کوردستان
وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە و دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەک مادەی هۆشبەرە لە لایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە.
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی سێ بازرگانی مادەی هۆشبەری لە شارەکانی سلێمانی و کفری راگەیاند و دەڵێت: "تۆمەتباران بەپێی مادەکانی 26 و 30ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و کارتێکەرە ئەقڵیەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە."
رۆژی چوارشەممە، 10-5-2023، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، "لە ئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون بۆ بەرەنگاربوونەوە و دەستگیرکردنی بازرگانان و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر، پاش وەرگرتنی رەزامەندیی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە دوو هەڵمەتی جیاوازدا لە رۆژانی 3 و 7ـی ئایاری 2023، لە قەزای کفری و شاری سلێمانی" ژمارەیەک تۆمەتباریان دەستگیر کرد کە ئەمامەن:
- ( ش. ع. م ) لەدایکبووی ساڵی 1998، دانیشتووی سلێمانی
- ( ئـ. ع. ع ) لەدایکبووی ساڵی 1994، دانیشتووی سلێمانی
- ( ح. ک .ئـ ) لەدایکبووی ساڵی 1986، دانیشتووی کفری
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان؛ تۆمەتباران بەپێی مادەکانی 26 و 30 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەیان بەردەوامە.
بەپێی ئامارەکانی ئاسایش؛ لە هەولێر و دهۆک لە ساڵی 2021، هەزار و 943 کەس بە تاوانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون و زیاتر لە 374 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە، بەڵام لە ساڵی 2022 ژمارەی دەستگیرکراوان بۆ 2103 کەس بەرزبووەتەوە و زیاتر لە 201 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ