رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، عەلی حەمەساڵح و دابان محەممەد، بەشداری کۆبوونەوەکانی فراکسیۆن ناکەن و پابەندی بەرنامە و سیاسەتی کارکردنی فراکسیۆن نابن و پەیوەندییان بە هیچ ئۆرگانێکی گۆڕانەوە نەماوە، بۆ رازیبوون بە دەستلەکارکێشانەوەیان، گۆڕان چاوەڕێی وەڵامیان دەکات.
بەڵێن ئیسماعیل، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆرۆژی رووداو کە هەوراز گوڵپی و دڵدار هەرکی پێشکێشی دەکەن گوتی: پەرلەمانی کوردستان مەرجەعێکی سیاسیی و یاساییە و شوێنی نوێنەرایەتیکردنی خەڵکی کوردستانە و نابێ لە هیچ کاتێکدا کارەکانی پەکبخرێت، دوای نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەم، ناکۆکی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و شێوازی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن قووڵبووەوە و بووە هۆی ناکۆکی لەنێوان پارتی و یەکێتی و وایکردووە دانیشتنەکان پەکبخرێن.
بەڵێن ئیسماعیل گوتی: "پارتی پێیوایە کات درەنگبووە بۆ هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن و ئەگەر گفتوگۆ لەوبارەوە بکەین، هەڵبژاردن دوادەکەوێت. بەڵام ئەم پاساوە لەکاتێکدا لۆژیکییە کە پێشتر نەورووژێنرابێت، چونکە ئێمە 14ی مانگ لەمەوبەر داوای ئەوەمان کرد".
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێزی سیاسیی هەبێت و گفتوگۆی جیددی بکەن، پەرلەمان دەتوانێت سیفەتی بەپەلە بداتە پرۆژە یاساکە و تێبپەڕێنێت، بەڵام بێمتمانەیی لەنێوان هێزە سیاسییەکان و بەتایبەتی پارتی و یەکێتی دروستبووە، ئەمە وایکردووە کە نەتوانین گفتوگۆکان چڕتر بکەینەوە و بە راشکاوی گفتوگۆ بکەین.
بەڵێن ئیسماعیل دەڵێ: "با دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هەوڵبدات جارێکی دیکە سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆبکاتەوە، بۆ ئەوەی لەمپەرەکان هەڵبگیرێن".
لەبارەی وازهێنانی پەرلەمانتاران عەلی حەمەساڵح و دابان محەممەد، لە بزووتنەوەی گۆڕان و داواکردنی بزووتنەوەکە بۆ دەستلەکارکێشانەوەیان گوتی:"بەشداری کۆبوونەوەکانی فراکسیۆن ناکەن و پابەندی بەرنامە و سیاسەتی کارکردنی فراکسیۆن نابن و پەیوەندییان بەهیچ ئۆرگانێکی گۆڕانەوە نەماوە، گفتوگۆی زۆریان لەگەڵدا کراوە بۆ گەڕانەوە و پابەندبوون بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە، ئەگەریش پەیوەندییان نەماوە با دەستبەرداری کورسی پەرلەمان بن. بەڵام دەتوانن پابەند نەبن، چونکە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ناتوانرێت گوشار بخرێتە سەر پەرلەمانتار بۆ دەستلەکارکێشانەوە و چاوەڕێی وەڵامیان دەکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ