پێنج رۆژە دوو کۆڵبەر لە بانە کەوتوونەتە نێو بەنداوی کێلە و تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەوەی سەرەتای ڤیدیۆکە دەیبینن، روانینە بۆ دۆزینەوەی ئاسەوارێک لەو دوو کۆڵبەرەی کە لە شەوی چوارشەممە، 5ـی نیسانەوە کەوتوونە نێو بەنداوی کێلەی بانە، بەڵام پێنج رۆژ گەڕان بەشوێنیاندا بێ ئەنجام بووە.
 
ئەفشین فەلاحی، 22 ساڵان و مەهدی رەحمەتی 23 ساڵان خەڵکی شاری سەقزن و بۆ کۆڵبەری هاتووچۆی سنوورەکانی بانەیان کردووە.
 
جەمال فەلاحی، باوکی ئەفشین فەلاحی دەڵێت: "پێنج رۆژە ئەو کوڕەی من کەوتووەتە ئاوەکەوە.. خاوەنی بارەکە نایێت پێمان بڵێت کوڕەکەم لە کوێوە کەوتووەتە ئاوەکەوە."
 
ئەو دوو کۆڵبەرە ویستوویانە بارەکانیان بە بەلەم لە بەنداوی کێلە بپەڕێننەوە. لە رێگەدا بەلەمەکەیان وەرگەڕاوە و کەوتوونەتە نێو ئاوەکە. کەسوکاریان دەڵێن، خاوەن بارەکە لە رووداوەکە ئاگاداری کردوونەتەوە، بەڵام پێیان ناڵێت، رووداوەکە رێک لە چ شوێنێک روویداوە.
 
پێنج تیمی مەلەوانی شارەزا لە شارەکانی بانە، سەقز، بۆکان، مەریوان و سنە بۆ دۆزینەوەیان چوونەتە بەنداوی کێلە، بەڵام هێشتا تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە و سەرەداوێکیان دەستنەکەوتووە.
 
سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی بانە رایگەیاندووە، بە هۆی زۆربوون و ساردی و لێڵی ئاوی بەنداوەکە، تاوەکو ئێستا هەوڵەکانیان بە ئەنجام نەگەیشتووە. بڕیار وایە رۆژی سێشەممە، ژمارەیەکی زیاتر مەلەوان لە شارەکانی مهاباد و ورمێشەوە بە کەرەستە و پێداویستی زیاترەوە بچنە بەنداوی کێلە بۆ دۆزینەوەیان.