دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا دەروازەی زێت کە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سۆران لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا بکرێتەوە. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێ، دەروازەکە سەرەتا بۆ گەشتیارییە، بەڵام دواتر فراوانی دەکەن و دەیکەنە دەروازەیەکی بازرگانی.
رۆژی چوارشەممە 10ـی ئایاری 2023، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ، کاژێر یەکی دوای نیوەڕۆ لە رێورەسمێکدا کە پارێزگارەکانی هەولێر و جۆلەمێرگ، هەروەها بەندە و مەلا مستەفا بارزانی ئامادەی دەبن، دەروازەی زێت بە فەرمی دەکرێتەوە".
دەروازەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان دەکەوێتە سنووری قەزای مێرگەسۆرەوە. هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی، دەروازەکە سەرەتا بۆ گەشتیاری دەبێت و دواتر فراوان دەکرێت بۆ کاری بازرگانی.
دەروازەکە هەردوو پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان و جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان پێکەوە دەبەستێتەوە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێ، خەڵکی سنوورەکە لە هەردوو دیوەوە بەشێکی زۆریان تێکەڵاویی کۆمەڵایەتییان هەیە و ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەش بەهۆی کردنەوەی دەروازەکەوە بەهێزتر دەبن، چونکە رێگەی هاتووچۆشیان نزیک دەبێتەوە.
بە گوتەی هەڵگورد شێخ نەجیب، دەروازەکە فەرمییە و بە ئاگاداریی حکومەتی عێراق دەکرێتەوە؛ گوتیشی: "لەمڕۆوە هەموو هاووڵاتییەک دەتوانێ لە دەروازەکەوە هاتووچۆی گەشتیاری بکات".
دەروازەی زێت لە دیوی باکووری کوردستانەوە ناوی دەروازەی سنووریی گرانەیە.
ساڵی 2013 بڕیاری کردنەوەی دەروازەی زێت لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا درا، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، کردنەوەی دەروازەکە پەکیکەوت.
رۆژی 27ـی نیسانی 2023 ئەکرەم چەتین کایا، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچكەی رووبارۆک لە جۆلەمێرگ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە بەر لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار، ئەو دەروازەیە لەنێوان باکووری کوردستان و هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
رۆژی 07-05-2023 بۆ مەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە، فەریق روكن عیسا عوزێر، سوپاسالاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە یاوەریی چەند بەرپرسێکی سەربازی سەردانی دەروازەكەیان کرد و لەلایەن قایمقامی قەزای مێرگەسۆریشەوە ئاڵای کوردستان لەو دەروازەیە هەڵدرا.