قوباد تاڵەبانی، رێواز فایەق و مەلا بەختیار بەشداری لە کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانیدا دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، لە رێوڕەسمی کردنەوەی (یادگەی نیشتمانیی بارزانی)دا، قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بانگهێشتکراوە و بەشداریی دەکات. لەبارەی بەشداریکردنی بافڵ تاڵەبانیش گوتی "لە دەرەوەی وڵاتە و رەنگە تاوەکو چەند رۆژێکی دیکە نەگەڕێتەوە".
 
رۆژی چوارشەممە، 10-05-2023، حاجی مەسیفی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ رێوڕەسمی کردنەوەی (یادگەی نیشتمانیی بارزانی)، بە فەرمی قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتکردووە و بەشداریی دەکات.
 
لەبارەی بەشداریکردنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی گوتی "سەرۆک بافڵ بە سەردانێک لە دەرەوەی وڵاتە و رەنگە چەند رۆژێکی دیکە بمێنێتەوە".
 
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە لە هەمانکاتدا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتییە، بانگهێشتکراوە و بەشداری دەکات.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە رووداو لە کەسێکی نزیکییەوە دەستیکەوتووە، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی بە فەرمی لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە بانگهێشتکراوە و ئەویش بانگهێشتەکەی قبووڵکردووە.
 
رۆژی سێشەممە، 09-05-2023، لەبارەی بەشداریکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەکە، ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم بۆنە نیشتمانییانە قەت دەرفەت لەدەستنادات و کردنەوەی مۆزەخانەیەکی لەم شێوەیە بەشێکە لە مێژووی گەلی کوردستان و بەشێک نییە لە کێشەکانی یەکێتی و پارتی".
 
رۆژی پێنجشەممە، 11-05-2023، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی عێراق، هەروەها لێکۆڵینڤان و باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان، مۆنیومێنتی بارزانی (یادگەی نیشتمانیی بارزانی)  دەکرێتەوە، رێوڕەسمەکە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
ئەو مۆنیۆمێنتە، چەند ساڵێکە کاری تێدا دەکرێت و بڕیارە لە چوارچێوەی کردنەوەی دا، سەرکردە سیاسییەکان ئاشنا بکرێن بە شۆڕشەکانی مەلا مستەفا بارزانی و خەبات و هەوڵەکانی بۆ گەلی کوردستان.