لە سەرگەڕان سوپای عێراق سێ جووتیاری کورد دەستگیر دەکات


رووداو دیجیتاڵ

هێزێکی سوپای عێراق جووتیارانی پێنج گوندی شارۆچکەی سەرگەڕانی پارێزگای کەرکووک ئاگاداردەکەنەوە، کە نابێت بچنە سەر زەوییەکانیان. نوێنەری جووتیارانی کوردیش لەو ناوچەیە دەڵێت: "سوپای عێراق سێ جووتیاری کوردی دەستگیرکرد و دەستیشی بەسەر سێ تراکتۆردا گرت."
 
رۆژی چوارشەممە، 10-5-2023،  محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دووبز لە پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 10ـی بەیانیی ئەمڕۆ هێزێکی سوپای عێراق لە ناوچەی سەرگەڕان بە سەرپەرشتیی کەسێک بەناوی موقەدەم روکن محەممەد فەرماندەی فەوجی چواری فیرقەی هەشتی سوپای عێراق هاتنە سەر گوندەکانی کورد لە شارۆچکەی سەرگەڕان و بە جووتیارانی پێنج گوندیان گوتووە، کە نابێت نە دروێنەی گەرنم و جۆ بکەن، نە کشتوکاڵ بکەن، نە بچنە سەر زەوییەکان و نە ئاودان بکەن و نە هیچ رەفتارێک بە زەوییەکانیانەوە بکەن. گوایە لە سەرووی خۆیەوە فەرمانی بۆ هاتووە."
 
بە گوتەی محەممەد ئەمین، دانیشتووانی ئەو گوندانەی ئاگادارکراونەتەوە پێکدێن لە پەلکانە، سەربەشاخ، شەناخە و گابەردکە، سوپای عێراق دواتر چوونەتە سەر گوندی پەلکانە و سێ جووتیاری کوردییان بردووە، دواتر یەکێکیان ئازادکرد و ئێستا دوو جووتیاری کوردی پەلکانە لەلایەن سوپای عێراقەوە و لە سرییەی سوپا لە گوندەکە دەستگیرکراون و دەست بەسەر دوو سێ تراکتۆردا گیراوە.
 
ئەو نوێنەرەی جووتیارانی ناوچەکە بە نیگەرانییەوە باسی هەنگاوەکانی سوپای عێراقی کرد و گوتی: "ئێستا وەرزێکی زۆر هەستیارە و ترسی سووتانی بەرهەمەکانمان هەیە و ئێستا وەرزی دروێنەیە، بۆیە دەبێت سەرکردایەتیی کورد لەسەر ئەو کێشانە بێنە سەر خەت."
 
ناحیەی سەرگەڕان سەر بەقەزای دووبزە لە پارێزگای کەرکووک، عەرەبی هاوردە کە لە سەردەمی بەعس هێنرابوونە سنوورەکە، لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر زیاتر لە 18 گرێبەستیان لە دادگە لە بەرژەوەندییان یەکلابووەتەوە، وێڕای ئەوەی سەرجەمیان لە ماددەی 140 قەرەبوویان وەرگرتووە و گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە.
 
ئەو عەرەبە هاوردانە لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە بە هاوکاریی سوپای عێراق چەندین جار هێرشیان کردووەتەسەر گوندنشینانی ناوچەکە و هەڕەشەی دەرکردنی کورد دەکەن و چەند جارێکیش شەڕ دروستبووە.