وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: کارەکانی پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی تەواو بوون

10-05-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن لێبووردنی گشتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کارەکانی پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی تەواو بوون و نووسراوەکە لەبەردەست سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی واژۆی بکەن و بنێردرێتە پەرلەمانی کوردستان. 
 
رۆژی چوارشەممە 10-05-2023 ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کارەکانی پڕۆژەیاسایی لێبووردنی گشتی تەواو بوون و نووسراوەکە دراوەتە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ دەبێت هەردووکیان واژۆی بکەن بۆ ئەوەی بنێردرێتە پەرلەمانی کوردستان و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت".
 
ئیحسان عەبدولرەحمان دەڵێت، "ئەگەر سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران رەزامەندی لەسەر بدەن و واژۆی بکەن، ئەو کاتە رێکارەکان لە پەرلەمانی کوردستانیش ئاسان دەبن و لەماوەیەکی زۆر کورتدا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت؛ چاوەڕوانی واژۆی ئەوانین، چونکە ئەو کات بەرچاوڕوونیمان لەبارەی کاتی دەرکردنی یاسایی لێبووردنی گشتی دەبێت".
 
پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی لە 15 مادە پێکهاتووە و بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "نزیکەی هەزار و 500 کەس لێی سوودمەند دەبن، بەڵام هەندێک کەس ناگرێتەوە، بۆ نموونە ئەوانەی دەستدرێژییان کردووەتە سەر منداڵ؛ ئەوانەی ژنیان کوشتووە و هەندێک تاوانی دیکە".
 
دوای ئەوەی پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی نێردرایە پەرلەمانی کوردستان و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و تێبینی لەسەر درا، لیژنەیەکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەردانی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و روونکردنەوە لەبارەی ئەو مادانە دەدەن کە تێبینیان لەسەرە؛ دواتر خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و دواتریش بەمەبەستی پەسندکردنی دەخرێتە دەنگدانەوە. 
 
ئیحسان عەبدولرەحمان دەڵێت: "دوای پەسندکردنی لە پەرلەمانی کوردستان، پێویستە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 15 رۆژدا ئەگەر تێبینی هەبوو پڕۆژەیاساکە بنێرێتەوە پەرلەمانی کورستان؛ ئەگەر تێبینی نەبوو ئەوە واژۆدەکرێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
 
تاوەکو ئێستا سێ جار یاسای لێبووردنی گشتی لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە، ئەوانیش لە ساڵانی 2007، 2012 و 2017 بوون. ئیحسان عەبدولرەحمان دەڵێت: "یاسای لێبووردنی گشتی چوار بۆ پێنج ساڵ جارێک دەردەکرێت، مەرجیش نییە تەنیا ئازادکردن بێت، رەنگە گۆڕانکاری بەسەر سزای زیندانیکراودا بێت. بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک زیندانی هەتاهەتاییە یان کوشتنە واتا کەسێکی کوشتووە و لەگەڵ خێزانی کوژراو رێککەوتووە، ئەوە سزاکەی بۆ 15 ساڵ کەمدەکرێتەوە".
 
رۆژی 19-12-2022، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو کەسانەی کە لێبووردنی گشتی دەیانگرێتەوە بە رووداوی گوت: "دوای ئەوەی پڕۆژەیاساکە دەگاتە پەرلەمان و مادەکانی تاوان تاوتوێ دەکرێن و بڕیاریان لەسەر دەدرێت، ئەوکاتە ئاشکرای دەکەین لێبووردنی گشتی کام مادانەی تاوان دەگرێتەوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەڕێوەبەرایەتیی پێشبینی کەشوهەوای ورمێ هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەری دروستبوونی لافاو و هەورەبرووسکە هەیە

پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگای ورمێ بگرێتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی پێشبینیی کەشوهەوای پارێزگای ورمێ دەڵێت، پێشبینی دەکرێت سبەی پێنجشەممە شەپۆلێکی بارانبارین، هەورەبرووسکە و رەشەبا بەشێکی زۆری پارێزگای ورمێ بگرێتەوە