لە کەرکووک چەند باندێک بە ناوی راییکردنی مامەڵەوە پارە لە خەڵك وەردەگرن


رووداو دیجیتاڵ

چەند کەسێک لە کەرکووک لە بەرامبەر راییکردنی مامەڵەی خەڵک، داوای پارە لە هاونیشتمانییان دەکەن. لە سەرەتای ئەم ڤیتییەدا کەسێک دەبینن کە داوای 300 دۆلاری لێدەکرێت بۆ راییکردنی مامەڵەکانی و دەڵێت: "بە کەمتر بۆم دەری ناهێنێت."
 
ئەو هاونیشتمانییە و دەیان کەسی دیکە بەشێوەی ئەلیکترۆنی مامەڵەیان پێشکێش کردووە و چاوەڕوانی پەیوەندیی توێژەرەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتین، بەڵام لەبری لیژنەکان؛ باندێک پەیوەندییان پێوە دەکەن و دەڵێن: پارە بدەن و مووچەتان بۆ دەبڕینەوە.
 
یەکێک لەو هاونیشتمانییەی کە مامەڵەی پێشکێش کردووە بە رووداوی گوت، "ژمارەیەک کەس فێربوونە ژمارە تەلەفۆنەکانمان دەقۆزنەوە، چونکە ژمارە تەلەفۆنەکانمان دەرکەوتووە، بەو ژمارانە پەیوەندی دەکەن و داوای پارەمان لێدەکەن، دەڵێن: بە پارە کاری لیژنەکانتان بۆ دەکەین، کە دێن بۆ تەماشاکردنی ماڵەکانمان، هەیە بە پێنج وەرەقە و هەیە بە سێ وەرەقە و تا 200 هەزاریش هەبووە."
 
دەستەی دەستپاکیی کەرکووک لە بۆسەیەکدا یەکێک لەو کەسانەیان دەستگیرکرد. تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتیی کەرکووکیش رەتیدەکاتەوە هیچ یەکێک لە ئەندامانی ئەو باندە کارمەندی ئەوان بن. بەڕێوەبەری تۆڕەکە دەڵێت: تەنیا یەک باند نا، بەڵکو بەشێوەیەکی بەرفراوان دەیان باند خەریکی ئەو فێڵکردنەن لە خەڵک و پارە لە هەژاران وەردەگرن.
 
ئەحمەد یەحیا ئەحمەد، بەڕێوەبەری تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتیی کەرکووک رایگەیاند، "ئەو فێڵەی ئێستا لەسەر شەقامەکانی کەرکووک دوورە لە هەموو رەهەندێکی بەشی پاراستنی کۆمەڵایەتی، سەرەتا بەو کەسە دەستیپێکرد، بێگومان حاڵەتی دیکە هەن، دەستەی دەستپاکی خەریکن و کاری لەسەردەکەن و رێکار دەگرنەبەر، پەنا بەخوا راگەیێندراوی دیکەیان دەبێ لە داهاتوودا، دواتر و دواتر چەند حاڵەت هەبێ دیاری دەکەین و دەیگەیێنینە دەستەی دەستپاکی."
 
تاوەکو ئێستا مامەڵەی 37 هەزار خێزان بۆ دەرکردنی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لەو تۆڕە تەواو بووە و رۆژانە لیژنەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی مامەڵەکانی دیکە رایی دەکەن. دوای سەردانی ماڵان ناویان دەخرێتە سیستمی ئەلیکترۆنییەوە بۆ وەرگرتنی موچەیەکی 150 هەزاری مانگانە.