێكی سێ‌ كەسی بەناوەكانی (رێباز، نەبەز و عەبدولستار) بڵاوكردەوە، كە لەگەڵ زاواكەیان بەناوی ئەژین ، كەسێكی هیندیی دانیشتووی هەرێمی كوردستانیان بەناوی نسار ئەحمەد، رفاندبوو.

رفێنەرەكان كە دانیشتووی ناحیەی كەسنەزانی سەر بە شاری هەولێرن، لە ئیفادەیاندا بۆ پۆلیس دەڵێن ئەو كەسە لە شارۆچكەی عەنكاوە رێستورانتی هەبووە، بۆ پارە رفاندوویانە.

سێ‌ رۆژ لەلای خۆیان هێشتووەتەوە، دواتر لەگەڵ براكەی رێككەوتوون كە بە 50 هەزار دۆلار ئازادی بكەن، بەڵام بەر لەوەی پارەكە وەربگرن، لەلایەن هێزێكی ئاسایشەوە دەستگیركراون.

بەڵام وەك دایكی سێ‌ برایەكە دەڵێت، چیرۆكێكی دیكە لە پشت رفاندنی پیاوە هیندییەكە هەیە كە بۆ سێ‌ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

كاتێك لە مەمەخان عەبدوڵڵای دایكی رێباز و عەبدولستار و نەبەز دەپرسی، منداڵەكانت بۆ ئەو پیاوەیان رفاند؟ دەستەكانی دەلەرزن و دەڵێت: "كوڕەكانم ئەو پیاوەیان بۆ پارە نەڕفاند، ئەوان تاوەكو ئێستا دینارێكی حەرام نەهاتووەتە گیرفانیان، كێشەكە لەسەر نامووسە نەك پارە، بەڵام لە ئیفادەكەیاندا باسی ئەوەیان نەكردووە".

بەگوێرەی دانپێدانانی خۆیان، رێباز تەلەفۆن بۆ ئەمیری برای نسار دەكات و هەڕەشەی كوشتنی براكەی لێدەكات. مەمەخان دەڵێت رێباز سێ‌ ساڵە كێشەی لەگەڵ ئەمیر هەیە. 

باسی كێشەكەیان دەكات و دەڵێت: "رێباز لەگەڵ ئامۆزایەكی خۆی بەناوی (ئیمان.ع) هاوسەرگیری كرد كە لە ئەوروپا گەورە بووە، خاوەنی منداڵێك بوون كە تەمەنی 6 ساڵ بوو. ئیمان چەند زمانێكی دەزانی، لە رێستورانتەكەی ئەمیر كاری دەكرد".

وەك مەمەخان باسی كرد، سێ‌ ساڵ لەمەوبەر لە مانگی رەمەزاندا، ئیمان پێیگوتووە بەیانی كوڕەكەی لەگەڵ خۆی دەبات بۆ سەر كار، دوای تەواوبوونی كارەكەی، دەیباتە بازاڕ و جلی جەژنی بۆ دەكڕێ. ئیدی لەو رۆژەوە خۆی و كوڕەكەی نەگەڕاونەتەوە لای رێباز.

مەمەخان دەڵێت: "سەرەتا شوێن نەما بەدوایدا نەگەڕێین، ئەمیر دەیگوت نازانم لە كوێیە، نامەیان بۆ رێباز دەنارد كە ژنەكەت مردووە. رێباز شتێكی دەزانی، بەڵام لە ئێمەی دەشاردەوە. تا رۆژێك گوتی: دایكە ژنەكەم تەلەفۆنی بۆ كردووم و دەڵێت نەخۆشم و لە هیندستانم. ئێمەش باوەڕمان كرد، چونكە پێشتر چەند جارێك بە مەبەستی چارەسەر بردبوومان بۆ هیندستان".

بەگوتەی مەمەخان، كوڕەكەی هەر لە سەرەتاوە زانیویەتی كە هاوژینەكەی لەگەڵ ئەمیر رۆیشتووە: "بەڵام بۆ ئەوەی نامووسی نەچێ‌، لە ئێمەی دەشاردەوە، تا رۆژێك گوتی ژنەكەم و كوڕەكەم رفێنراون و داوا دەكەن بەدوایاندا بچم". 

گوتیشی: "كوڕەكەم پۆلیسی هاتوچۆ بوو، وازی لە كارەكەی هێنا. زیاتر لە 20 هەزار دۆلاری خەرج كرد بۆ ئەوەی بگاتە لای ژن و منداڵەكەی، بەڵام نەیتوانی".

وەك خەسووی باسی دەكات، ژنەكەی رێباز شەش مانگی یەكەم زوو زوو وێنەی خۆی و منداڵەكەی بۆ رێباز دەنارد و داوای دەكرد لە دەست ئەمیر رزگاری بكەن، بەڵام دواتر وێنەی خۆی دەنارد لە باوەشی ئەمیردا بوو، بۆیان دەردەكەوێ‌ كە بووكەكەیان نەڕفێنراوە، بەڵكو بە خواستی خۆی لەگەڵ ئەمیر رۆیشتووە. مەمەخان دەڵێت: "كاتێك رێباز وێنەكانی بینی، چەند جارێك هەوڵی خۆكوشتنی دا، خۆم زیاتر لە جارێك چەقۆم لە دەستی دەرهێناوە".

هەموو هەوڵی رێباز ئەوە بووە كە كوڕەكەی وەربگرێتەوە، بەڵام دایكی دەڵێت ئەوان لەبەرامبەر گەڕاندنەوەی كوڕەكەی مەرجیان هەبووە "ئەوان داوایان لە رێباز كرد بچێتە توركیا، منداڵەكەی بدەنەوە، بەڵام نەمانهێشت، دەترساین بیكوژن. پاشان رێباز گوتی تەڵاقنامەی ژنەكەتان بۆ دەنێرم، بەس منداڵەكەم بدەنەوە، بەڵام ئەوان رازی نەبوون و گوتیان تەڵاقنامەكە بنێرە 100 هەزار دۆلارت بۆ دەنێرین". 

مەمەخان دەشڵێت: "حەوت مانگ لەمەوبەر لە بنكەی پۆلیسی عەنكاوا سكاڵامان لەسەر ئەمیر تۆماركرد، بەڵام  هیچمان دەستنەكەوت". بەڵام پۆلیسی عەنكاوا دەڵێت ئاگاداری ئەو سكاڵایە نین.
 
رفاندنی نسار

بۆچی نساریان رفاند؟ مەمەخان دەڵێت: "رێباز لە ژیانی خۆی تەواو بێزار بووبوو، چووبوو برای ئەمیری بردبوو. رۆژێك لە شوێنێكیان دانابوو، رۆژی دواتر هێنایانەوە ماڵەوە. كاتێك بینیم گوتم كوڕم ئەوە چییە؟ گوتی: تەحەمولم نەما، من هیچم لەو پیاوە ناوێ‌، تەنیا دەمەوێ‌ كوڕەكەم بۆ بگەڕێنێتەوە. نسار دوو رۆژ لە ماڵی ئێمە بوو، لەگەڵ ئێمە نانی دەخوارد، بەهیچ شێوەیەك ئەشكەنجە نەدراوە".

مەمەخان رەتیكردەوە ئاسایش نساری لە دەست كوڕەكانی رزگار كردبێ‌ و دەڵێت: "بە رێبازم گوت ئەو پیاوە بەربدە، ئەویش بە قسەی كردم و ئازادی كرد".

سەبارەت بە تۆمارە دەنگییەكەی كە لەگەڵ دانپێدانانەكە بڵاوكرایەوە و رێباز داوای پارە لە ئەمیر دەكات، مەمەخان گوتی: "ئەو پارەیەی كوڕەكانم لە ڤیدیۆیەكە باسی دەكەن، ئەمیر خۆی گوتی ئەگەر تەڵاقنامە بنێری بۆت دەنێرم‌، نەك لەبەرامبەر ئازادكردنی نسار. ئەوان پارەیان نەدەویست، منداڵەكەیان دەویستەوە". 

گوتیشی: "ئێستا ئەمیر كوڕێكی لە ژنەكەی رێباز هەیە، بەبێ‌ ئەوەی ژنەكە تەڵاقدرابێ‌، منداڵەكەشیان خستووەتە سەر ناوی رێباز".

مەمەخان داوا دەكات لێكۆڵینەوەیەكی ورد لە كەیسی سێ‌ كوڕەكەیدا بكرێ‌ و راستی رووداوەكە ئاشكرا بكرێ‌.

سەرچاوەیەك لە راگەیاندنی ئاسایشی هەولێر سەبارەت بەو كەیسە بە (رووداو)ی گوت: "ئەمیر لە دەرەوەی  كوردستان ئێمەی لە رفاندنی برایەكەی ئاگادار كردەوە. ئێمەش رزگارمان كرد". 

ئەو سەرچاوەیە رەتیكردەوە رفاندنەكە لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتی بێ‌ "ئەو كەسانەی نساریان رفاندبوو، باسی ئەوەیان نەكردووە كە كێشەی نامووسیان لەگەڵ براكەی نساردا هەیە. ئەوان ئیعترافیان كردووە كە ئەو پیاوەیان بۆ پارە رفاندووە. ئێمە بە بەڵگەوە لەلامانە كە ئەوان داوای پارە دەكەن".

ئەو سەرچاوەیەی ئاسایش داوای لە كەسوكاری ئەو سێ‌ برایە كرد، ئەگەر كێشەی كۆمەڵایەتییان لەگەڵ ئەمیر هەیە دەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن و ئەوانیش دۆسیەكەیان بۆ دادگا بەرز دەكەنەوە. 

باوكی حاشای لێكردووە

(س.س) كە باوكی ئیمانە، لەدوای راپەڕینی بەهاری 1991ەوە كوردستانی جێهێشتووە و لە تاراوگە دەژی. سەبارەت بە چارەنووسی كچەكەی تەنیا ئەوەندەی گوت: "لەو رۆژەی كچەكەم لە ماڵەكەی دەرچووە و نەگەڕایەوە، زانیم لەگەڵ ئەمیرە، بۆیە حاشام لێكردووە و هیچی لەبارەوە نازانم".

ئەمیر بەدوای ئیماندا دەگەڕێ‌

ئەمیر ئەحمەد نكۆڵی لەوە ناكات كە پەیوەندی لەگەڵ ئیمان هەبووە و دەڵێت: "من سەرەتا لەگەڵ ئیمان بووم، بەڵام ماوەیەكە لەگەڵی نەماوم. ئەو ویستی بچێت بۆ ئەوروپا، بەڵام لە توركیا دەستگیر كرا و گەڕایەوە كوردستان. دووبارە رۆیشتەوە. ئەمجارەیان لە بولگاریا گیرا و تەلەفۆنی كرد و گوتی من دووگیانم لە تۆ، دەگەڕێمەوە كوردستان. كە گەڕایەوە چووە تەقتەق لەوێ خانووێكی بە كرێ‌ گرت، من كرێی خانووەكەم دەدا، مانگانەش 300 دۆلارم دەدایێ‌ بۆ خەرجی منداڵەكانی".

ئەمیر دەڵێت دوو مانگە ئاگای لە ئیمان نییە، چونكە خۆی ونكردووە، ئەویش بەدوایدا دەگەڕێ‌ "ئەو درۆی لەگەڵ كردم. من داوای مافی خۆم دەكەم، دەمەوێ‌ بزانم ئەو منداڵەی لە منە یان نا". ئەمیر نەیشاردەوە كە رێباز داوای ژنەكەی كردووەتەوە "من بە رێبازم گوت ژنەكەت لەلای من نییە، بەڵام ئەو براكەمی رفاند و داوای پارەی كرد، منیش ئاسایشم ئاگادار كردەوە".

ئەمیر باسی هۆكاری وازهێنانی ئیمان لە رێباز دەكات و دەڵێت: "رێباز لەگەڵ ئیمان خراپ بوو، زۆری لێ‌ دەدا، جارێك لووتی شكاندووە. هەروەها خیانەتی لێكردووە. بۆیە رێبازی جێهێشت. ئیمان داوای تەڵاقی لە رێباز كردبوو، بەڵام ئەو رازی نەبوو تەڵاقی بدات".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە