شارۆچکەیەکی رووها قەییوومی بۆ دانرا
رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی شارۆچکەی جورنێ رەش لە پارێزگای رووها کە دەم پارتی بردوویەتییەوە، تاوەکو دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن تێیدا لەلایەن قەییوومەوە بەڕێوەدەبرێت.
لە هەڵبژاردنەکەی 31-3-2024 پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە بردنەوەی 33.2٪ـی دەنگەکان، شارەوانیی جورنێ رەشی لە پارێزگای رووها بردەوە؛ ئاکپارتی 30.72٪ و سەرلەنوێ رەفاهـ 18.77٪ـی دەنگەکانی ئەو شارۆچکەیان بەدەستهێنا.
دوای ئەوەی ئاکپارتی ناڕەزایی خۆی لەبارەی دەنگدانی لە شارۆچکەکە پێشکێشی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا کرد، بڕیاردرا رۆژی 2-6-2024 هەڵبژاردن لە شارۆچکەی جورنێ رەش دووبارە بکرێتەوە. تاوەکو کاتی هەڵبژاردن ئورهان غازی کاراکاش، قایمقامی جورنێ رەش وەکو قەییووم لە شوێنی سەرۆکی شارەوانی کاروبارەکان بەڕێوەدەبات.
ئاکپارتی ناڕەزایی لەبارەی 15 سندووق بەرزکردبووەوە و ئەوەش وایکرد، بڕیاری دووبارەکردنەوەی دەنگدان لەو شارۆچکەیە بدرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە دوای ناڕەزاییەکان، گرتەی ڤیدیۆیی سووتاندنی پسووڵەی دەنگدان لەلایەن خزمانی ئاسڵان عەلی بایک، بەربژێری ئاکپارتی لە شارۆچکەی جورنێ رەش بڵاوبووەوە. دوای بەدواداچوون 7 لەو خزمانەی بەربژێرەکەی ئاکپارتی دەستگیرکران و خرانە زیندانەوە.
رۆژی 31ـی ئاداری 2024، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەچوو. جەهەپە 17 ملیۆن و 391 هەزار و 548 دەنگی بەدەستهێنا و بە 37.77٪ بە یەکەم دەرچوو و سەرۆکایەتیی 35 شارەوانی بەدەستهێنا؛ ئاکپارتی بە 16 ملیۆن و 339 هەزار و 771 دەنگ بە رێژەی 35.49٪ دووەم بوو و سەرۆکایەتیی 24 شارەوانیی بەدەستهێنا. دەم پارتی بە دوو ملیۆن و 625 هەزار و 588 دەنگ و بە رێژەی 5.70٪ براوەی سێیەم بوو کە سەرۆکایەتی 10 شارەوانیی شارەکانی بەدەستهێنا؛ مەهەپە بە دوو ملیۆن و 297 هەزار و 662 دەنگ 4.99٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سەرۆکایەتیی هەشت شارەوانیی شارەکانی بردەوە. پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە دوو ملیۆن و 851 هەزار و 784 دەنگ و بەرێژەی 6.19٪ی دەنگەکان دوو شارەوانی بردەوە.