رووداو دیجیتاڵ
چوار کورسیی خوێندنی باڵا بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیادکرا، وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت؛ لە چوار کورسییەکە، دووانیان بۆ ماستەر و دووانەکەی دیکەش بۆ خوێندنی دکتۆرایە.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆ بە ژمارە (12364) کە رۆژی چوارشەممە 10-05-2023 بە واژۆی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت دەرچووە و تایبەتە بە زیادکردنی چەند کورسییەکی خوێندنی (دکتۆرا و ماستەر) لە چوارچێوەی پڕۆسەی مۆڵەتی خوێندن، دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەی تایبەت بە مۆڵەتی خوێندن لە وەزارەت، پێداچوونەوە بە ژمارە و پسپۆڕیی کورسییەکان کرا، رەزامەندی درا لەسەر زیادکردنی دوو کورسیی ماستەر و دوو کورسیی دکتۆرا.
ئەو کورسییانەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا کە بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ زیادکراون بریتین لە (یەک کورسیی دکتۆرا لە بواری زانستە سیاسییەکان، یەک کورسی لە بواری کۆمەڵناسی، یەک کورسیی ماستەر لە بواری زانستە سیاسییەکان و یەک کورسی ماستەر لە بواری ئەندازیاریی میکانیک).
هەر ئەمڕۆ عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لەبارەی کاتی تاقیکردنەوە بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا گوتی "لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا کە 29ـی ئایاری 2023ـە، تاقیکردنەوە دەکرێت".
ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە 7 هەزار کورسی راگەیاندووە کە پێکدێن لە: دوو هەزار و 308 کورسیی دیپلۆمی باڵای یەک ساڵە، 160 دیپلۆمی باڵا دوو ساڵەی پزیشکی، بۆ خوێندنی ماستەر، سێ هەزار و 312 کورسی، هەروەها بۆ خوێندنی دکتۆرا هەزار و 834 کورسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ