سەرۆکی شارەوانیی رووبارۆک: 10 رۆژی دیکە هاووڵاتییان دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بە دەروازەی زێتدا گەشت بکەن
رووداو دیجیتاڵ
دەروازەی زێت کە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سۆران لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا دەکرێتەوە، سەرۆکی شارەوانیی رووبارۆکی پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستانیش دەڵێت، لەمڕۆوە گەشتیاران دەتوانن بەو دەروازەیەدا هاتووچۆ بکەن و، 10 رۆژی دیکەش رێگە دەدرێت هاووڵاتییان بە ئۆتۆمبێل گەشتی پێدا بکەن.
رۆژی چوارشەممە 10-05-2023 ئەکرەم چەتین کایا، سەرۆکی شارەوانیی رووبارۆک بە شەوکەت هەرکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ رێوڕەسمێک بۆ کردنەوەی دەروازەی زێت لەلایەن هەرێمی کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەچێت و دوای رێورەسمەکەش لە کاژێر یەکی دوانیوەڕۆوە، هاتووچۆی هاووڵاتییان لەو دەروازەیەوە دەستپێدەکات".
دەروازەی زێت دەکەوێتە قەزای مێرگەسۆر و هەردوو پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان و جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان پێکەوە دەبەستێتەوە.
سەرۆکی شارەوانیی رووبارۆک دەڵێت، "خەڵکی ئەمدیو و ئەودیوی سنووری زێت، زۆربەی خزم و کەسوکاری یەکدین و خۆم نیوەی کەسوکارم لە ئاکرێ و ئامێدی و دهۆک دەژین؛ کردنەوەی ئەو دەروازەیە بۆ هاتووچۆکردن و سەردانی کەسوکارمان زۆر گرنگە".
دەروازەی زێت لە دیوی باکووری کوردستانەوە ناوی دەروازەی سنووریی گرانەیە و بە گوتەی سەرۆکی شارەوانی رووبارۆک، پێشتر خەڵکی ناوچەکە ئەگەر ویستبایان بە دەروازە سنوورییەکانی دیکەدا هاتووچۆ بکەن، نزیکەی 24 کاژێریان پێدەچوو، بەڵام کردنەوەی ئەم دەروازە سنوورییە، رێگەکە زۆر نزیک دەکاتەوە.
ساڵی 2013 بڕیاری کردنەوەی دەروازەی زێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا درا، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، کردنەوەی دەروازەکە پەکیکەوت.
لەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە رێگەی دەروازەی زێتەوە، ئەکرەم چەتین کایا گوتی، "ئێستا رێگەی دەروازەکە لە هەردوو لایەنی تورکیا و هەرێمی کوردستانەوە باش نییە و کاری تێدا دەکرێت. هەرکات رێگەوبانەکان تەواوبوون، ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لەو دەروازەیە دەستپێدەکات".
دوای تەواوبوونی رێوڕەسمی کردنەوەی دەروازەی زێت، لە دوانیوەڕۆوە گەشتیاران تەنیا دەتوانن بە پێ بەو دەروازەیەدا گەشت بکەن و سەرۆکی شارەوانی رووبارۆکیش بۆ چارەسەری ئەو گرفتە پەیوەندی بە پارێزگاری جۆلەمێرگەوە کردووە و وەکو ئاماژەی پێدەدات، "پێیان راگەیاندووین هەفتەیەک تاوەکو 10 رۆژی دیکە هاووڵاتییان دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان هاتووچۆ بکەن".
ئەکرەم چەتین کایا زیاتر روونیدەکاتەوە، "تاوەکو سیستمەکانمان جێگیر دەکەین، خەڵک تەنیا دەتوانن بەپێ هاتووچۆ بکەن و پاش 10 رۆژی دیکە وەکو سنووری سەرزێڕ، خەڵک دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بەو خاڵە سنوورییەدا گەشت بکەن".