یونیتاد: کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە پشتڕاستدەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی تاوانەکانی داعش، کەریم خان رایگەیاند، دەتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە کە بەپێی بەدواداچوونە سەربەخۆکانمان بەڵگەی روون و باوەڕپێکراومان هەیە کە ئێزدییەکان کۆمەڵکوژ کراون لەلایەن داعشەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 10-05-2021 تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان شەشەمین راپۆرتی خۆی پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد. یونیتاد لە تویتەری فەرمیی خۆی زانیاریی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە رایدەگەێنێت، کەریم خان، سەرۆکی دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق و سووریا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، "داعش لە عێراق بەرنامەیەکی چەکی کیمیایی فراوانی هەبووە و لەسەر بەندکراوەکان تاقیکردووەتەوە بۆ زانینی کاریگەرییە بایۆلۆجی و کیمیاییەکان".
یونیتاد تاوەکو ئێستا شەش راپۆرتی پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە، کە تێیاندا سەتان بەڵگەی ڤیدیۆیی، بەڵگەنامەی نووسراو، لێدوانی قوربانیان و شایەتحاڵانی تێدایە.
رۆژی 05-05-2021 خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای دادگەی تاوانكاری تایبەتمەند بە تاوانەكانی داعش لە پەرلەمانی کوردستان کرا. کەریم خان لەو بارەوە رایدەگەیێنێت: پشتگیری لە بە یاساییکردن و دامەزراندنی دادگەی تاوانکاری لەبارەی تاوانە نێودەوڵەتییەکانی داعشەوە دەکەن.
کەریم خان لەبارەی بەرەپێشچوونی کارەکانیان لە عێراق رایگەیاند، زۆربەی بەرەوپێشچوون و چالاکییەکانمان دوو هۆکاری سەرەکییان هەن: نوێگەری و هاوکاری. هەروەها دەشڵێت، ئەوە تیشکدانەوەی ئەو هاوکارییە نایابەی حکومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانە.
لە 12 ی حوزەیرانی 2014 زیاتر لە 1200 سەربازی سەربازگەی سپایکەر کە بەشی زۆریان شیعە مەزهەب بوون لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کوژران. لە راپۆرتەکەی یونیتاد -دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکانە و تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق و سووریا- باسی ئەوە کراوە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە داعش هێرشی کردووەتە سەر ئەندامانی پەیمانگەی ئەکادیمیی ئاسمانی، لە هێرشەکەدا داعش تاوانی کوشتن، ئەشکەنجەدان و سزای بێبەزەییانەی کردووە، هەروەها لێکۆڵینەوەکانیان دەریدەخەن کە شیعەکانیان کۆمەڵکوژ کردووە.
دوایین راپۆرتی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 11ی نۆڤەمبەری رابردوو بڵاوکرایەوە. ئەو راپۆرتە تایبەت بوو بە کارەکانی تیمەکە و ئەو بەڵگانەی کۆیان کردوونەتەوە لە شەش مانگی پێش وادەی بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە، واتە لە مانگی ئایاری 2020ـەوە تاوەکو نۆڤەمبەری ئەو ساڵە.
یونیتاد کە ئێستا نووسینگەیەکیشی لە هەولێر هەیە، لە نۆڤەمبەری رابردوودا راپۆرتی پێنجەمی بڵاوکردەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و سنوورداربوونی هاتووچۆ بەربەستی بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان بۆ دروستکردووە.
تیمی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە راپۆرتەکانی پێشوویاندا باسیان لەو تاوانانە کردووە کە داعش دژی کوردانی ئێزدی و شەبەک و خەڵکی دیکەی ئەو ناوچانەی عێراق کردووە کە لە لایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرابوو.
یونیتاد کورتکراوەی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش. لە 21ی ئەیلوولی 2017 ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە 2379ی پەسند کرد کە تایبەتە بە دامەزراندنی تیمێکی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و کۆکردنەوەی بەڵگەکان لەبارەی ئەو تاوانانەی کە داعش ئەنجامیداون.
کەریم خان پارێزەری بەریتانی بە یەکەم سەرۆکی تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانکرا.