ژمارەیەک کۆنگرێسمان داوا لە بایدن دەکەن کار بۆ ئازادکردنی بارمتەیەک لە دەست کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بکات
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا [ئەنجوومەنی نوێنەران] لە نامەیەکدا داوا لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان دەکەن کار بۆ ئازادکردنی توێژەرێکی ئیسرائیلی – رووسی بکەن، کە لەلایەن کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقەوە بە بارمتە گیراوە.
نامەکە، کە واژۆی 16 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکای لەسەرە و تێیدا داوا لە سەرۆکی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کراوە پێش سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا گوشاری لێبکرێت کار بۆ ئازادکردنی بارمتەکە بکات.
ئیلیزابێس سرکۆڤ خوێندکاری دکتۆرایە لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی پرینستن لە ئەمریکا و لە ئاداری رابردوو لەکاتی سەردانێکیدا بۆ عێراق بۆ نووسینی تێزی دکتۆراکەی کە لەسەر "جووڵانەوەی شیعە" بوو، لە بەغدا رفێندراوە.
دوای ئەوەش لە تەممووزی رابردوو، بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند، ئیلیزابێس لەلایەن چەکدارانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵاوە لە عێراق رفێندراوە.
لە نامەکەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا هاتووە، "خاتوو ئیلیزابێس نزیکەی ساڵێکە دەستبەسەرە، بەپێچەوانەی ئەو راگەیێندراوەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، ئەو ئەفسەری سی ئای ئەی نییە، بەڵکو خوێندکارێکی دکتۆرایە لە زانکۆی پرینستن و بۆ توێژینەوە سەردانی عێراقی کردووە".
بەرپرسانی عێراقیش رایانگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی لێکۆڵینەوەکە بڵاونەکراوەتەوە.
لە تشرینی دووەمی رابردوو، گرتە ڤیدیۆییەکی ئیلیزابێس بڵاوبووەوە کە تێیدا بە زمانی عیبری داوای کرد کار بۆ ئازادکردنی بکرێت و گوتی بۆ "مەبەستی سیخوڕی" سەردانی عێراقی کردووە، بەڵام ئیسرائیل و ئەمریکا ئەوە رەتدەکەنەوە ئیلیزابێس کاری بۆ ئەوان کردبێت و رایانگەیاند، لەژێر گوشاردا ئەو قسانەی کردووە.
ئیلیزابێس جگە لەوەی خوێندکاری دکتۆرایە کاری رۆژنامەڤانی کردووە و پێش رفاندنی چەندین جاری دیکە سەردانی عێراقی کردووە.