بەڕێوەبەری کاری کرماشان: ئەمساڵ هەلی کار بۆ 34500 کەس دەڕەخسێندرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی کرماشان دەڵێت، ساڵی رابردوو هەلی کاریان بۆ زیاتر لە 48 هەزار کەس رەخساندووە و پلانیان هەیە ئەمساڵیش هەلی کار بۆ 34500 کەسی دیکە بڕەخسێنن.
 
موختار ئەحمەدی، بەڕێوەبەری کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی کرماشان رۆژی 09-04-2023 گوتی، "بۆ رەخساندنی هەلی کار، دەیانەوێت پەرە بە پیشەسازییە بچووکەکان بدەن و ئەمەش لە ئامانج و ستراتیژییەکانی وەزارەتی کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتییە."
 
بە گوتەی موختار ئەحمەدی، ئامانجی ساڵی رابردوویان رەخساندنی 46 هەزار هەلی کار بووە، بەڵام هەلی کاریان بۆ 48300 کەس رەخساندووە.
 
بێکاری کێشەیەکی لەمێژینەی کرماشانە و چەندین ساڵە یەکێک لە پارێزگا یەکەمەکانە لە ئێران بۆ بەرزترین رێژەی بێکاری.
 
یاوەر محەممەدی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پیشەیی پارێزگای کرماشان، رۆژی 06-07-2022 گوتی، 14%ی پیاوانی پارێزگای کرماشان بێکارن و ژنانیش 19%.
 
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی پیشەیی پارێزگای کرماشان، لە 600 هەزار کەس کە لەو پارێزگایەدا تەمەنیان لە ئاستی تەمەنی کارکردندایە، 98 هەزار کەسیان بێکارن.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، مانگی ئابی ساڵی رابردوو لە سەردانێکدا بۆ کرماشان گوتی، "دەبێت بەرپرسانی کرماشان هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری بدەن و نووسینگەیەک بۆ ئەو مەبەستە بکەنەوە و یەکێک لە کارەکانی چالاککردنەوەی کارگە بەرهەمهێنەرە ناچالاکەکان بێت."
 
بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، لە پارێزگای کرماشاندا 870 کارگەی بەرهەمهێنەر هەیە، بەڵام 100 کارگەیان داخراون و نزیکەی 200 کارگەشیان نیوەچالاکن.