رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تیمی فڕۆکەوانیی فریاگوزاریی هەولێر بەشدار دەبن لە گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا یوسف دا. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆرانیش دەڵێت، "ئێستا 24 کاژێر دەگەڕێین و تیمی شەوانەشمان داناوە."
رۆژی پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025، پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەمەبەستی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا سەید یوسف، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی نیسانی 2025، مەلا مستەفا مەسعود بارزانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بۆ بەجێگەیاندنی راسپاردە و فەرمانی سەرۆک بارزانی، پارێزگاری هەولێریان راسپارد کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تیمی فڕۆکەوانی فریاگوزاری شاری هەولێریش، لە سنووری (بێخمە تا قەزای خەبات) بخرێنە ئەرک و هەوڵەکان چڕتربکرێنەوە بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا یوسف.
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگای هەولێردا هاتووە، سەرۆک بارزانی سوپاس و دەستخۆشی لە سەرجەم تیمەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە ماوەی چەند رۆژێکە بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا.
هاوکات رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەڵمەتی گەڕان بەدوای ئاڤێستا نزیکەی پێنج رۆژە بەردەوامە، ئەمڕۆ تیمەکانمان لە کاژێر 05:30ـی بەیانییەوە تاوەکو 08:00ـی ئێوارە بەردەوام بوون لە گەڕان."
وەکو گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت: "ئەمڕۆ 24 تیمی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران کە 120 کارمەندی ئەمنی و بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بەردەوام بوون لە گەڕان، بەڵام تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت، "لەمشەوەوە تیمی شەوانمان داناوە، کە چاودێری دەکەن تاوەکو بەیانی، بەیانی تیمێکی دیکە دەڕوات، تاوەکو دەدۆزرێتەوە تیمەکانمان 24 کاژێر بەردەوام دەبن لە گەڕان."
ئاڤێستا یوسف بەرزنجی، تەمەن 27 ساڵ، دانیشتووی هەولێر، کاژێر 09:50ـی بەیانی رۆژی 5ـی نیسانی 2025 کەوتە نێو رووباری تەنگاتوور لە قەزای مێرگەسۆر و تائێستا بێسەروشوێنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ