شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کەشناسێکیش هۆشداری لە روودانی لافاو دەدات

10-04-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. کەشناسێکیش دەڵێت، رۆژی چوارشەممە بارانی "زۆر بەهێز" دەبارێت و مەترسیی لافاو لە تەواوی هەرێمی کوردستان هەیە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کەشناسیی هەرێمی کوردستان کە رۆژی دووشەممە 10ی نیسانی 2023 بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ و سبەی شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەی گەرماش دادەبەزێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سبەی لە شەودا بارانبارین زیاد دەکات و خێرایی با 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا، هەروەها پلەی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ 4 بۆ 5 پلە دادەبەزێت.
 
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ دووشەممە 10-04-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەپۆلی بارانبارین لە کاژێر 11:00ی شەوی سێشەممەوە بەهێز دەبێت." گوتیشی، "لە سەنتەری سلێمانی زۆرترین باران دەبارێت و رەنگە بگاتە 100 ملیمەتر، لە سەنتەری هەولێریش نزیکەی 60 ملیمەتر باران دەبارێت؛ لە دهۆک و هەڵەبجەش بارانی زۆر باش دەبارێت."
 
بە گوتەی ئاراس جەبار، شەپۆلەکە ئێوارەی چوارشەممە بەهێزتریش دەبێت و مەترسیی لافاو لە تەواوی شارەکانی هەرێمی کوردستان هەیە. گوتیشی، بەرەبەیانی پێنجشەممە شەپۆلەکە لاواز دەبێت و کاریگەریی نامێنێت، تاوەکو رۆژی هەینی بە تەواویی کۆتایی دێت.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی سێشەممە 11-04-2023 لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
هەولێر: 19 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 20 پلەی سیلیزی
دهۆک: 18پلەی سیلیزی
کەرکووک: 23 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 23پلەی سیلیزی
زاخۆ: 19 پلەی سیلیزی
سۆران: 15 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 26 پلەی سیلیزی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە