عارف قوربانی: هەڵەيه کار بۆ هەرێمی سەربەخۆی کەرکووک بکەين

رووداو- هەولێر

ماوەیەکە پرسی بە هەرێمبوونی سەربەخۆی کەرکووک بووەتە مژارێکی گەرمی و لایەنە سیاسییەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و شرۆڤەکارێکی سیاسیش ئاماژە بەوەدەکات، کورد هەڵە دەکات کار بۆ بە هەرێمبوونی کەرکووک بکات و لەسەر پێشنیازی کورد ئەو کارە بکرێت.

عارف قوربانی، رۆژنامەڤان و شرۆڤەکاری سیاسی، لەمیانی بەشداریکردنی لە نیوڕۆژی رووداو، لەبارەی پرسی بە هەرێمبوونی کەرکووک رایگەیاند، پرسی کەرکووک دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بۆیە کورد هەڵە دەکات ئەگەر بێتو پرسی بە هەرێمبوونی کەرکووک لەسەر دەست و پێشنیازی ئەو جێبەجێبکرێت، لەبەرئەوەی بە هەرێمبوونی کەرکووک پشتیوانی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە ئەوە کارێکی باش نییە بۆ کورد و پرسی کەرکووک.

رۆژنامەڤان  و شرۆڤەکارە سیاسییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی ئەگەر پشتیوانی بۆ بە هەرێمبوونی سەربەخۆی کەرکووک دەردەبڕن ئەوا لەبەر خاتری کورد نییە بەڵکو لەبەرژەوەندی خۆیانە، بۆیە ئێستا بارودۆخ گونجاوە بۆ ئەوەی کورد کار بۆ ئەوە بکات کەرکووک بخاتەوە سەر هەرێمی کوردستان نەک بیکاتە هەرێمێکی سەربەخۆ.

عارف قوربانی گوتیشی "لەدوای هاتنی داعش، کۆمەڵێک گۆڕانکاری و واقیعی تازە هاتوونەتە پێش کە بوونەتە ئەمری واقیع و ئەوەش بۆ کورد دەرفەتی باشی رەخساندووە بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکات و کەرکووک بگەڕێنێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، کە ئەوەیان باشترین بژاردەیە بۆ کورد و ئاییندەی کوردستان".

لەبارەی پرسی بە هەرێمبوونی کورد و زیانی بۆ کورد، عارف قوربانی دەڵێت "کەرکووک بۆ کورد پرسی خاک و نەتەوە و رەمزی کوردە، بۆیە ناکرێت بە تەنها وەک هەرێمێکی سەربەخۆ رازیبین، چونکە لەماوەی رابردوودا کورد خەباتی بۆ کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەگەر بەو سنوورە جوگرافیای ئێستا کەرکووک بکرێتە هەرێمی سەربەخۆ کورد زیانی بەردەکەوێت لە بەر ئەوەی کورد 30%ی پێکهاتەی کەرکووک پێکناهێنێت کە دوای ئەوەی نزیکەی 500 هەزار عەرەبی ئاوارەش هاتوونەتە شارەکە".

بۆ پشتیوانی ناوخۆیش، عارف قوربانی ئاماژەی بەوەکرد، وێڕای پشتیوانی هەرێمی  و نێودەوڵەتی، لەسەر ئاستی ناوخۆیش چ وەک لایەنی سیاسی و چ وەک کەسایەتی، پشتیوانی لە پرۆژەکەی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرووک دەکرێت بۆ ئەوەی کەرکووک بکاتە هەرێمێکی سەربەخۆ، بەڵام دەبێت ئەوان بەرچاوڕوونییان هەبێت کە کورد زیانی بەردەکەوێت و سوود لە بە هەرێمبوونی کەرکووک وەرناگرێت.