رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی بە رووداوی گوت، کار دەکەن بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە شاری دێڵفیی یۆنان بە زنار شینۆ، پەیامنێری رووداوی گوت: "پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانیێتی لەنێوان یەکێتی و پارتی هەنگاوێکی ئاسان نییە. ئەم جارە ویستوومانە بە شێوازێکی دیکە ئەم حکومەتە پێکبهێنین. نەک دابنیشین و بڵێین، فەرموو تۆ ئەم پۆستەت هەبێت و من ئەم پۆستە وەردەگرم و وەرن پۆست دابەش بکەین."
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە رۆژی چوارشەممە 9ی نیسانی 2025 بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریکرد.
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، "هیوادارم و ئیشیش دەکەین بۆ ئەوەی زۆر پێش" هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کابینەی نوێی حکومەت پێکهاتبێت.
دەشڵێت: "ئەم جارە هاتووین گفتوگۆیەکی قووڵ و دوور و درێژمان کردووە لەگەڵ برایان لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دیدگەیەکی هاوبەش بۆ حکومڕانی و توانیومانە لەو چەند کۆبوونەوانەی ئەنجامدراون بگەینە دیدگەیەکی هاوبەش. ئێستا بەرە بەرە دەچینە قۆناخێکی دیکە کە تێیدا باسی تەشکیلەی کابینەکە دەکەین. بۆیە گەشبینم بەم پرۆسەیە، راستە ئاسان نییە، بەڵام حکومەتیش پێکدەهێنین و راشیدەگەیێنین و هیوادارین حکومەتی داهاتوو باشترین حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-04-2025، سەعدی ئەحمەد پیرە لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیکرد، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ''پارتی و یەکێتی لە دوو بەیانییەوە (شەممە) دەکرێت کۆببنەوە؛ واتا هەرچی زووترە لە هەفتەی داهاتوودا کۆ دەبنەوە.''
قوباد تاڵەبانی بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە یۆنانە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی. سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، ''بە گەڕانەوەی کاک قوباد لە هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەکان دەستپێدەکەن.''
لەبارەی نێوەرۆکی کۆبوونەوەی داهاتووی پارتی و یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، ''لەسەر زۆربەی شتە گرنگەکان رێککەوتوون، ئەگەر شتێک مابێت کە بیریان چووبێت قسەی لەسەر بکەن، ئەوە دەخرێتە بەر باس، بەڵام ئەوەی گرنگە و ماوەتەوە، بابەتی دابەشکردنی پۆستەکانە.''
وەک گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، دابەشکردنی پۆستەکان بە شێوەی جیاجیا دەکرێت، ''سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتە سیادییەکان، وەزارەتە خزمەتگوزاری و هونەرییەکان، لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکەی وەک فەرمانگەکان بە جیا دابەش دەکرێن، بۆ ئەوەی هیچ شتێک نەمێنێتەوە کە لایەنێک بڵێت لە گفتوگۆکاندا باس نەکراون''.
دەقی هەڤپەیڤینی زنار شینۆ لەگەڵ قوباد تاڵەبانی
رووداو: سەرەتا دەمەوێ هەندێک پرسیار لەبارەی دێلفییەوە بکەم. بۆمن سوپرایز بوو بەڕێزتان لە پانێڵەکەدا گوتتان 'دێلفی دەبەینە سلێمانی'. دێلفی نایەت بەڵام کۆڕبەندەکە دەبەن.
قوباد تاڵەبانی: سێ جار کوردستان دێت بۆ دێلفی، ئەمجارە کۆڕبەندی دێلفی دەگوازینەوە بۆ سلێمانی. 18 و 19ـی مانگی ئایاری ئەم ساڵ، ئیشاڵڵا کۆڕبەندێکی ئابووری نێودەوڵەتی لە سلێمانی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
رووداو: ئەمە هاوبەشێکی نوێیە ئێوە لەم چەند ساڵەدا هەوڵتان داوە ئەنجامی بدەن، بەڵام زۆر دیدار و کۆبوونەوەی دیکەشتان هەبووە لەگەڵ بەرپرسانی یۆنان و وڵاتانی دیکەش. دەرەنجامی ئەم کۆبوونەوانە چ سوودێکی دەبێت؟
قوباد تاڵەبانی: بێگومان یۆنان وڵاتێکە زۆر تایبەتمەندی خۆی هەیە. هەندێک لەم تایبەتمەندییانەی لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی کوردستان دەگونجێن. وڵاتێکە گەشتوگوزار یەکێکە لە ستوونەکانی ئابووری ئەم وڵاتە، کە ئێمە دەتوانین سوودی لێوەربگرین. ئەوان زۆر زیرەکانە توانیوویانە مامەڵە لەگەڵ کەرتی کشتوکاڵ بکەن. یەکێک لەو وڵاتانەیە کە 'گەشتوکاڵ' دابهێنن کە کەرتی کشتوکاڵ و کەرتی گەشتوگوزار لەگەڵ یەکدیدا بگونجێنن. ئێمەش لە هەرێمی کوردستان دەستمان بردووە بۆ ئەم کەرتە تازەیە. هەروەها یۆنان وڵاتێکە دوورنەبووە لە کێشەی دەرەکی و کێشە لەگەڵ دراوسێ، بەڵام توانیوویانە مامەڵەی چاک لەگەڵ ئەم کەیسانە بکەن. ئێمەش کە دێینە ئێرە هەمیشە هەوڵمانداوە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان لەنێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان بەهێزتر و فراوانتر و هەمەجۆرتر بکەین. ئیشاڵڵا سوودیشی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.
رووداو: ئێستا گەشتی راستەوخۆ لە نێوان ئەسینا و هەولێر هەیە. هەوڵ دەدرێت گەشتەکان فراوانتر بکرێن؟ تەنیا خەڵک گەشتوگوزار بکات یان کاری دیکەش بکرێت. هەوڵێکتان هەیە بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاسانی ڤیزەی یۆنان وەربگرێت؟ یان بۆ خەڵکی یۆنان بتوانن سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن؟
قوباد تاڵەبانی: بەدڵنیاییەوە کردنەوەی هێڵێکی گواستنەوە لە نێوان یۆنان و هەرێمی کوردستان یارمەتیدەر دەبێت بۆ بازرگانی و گەشتیاری و گەشەکردنی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەردوولا. ئەمە یەکێک لەو بابەتانە بوون ئێمە چەندینجار لە سەردانەکانمان بۆ دێلفی هەمیشە لەگەڵ حکومەتی یۆنان و تەنانەت لەگەڵ هێڵی ئاسمانی "ئی جی ئێنکا" کە ئێستا هاتووە بۆ کوردستان و داوامان کردووە ئەم هێڵە هەبێت. هیوادارین فراوانتر بێت و شاری دیکەی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە و دڵخۆشین بەو پەیوەندییەی لەنێوان یۆنان و هەرێمی کوردستان هەیە.
رووداو: هەندێک پرسیار لەبارەی هەرێمی کوردستان بکەین، بەتایبەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ. ئێمە وا تێگەیشتووین پارتی و یەکێتیی گەیشتوونەتە قۆناخێک ئەمڕۆ و سبەی کابینەی دەیەم رابگەیێندرێت. بەڵام بەڕێزتان لە پانێڵەکەدا گوتتان "ئاسان نییە". هۆکاری ئەم ئاسان نەبوونە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
قوباد تاڵەبانی: کێ پێیوایە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی لەنێوان یەکێتی و پارتی هەنگاوێکی ئاسانە؟ بۆیە هەموومان پێکەوە کاردەکەین. مێژوویەکی قووڵ و پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان ئەم دوو حیزبە هەیە بەڵام ئەمجارە ویستوومانە بەشێوازێکی دیکە ئەم حکومەتە پێکبهێنین. نەک تەنیا دابنیشین و بڵێین فەرموو تۆ ئەم پۆستەت هەبێت و من ئەم پۆستە وەردەگرم و وەرن پۆست دابەش بکەین. ئەمجارە هاتووین گفتوگۆیەکی قووڵ و درێژمان کردووە لەگەڵ برایان لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دیدگایەکی هاوبەش بۆ حوکمڕانی. هەروەها توانیوومانە لەم چەند کۆبوونەوانەی ئەنجامدراون چ لە لیژنە هونەرییەکە بێت یان لیژنە باڵاکە بێت. بۆ ئەوەی بگەینە دیدگایەکی هاوبەش. بێگومان هەنگاو بە هەنگاو بەرەو قۆناخێکی دیکە دەچین کە باسی پێکهێنانی کابینەکە دەکەین. بۆیە گەشبینم بەم پرۆسەیە. راستە ئاسان نییە بەڵام حکومەتیش پێکدەهێنین و رایدەگەیێنین. هیوادارین حکومەتی داهاتوو باشترین حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت.
رووداو: پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کابینەی دەیەم رادەگەیێندرێت؟ دەستبەکار دەبێت؟
قوباد تاڵەبانی: هیوادارم و بۆ ئەمەش کاردەکەین بۆ ئەوەی ماوەیەکی زۆر پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبێت.
رووداو: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هیچ هێڵێکی سووری بۆ هیچ پۆستێک هەیە لە کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان؟ یان پێتان وایە دەبێ گفتوگۆ لەسەر هەموو شتێک بکرێت؟
قوباد تاڵەبانی: دەبێ هەموو شتێک رێککەوتنی لەسەر بکرێت. چۆن توانیوومانە دوای چەندین کۆبوونەوە بگەینە دیدگایەکی هاوبەش بۆ چۆنێتی حوکمڕانیکردن لە هەرێمی کوردستان، بە هەمان شێوە دەبێ بگەینە دیدگایەکی هاوبەش لەسەر پۆستەکان لە کابینەی داهاتوو.
رووداو: جگە لە کابینە، پۆستەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هەرێمی کوردستان قسە و باسی لەسەر دەکرێت؟
قوباد تاڵەبانی: بێگومان، ئێمە باسی هەرێمی کوردستان و هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەکەین.
رووداو: ئێستا بۆ کورد دوو دۆسیەی گەرم هەیە، یەکێکیان لە باکوور و ئەوی دیکەیان لە رۆژئاوای کوردستان. گفتوگۆی دەم پارتی و بەڕێز ئۆجەلان لە باکوور، ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوە، سەرەتا بۆچوونی جەنابت بزانم و دواتریش وەکو جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش.
قوباد تاڵەبانی: ئێمە بە هەردوو دیوەکەی، هەم کەسی و حیزبی؛ هەمیش حکومی، خۆشحاڵین بەو پێشکەوتنەی کە ئەیبینین و ئەیبیستین لەو گفتوگۆیانەی کە هەن لەنێوان تورکیا و دەم پارتی لە پێناو چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کە بەڕاستی کێشەیەک بووە بۆ کوردستان، بۆ باکوور، بۆ تورکیا و بۆ ناوچەکە، بۆیە ئێمە خۆشحاڵین کە پێشکەوتن هەبووە لەم پرۆسەیە و لە یەکەم رۆژەوە لە رووی کەسی، حیزبی و حکومی پشتیوانیی خۆمان دەربڕیوە و ئامادەیی خۆشمان دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنی ئەم پرۆسەیە.
رووداو: بەرپرسانی باڵای تورکیا دەڵێن سلێمانی هەندێک پەیوەندیی لەگەڵ هەندێک لایەن هەیە، لەوانە باسی پەکەکە دەکرێت دەڵێن دەبێ پەیوەندییەکان کۆتایی بێت. بۆچوونی ئێوە؟
قوباد تاڵەبانی: هەست دەکەین بە گشتی زێدەڕۆییەک هەبووە لە هەندێ ناوەند لە تورکیا لەبارەی سلێمانی و مەترسیی سلێمانی لەسەر تورکیا و ئەمە جۆرێکە لە گوشارێکی نەگونجاو، ئێمە هەمیشە هەوڵمانداوە بیسەلمێنین کە دوژمنی هیچ لایەنێک نین، دەمانەوێت وەکو هەرێمی کوردستان، وەکو یەکێتی و وەکو پارێزگای سلێمانی دەمانەوێ دۆستی هەموو لایەک بین و هیچ کێشەیەکمان نییە لەگەڵ هیچ لایەنێک.
رووداو: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 1975 لە شام راگەیێندرا، پەیوەندیی یەکێتی و سووریا زۆر بەهێزبوو، تاوەکو ئەسەدیش مابوو نوێنەرایەتی لە سووریا مابوو. بۆ ئەم قۆناخە یەکێتی نوێنەرایەتیی دەمێنێت؟ حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی دەکاتەوە؟
قوباد تاڵەبانی: یەکێتی نوێنەرایەتییەکەی خۆی دانەخستووە و بەردەوامە لە پەیوەندییەکانی، هیچ گۆڕانکارییەک لە هەژموونی یەکێتی لە سووریا رووینەداوە و لە کار و پەیوەندیدایە. لەبارەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، کابینەی داهاتوو دەتوانێت بڕیاری لەسەر بدات.
رووداو: حکومەتی هەرێمی کوردستان چی دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا رێکبخات و مافی کورد پارێزراو بێت؟
قوباد تاڵەبانی: دەبێ ئێمە بە کردار خزمەتی رۆژئاوای کوردستان بکەین و پشتیوان بین لەو پرۆسەیەدا، بەهەر شێوەیەک بتوانین هاوکاریان بین، بە هەر شێوەیەک ئەوان پێویستیان بێت هاوکاریان بین، داهاتووی سووریا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگە، هیوادارین سووریای داهاتوو بۆ هەموو پێکهاتەکان بێت و بە ئارامی تێیدا بژین، بە سەربەرزی بژین، هەموو لایەنەکان بە کوردیشەوە نوێنەرایەتییەکی چالاکیان هەبێت لە هەموو ئاستەکانی حوکمڕانی، لە حکومەت و پەرلەمانی داهاتوو و لە سلکی ئەمنیش بەهەمانشێوە. لە رابردوو بینیومانە کە ستەم لە هەر پێکهاتەیەک بکرێت دەوڵەت فەشەل دەهێنێت، بۆیە پێموایە دەرفەتێکی زێڕینی رەخساوە بۆ تەواوی سووریا بۆ ئەوەی حکومەتێکی نوێ پێکبهێنرێت، بۆ ئەوەی دەستوورێکی نوێ پەسەند بکەن، بۆ ئەوەی ئاشتەواییەک بێت لەنێوان پێکهاتەکانی سووریا، سووریا ببێتەوە بەو وڵاتەی یەکێک بێت لە وڵاتانی جیهان.
رووداو: یەک داوکاریی کەسیم هەیە، ئەگەر ئێوە رێککەوتن لەسەر کابینەی داهاتوو، بیخەنە بەردەستی خەڵک بۆ ئەوەی بیبینین و رۆژنامەنووسێکی وەکو من بتوانێت لە داهاتوودا بیخاتە بەردەستی ئێوە و پێتان بڵێت ئەوە ئەنجامەکەی چی لێهاتووە؟ ئەمە دەکرێت؟
قوباد تاڵەبانی: ئێمە هیچ لاریمان نییە، (بە پێکەنینەوە) نهێنی نەوەوەوی تێدا نییە کە شاراوە بێت، دیدگایەکی هاوبەش هەبووە بۆ حکومڕانی و پێموایە ئەوە شتێکی زۆر زۆر ئاساییە و.. ماشەڵڵا ئێوەش ئەگەر پێشکەشیشتان نەکەین هەر دەیدۆزنەوە..
رووداو: مادام ناماندەنێ دەیدۆزینەوە.
قوباد تاڵەبانی: هەر زوو پێتان دەدەین، خۆ هەر رایدەگەیێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ