گوڵێ لەنێو کەروێشک و مریشکەکانیدا "خۆى خنکاند"

10-05-2017
عومەر چاوشین
نیشانەکردن خۆکوشتن خۆخنکاندن
A+ A-

رووداو – قەڵادزێ

گوڵێ وەک پیشەی هەمیشەیى خۆی، دەمەو عەسر چووە نێو مریشک و کەروێشکەکانى بۆ ئەوەى خواردنیان بداتێ، بەڵام ئیدی نەگەڕایەوە بە زیندوویی. کەسوکارەکەى دەڵێن خۆى خنکاندووە، بەڵام پۆلیس بۆ دڵنیابوون لە راستیى رووداوەکە تەرمەکەى بۆ پشکنین دەنێرێتە سلێمانى.

رۆژى 1-5-2017 ژنێکى تەمەن 53 ساڵ بەناوى (گوڵێ.م.ح) دانیشتووى گەڕەکى شەهیدان لە قەڵادزێ، بە پەت خۆى هەڵواسى و کۆتایى بە ژیانى خۆى هێنا.

گوڵێ خاوەنى پێنج منداڵ بوو. ئەبوبەکر محەممەد، کوڕى گەورەى گوڵێ، دەڵێت دایکى لە هۆڵێکدا خۆى خنکاندووە کە مریشک و کەروێشکیان تێدا بەخێو دەکرد، زۆربەى کاتیش دایکى خزمەتى پەلەوەر و کەروێشکەکانى دەکرد، بۆیە قەت لەو باوەڕەدا نەبوون دایکیان لەو شوێنەدا خۆى بخنکێنێ.

ئەو دەڵێت: "دایکم هیچ نەخۆشییەکى نەبوو، هیچ کێشەیەکیشى لەگەڵ ماڵەوە و دەرەوەى ماڵەوە نەبووە، بۆیە کە زانیمان خۆى خنکاندووە تووشى شۆک بووین، خۆخنکاندنى دایکم بووەتە گرێیەکى گەورە لەسەر دڵى هەموومان".

دواى رووداوەکە تەرمەکەى بۆ پشکنین رەوانەى پەیمانگەى دادپزیشکى لە سلێمانى کرا. پۆلیسیش هێڵکارى بۆ شوێنى رووداوەکە کردووە. کوڕە گەورەکەى گوڵێ دەڵێت داوایان لەسەر کەس نییە و کەسیش لەسەر ئەو رووداوە دەستگیر نەکراوە.

رێبوار ئەسعەد کە گوڵێ ئامۆژنیەتى، دەڵێت: "لەو باوەڕەدا نیم گوڵێ هیچ کێشەیەکى لەگەڵ مامم هەبووبێ، چونکە مامم زۆر باشە بۆ منداڵەکانى، لەگەڵ ئامۆژنیشم زۆر باش بوو، زۆریان یەکترى خۆشدەویست، پێنج منداڵیان هەیە، هیچ کات کێشەى میرات و دڵپیسى و کێشەى گەورەیان نەبووە".

سەبارەت بە رۆژى رووداوەکە، رێبوار دەڵێت "ئەو رۆژە مامم و منداڵەکانى هەموویان خەوتبوون، نزیکەى بانگى عەسر بوو، ئامۆژنم چوو بوو بۆ نێو مریشک و کەروێشکەکانى کە لە هۆڵێکى بەرامبەر ماڵەکەیانە، تەنەکەیەکى دانابوو، پەتێکى بە سەقفى هۆڵەکەوە هەڵواسیبوو، خۆى بە پەتەکە خنکاندبوو، کوڕێکى کە تازە نەشتەرگەرى بۆ کرابوو، چوو بوو بۆ هۆڵەکە بینیبووى دایکى بە پەتێکەوە شۆڕبووەتەوە، نەیتوانیبوو لە پەتەکەى بکاتەوە، یەکسەر باوک و براکانى ئاگادار کردبووەوە، ئەوانیش هاتبوون لە پەتەکەیان کردبووەوە، کە بردبوویان بۆ نەخۆشخانە گیانى دەرچووبوو".

کەسوکارى گوڵێ هەموویان نکۆڵى لەوە دەکەن کە گوڵێ کێشەى لەگەڵ کەس هەبووبێ، یان نەخۆشیى دەروونى هەبووبێ، هیچ شتێکیشى دواى خۆى جێنەهێشتووە کە هۆکارى رووداوەکە روونبکاتەوە، بۆیە گوڵێ نهێنیى مردنەکەى لەگەڵ خۆى بردە نێو گڵ.

دراوسێیەکى گوڵێ کە ماوەیەکى کەم بەر لەو رووداوە گوڵێى بینیوە، بە (رووداو)ى گوت: "ئێمە ماوەى ساڵێکە ماڵمان هاتووەتە ئەو گەڕەکە، نەمزانیوە ئەو ماڵە هیچ کێشەیەکیان هەبێ. پێش نیوەڕۆ گوڵێم لە کۆڵان بینى، دەمێک بە یەکەوە قسەمان کرد، باسى زۆر شتمان کرد، بەڵام باسى هیچ کێشەیەکى خۆى نەکرد، بە روخساریشیدا دەرنەدەکەوت کە هیچ کێشەیەکى هەبێ".

ئەو دراوسێیەى گوڵێ کە نەیویست ناوەکەى بڵاوبکرێتەوە، باسى کاتى رووداوەکەی کرد و گوتى "ئەو رۆژە لە ئاهەنگێکى بووکگواستنەوە بووین بەسەر ڕووداوەکەدا هاتینەوە، کۆڵان خەڵکى لێبوو وامانزانى میوانى کوڕەکەیانە کە نەشتەرگەریى بۆکراوە، دواتر کە باجى گوڵێ بەدەستى هەموویانەوە بوو پێمانوابوو مار پێوەى دابێت، دواتر کە زانیمان خۆى خنکاندوە بەڕاستى تووشى شۆک بووین".

عوسمان محەممەد، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى گشتیى قەڵادزێ بە (رووداو)ى گوت :"تەرمى ئەو ژنە کاژێر 16:20 خولەک هێنرایە بەشى پزیشکى دادوەرى نەخۆشخانەى گشتى قەڵادزێ، گشت رێکارێکى پزیشکیمان بۆ کرد، کاتێک ویستمان بیدەینەوە دەست کەسوکارەکەى، دەنگەدەنگ لەنێو بنەماڵەکەیان دروستبوو، بەو هۆیەوە گومانمان بۆ دروستبوو، بۆیە تەرمەکەمان بەڕێکرد بۆ پەیمانگەى دادپزیشکیى سلێمانى".

 عوسمان محەممەد گوتیشى: "بەپێى ئەو پشکنینانەى بۆ تەرمەکەمان کرد، دەرکەوت ئەو ژنە بە پەت خۆى خنکاندووە، تەرمەکەى هیچ شوێنەوارێکى زەبر و لێدانى پێوە نەبوو".

هەروەها رائید شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژى پۆلیسى راپەڕین لەبارەى رووداوەکە گوتى، بەهۆى ئەوەى رووداوەکە تازەیە، تاوەکوو ئێستا هۆکارى خۆخنکاندنى ئەو ژنەیان بۆ روون نەبووەتەوە، لە لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەى هۆکارەکەى ئاشکرا بکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە