نووسراوێکی تایبەت بە گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران واژۆ دەکرێت

10-05-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن یەکێتی ئەنجوومەنی وەزیران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری پلاندانان بە نوێنەرایەتیی پارتی و تیمی یەکێتی لە حکومەت کۆببنەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمی گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژی چوارشەممە 10-05-2023 تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرچاوەیەکی باڵا لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەستی کەوتوون، بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لەبارەی میکانیزمی گەڕانەوەی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەبچێت و هەر لەو بارەوە نووسراوێکی هاوبەش واژۆ دەکرێت. 
 
کۆبوونەوەکە لە نێوانی هەریەک لە دارا رەشید، وەزیری پلاندانان بە نوێنەرایەتیی تیمی یەکێتی و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە نوێنەرایەتیی پارتی بەڕێوەدەچێت. 
 
کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات رۆژی دووشەممە 8-5-2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە هەولێر کۆبوونەوە. بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و کارگێڕییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە و هەردوولا کۆک بوون لەسەر چارەسەری گشت کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و هاوکاریی نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی ناو کابینە.
 
دوێنێ سێشەممە 9-5-2023ش تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا رۆژی یەکشەممە 14ی ئایاری 2023 تیمی یەکێتی بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن. 
 
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی پێنجشەممە 11-5-2023 شاندێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی بارزانیی نەمر لە دەڤەری بارزان بەشدار دەبن.
 
واژۆکردنی نووسراوەکە لە کاتێکدایە، قوباد تاڵەبانی لە رۆژی 26ـی ئۆکتۆبەری 2022ـەوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی نەکردووە؛ وەزیرەکانی یەکێتیش لە 22-12-2022ـەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کردووە.
 
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام کاری بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و بەهێزکردنەوەی یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی کردووە. 
 
رۆژی 2ـی ئادار و لە دووەمین کۆڕبەندی هەولێر کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی تۆڕی میدیایی رووداو رێکیخستبوو، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەم کۆڕبەندە بە دەرفەت دەزانم و لێرەوە داوا لە برادەرانی یەکێتی؛ داوا لە کاک قوباد و تیمی یەکێتی لە حکومەت دەکەم کە بگەڕێنەوە نێو ئەنجوومەنی وەزیران؛ بێگومان نیگەرانی و کێشە هەیە و بە دڵنیاییەوە کێشەکانی ئەوانیش لە هەموو ئاستێکدا لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە جیدی وەرگیراون." 
 
رۆژی 15-03-2023 و دوای بەشداریکردنی لە حەوتەمین دیداری سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی کردەوە و گوتی: "کێشەکان ئەوەندە گەورە نین چارەسەر نەکرێن. پێموایە تیمی یەکێتی نیشتمانی دەبێت بگەڕێنەوە نێو حکومەت. ئەگەر هەر کێشەیەک هەیە، دەتوانن لەنێو حکومەتدا قسەی لەسەر بکەن و بۆ هەموو کێشەکان چارەسەر دابنێن." 
 
رۆژی 4ـی ئەم مانگەش سەرۆكی هەرێمی كوردستان به‌شداری لە گفتوگۆیه‌كی "دیداری عێراق بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی" لە بەغدا كرد و لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی "شوێنی چارەسەری کێشەکان نێو ئەنجوومەنی وەزیرانە. بەغداش دەبێ یارمەتیی ئێمە بدات بەوەی ئەم کێشەیە بەزووترین کات چارەسەر بکرێت و بگەڕێنەوە بۆ ناو حکومەت." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو.

دوای پێنج کاژێر لە دەستگیرکردنیان تیمەکەی رووداو لە مەخموور ئازادکران

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتی رووماڵ دا و لە بازگەی مەخموور، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکران.