چیرۆکی ئەو دوو هاوژینەی ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕا و یەکێکیان گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
 کۆچی هاوژینە جوانەمەرگەکەی ئێش و ئازارەکانی چیمەنی دوو هێندەی دیکە قورس کردووە.
 
رەشید عەبدوڵڵا شەوی 9ی نیسانی 2024، لە کاتی گەڕانەوەی لەگەڵ هاوژینەکەی بەهۆی بارانی بەلێزمە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لەسەر رێگای هەولێر - شەقڵاوە، لە دەربەندی کۆڕێ ئۆتۆمبێلەکەی وەردەگەڕێت، بەهۆیەوەی هاوژینەکەی بریندار دەبێت و خۆیشی گیان لەدەستدەدات.
 
رەشید پێشمەرگە بوو لە لیوای 21ی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ، لەگەڵ تەواوبوونی ئەرکەکەی چووەتە نەخۆشخانە بۆ لای براکەی تاوەکو دایکە نەخۆشەکەیان ببەنەوە ماڵ.
 
ئەم دوو برایە هەر یەکەیان بە ئۆتۆمبێلێک رۆشتوون، تاریکی شەو و بارانی بەخوڕ لێکی دابڕاندوون، بەر لەوەی برا گەورەکەی بگاتەوە ماڵ هەواڵی مردنی برا بچووکەکەی لە نیوەی رێگا دەیتاسێنێت.
 
رەشید عەبدوڵڵا تەمەن 43 ساڵ باوکی 8 منداڵ بوو.
 
کەسوکارەکەی دەڵێن، پێشتر کرێچی بووە لە پیرمام، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی داراییان نەیتوانیوە کرێی خانوو بدات و سێ مانگە ماڵی هێنابووە گوند.
 
ئەو ئۆتۆمبێلەی کە پێی تووشی رووداوەکە بوو بە قیستی مانگانە کڕیبووی و هێشتا بەشێکی پارەکەی نەداوە.