گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ
 
کارەکانی بەدووسایدکردنی رێگەی دووکان - چوارقوڕنە وەستاون و 60%ی پرۆژەکە تەواونەکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەڵامی داواکارییەکانی رێگەوبانی سلێمانیی نەداوەتەوە.
 
ساڵح عەبدوڵڵا، جێگری بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی بە هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، بەدووسایدکردنی رێگەی دووکان – چوارقوڕنە ماوەی 8 ساڵ زیاترە کاری لێدەکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و دابین نەکردنی پارەی کۆمپانیاکانی جێبەجێکاری پرۆژەکەوە، کارکردن لە شەقامەکە ماوەی شەش مانگ زیاترە وەستاوە و دیاریش نییە کەی کارکردن تێیدا دەستپێدەکاتەوە.
 
جێگری بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، کارکردن لەو پرۆژەیە سێ قۆناخە، قۆناخی یەکەم، رێگەی دووکان تا خەلەکانە، و هێشتا دەست بە کارکردن لێی نەکراوە، قۆناخی دووەم، رێگەی خەلەکان بۆ سماقوڵییە، ئەو قۆناخە تەنها 40%ی کارەکانی ئەنجامدراوە، بەهۆی دابین نەکردنی پارە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە کارەکانی راگرتووە و شەقامەکە بەرەو خراپبوونیش دەڕوات، چونکە هەندێکی قیرەکەی تەواو بووە و ئۆتۆمبێلی بەسەردا دەڕوات.
 
ساڵح عەبدوڵا گوتیشی، ئەوان چەکیان بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار کردووە، بەڵام هەر کات دەچنە بانک پێیان دەگوترێت پارە نییە، هەروەها داوایان کردووە 15 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی سەرجەم شەقامەکە دابین بکرێت، "بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران شەش مانگیشە وەڵامی نووسراوەکانی بەڕێوبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوە و رێگەوبانی سلێمانیی نەداوەتەوە، بۆیە کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکەش ئامادە نییە کار بکات تاوەکو پارەی پێنەدرێت."
 
جێگری بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی باسی لەوەش کرد، قۆناخی سێیەمی پرۆژەکە کە لە سماقوڵی بۆ چوارقوڕنەیە 98%ی کارەکانی تەواو بووە، بەڵام هێشتا کاری رووناککردنەوە و رەنگکردن و بەربەست و خەتی شەقامەکانی بۆ نەکراوە و ئەویش بەهۆی تەرخان نەکردنی بودجەوە بووە.