رووداو - سلێمانی
لە سەیدسادق لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان، 'لەسەر کێشەی خانوو' کەسێک براکەی خۆی دەکوژێت و رادەکات.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 10:00ی بەیانی لە سەیدسادق دوو برا دەبێتە دەمەقاڵەیان و لە ئەنجامدا یەکێکیان ئەوی دیکەیان بریندار دەکات، تاوەکو گەیشتن بە نەخۆشخانە بریندارەکە گیان لەدەستدەدات، تیمەکانی پۆلیسیش سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.
ناسیح عەلی خەیات، پوورزای کوژراوەکە بە رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی (ب. ع) دەیەوێت بچێت بۆ جەژنە پیرۆزە لە دایکی، بەڵام وریای برای رێگە نادات بیبینت و دەبێتە دەمەقاڵەیان. (ب. ع) دەگەڕێتەوە ماڵی خۆی و دواتر بە چەکی M4 دەگەڕێتەوە، تەقە لە براکەی دەکات و سێ فیشەکی لێدەدات."
ناسیح عەلی خەیات، سەبارەت بە کێشەی ماڵی پووری گوتی، کێشەکە "لەسەر خانوویەکی بچووکی وەرەسەیە،" کە 10 ساڵە ئەو کێشەیە بەردەوامە و دوای چەندجارێک هەوڵدان، نەتواندرا چارەسەر بکرێت، ئەمڕۆ وریا بەهۆیەوە کوژراوە.
بکوژ کارمەندی هێزە ئەمنییەکانە، پلەی هەیە و تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە.
وریا عەبدوڵڵا تەمەنی 32 ساڵە، خێزاندار نییە و راهێنەری مەلەوانی بووە؛ شەش برای هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ