لە رەمەزاندا زیاتر لە 5000 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ عومرە سەردانی سعودیەیان کردووە

10-04-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمساڵ زیاتر لە 25 هەزار هاونیشتمانی و تەنیا لە رەمەزانیشدا زیاتر لە 5000 کەس بۆ عومرە سەردانی سعودیەیان کردووە.
 
رۆژی دووشەممە 10-04-2023 کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمساڵ زیاتر لە 25 هەزار هاونیشتمانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە و تەنیا لە رەمەزانیشدا زیاتر لە 5000 کەس سەردانی سعودیەیان کردووە بۆ بەجێگەیاندنی عومرە."
 
بە گوتەی کاروان ستوونی، بەهۆی کەمبوونەوەی تێچووی عومرەوە ئەمساڵ ژمارەیەکی زیاتر هاونیشتمانی بەراورد بە ساڵی رابردوو سەردانی سعودیەیان کردووە و عومرەیان کردووە. دەشڵێت، "ساڵانی رابردوو تێچووی عومرە زیاتر لە 1700 دۆلار بوو، بەڵام ئەمساڵ بە 1100 دۆلار بووە."
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ژمارەی زۆری عومرەکاران کرد و گوتی، "جگە لە کەمبوونەوەی تێچووی عومرە، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی ژمارەی عومرەکاران ئەوەیە ئەمساڵ سعودیە ئەو رێکارانەی هەڵگرت کە ساڵانی رابردوو بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا جێبەجێی دەکردن."
 
شەممەی رابردوو دوایین کاروانی عومرەکارانی ئەم مانگە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتوون. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "دووەم و سێیەم رۆژی جەژن دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان."
 
جگە لە رێگەی ئاسمانی، بەشێک لە عومرەکاران بۆ بەجێگەیاندنی عومرە لەرێگەی وشکانییەوە سەردانی سعودیە دەکەن. بەپێی ئاماری سعودیە، لە سەرەتای وەرزی عومرەوە لە رێگەی دەروازەی عەرعەرەوە سەروو 200 هەزار عومرەکاری عێراق و هەرێمی کوردستان گەشتی عومرەیان کردووە.
 
نرخی گەشتی عومرە لە رێگەی وشکانییەوە نزیکەی 500 دۆلارە، بەهۆی جیاوازیی نرخەکەی، ئێستا بەشێکی زۆری خەڵک بە رێگەی وشکانیدا عومرە دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە