چالاکڤانێکی هەڵەبجە: هەزاران واژۆمان بۆ لەکارلادانی پارێزگار کۆکردووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی هاونیشتمانیانی خەڵکی هەڵەبجە، ماوەی چوار رۆژە لەنێو بازاڕی شارەکەدا واژۆ بۆ لەکارلادانی پارێزگارەکەیان کۆدەکەنەوە؛ چالاکڤانێک دەڵێت، "هەزاران" واژۆیان کۆکردووەتەوە و هەڵمەتەکەیان دەبەنە شارۆچکەکانی سنوورەکەیان.
 
رۆژی چوارشەممە 10ـی ئایاری 2023، فەرهاد قادر، یەکێک لە رێکخەرانی کامپەینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ لەکارلادانی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەردەوامین لە کۆکردنەوەی واژۆ؛ هەزاران واژۆمان کۆکردووەتەوە".
 
فەرهاد قادر دەڵێت، لە بەرنامەیاندایە بۆ فراوانکردنی هەڵمەتەکەیان، کۆکردنەوەی واژۆ ببەنە شارۆچکەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، گوتیشی، "دەمانەوێت کۆکردنەوەی واژۆی ئەلیکترۆنیش دەستپێبکەین، چونکە کەسانێک هەن خەڵکی هەڵەبجەن و ئێستا لێرە نین؛ هەروەها ئافرەتانیش بە ئاسانی ناتوانن لە بازاڕدا خۆیان بگەیێننە کامپەینەکە".
 
بەشێکی دانیشتووانی هەڵەبجە دەڵێن، پارێزگاری هەڵەبجە نەیتوانیوە پارێزگاکەیان بەرەوپێشەوە ببات و خزمەتی هاونیشتمانیان بکات. 
 
شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لەو بارەیەوە ئەمڕۆ (چوارشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاک ئازادیش وەک پارێزگارەکانی دیکە پێی خۆشە پارەی باشی لەبەردەستدا بێت و خزمەتی شارەکە و خەڵکەکەی بکات، بەڵام کە پارە نەبوو، دەسەڵاتی نییە".
 
پارێزگای هەڵەبجە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحییەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.