ئەنجوومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی تیمی یەکێتی کۆدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی تیمی یەکێتی کۆتاییهات و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تیمی یەکێتی بڕیاریداوە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بەشداریی بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10-05-2023، کۆبوونەوەیەک لەبارەی میکانیزمی گەڕانەوەی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و دارا رەشید، وەزیری پلاندانان وەکو نوێنەری تیمی یەکێتی، لەگەڵ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گەیشتوونەتە خاڵی هاوبەش لەبارەی گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.
 
رووداو زانیویەتی، هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەکاریی کراوە بۆ نووسینەوەی کارنامەی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران، کە بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بکرێت.
 
کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات رۆژی دووشەممە، 8-5-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە هەولێر کۆبوونەوە. بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران لە "کەشێکی ئەرێنیدا" تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و کارگێڕییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە و هەردوولا کۆک بوون لەسەر چارەسەری گشت کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و هاوکاریی نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی ناو کابینە.
 
دوێنێ سێشەممە، 9-5-2023، تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا رۆژی یەکشەممە، 14ـی ئایاری 2023، تیمی یەکێتی بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن. 
 
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی پێنجشەممە، 11-5-2023، شاندێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی "مۆزەخانەی یادگەی نیشتمانیی بارزان"دا لە دەڤەری بارزان بەشدار دەبن.
 
واژۆکردنی نووسراوەکە لە کاتێکدایە، قوباد تاڵەبانی لە رۆژی 26ـی ئۆکتۆبەری 2022ـەوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی نەکردووە؛ وەزیرەکانی یەکێتیش لە 22-12-2022ـەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کردووە.
 
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام کاری بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و بەهێزکردنەوەی یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی کردووە. 
 
رۆژی 2ـی ئادار و لە دووەمین کۆڕبەندی هەولێر کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی تۆڕی میدیایی رووداو رێکیخستبوو، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەم کۆڕبەندە بە دەرفەت دەزانم و لێرەوە داوا لە برادەرانی یەکێتی؛ داوا لە کاک قوباد و تیمی یەکێتی لە حکومەت دەکەم کە بگەڕێنەوە نێو ئەنجوومەنی وەزیران؛ بێگومان نیگەرانی و کێشە هەیە و بە دڵنیاییەوە کێشەکانی ئەوانیش لە هەموو ئاستێکدا لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە جیدی وەرگیراون." 
 
رۆژی 15-03-2023 و دوای بەشداریکردنی لە حەوتەمین دیداری سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی کردەوە و گوتی: "کێشەکان ئەوەندە گەورە نین چارەسەر نەکرێن. پێموایە تیمی یەکێتیی نیشتمانی دەبێت بگەڕێنەوە نێو حکومەت، ئەگەر هەر کێشەیەک هەیە، دەتوانن لەنێو حکومەتدا قسەی لەسەر بکەن و بۆ هەموو کێشەکان چارەسەر دابنێن." 
 
رۆژی 4ـی ئەم مانگەش سەرۆكی هەرێمی كوردستان به‌شداری لە گفتوگۆیه‌كی "دیداری عێراق بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی" لە بەغدا كرد و لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی "شوێنی چارەسەری کێشەکان نێو ئەنجوومەنی وەزیرانە. بەغداش دەبێ یارمەتیی ئێمە بدات بەوەی ئەم کێشەیە بەزووترین کات چارەسەر بکرێت و بگەڕێنەوە بۆ ناو حکومەت."