لەگەڵ رەنج؛ كەمیی دەرمان ‌و پێداویستی دیکەی پزیشكی كێشەیەكی بەردەوامی سلێمانییە

رووداو دیجیتاڵ

كەمیی دەرمان ‌و پێداویستی دیکەی پزیشكی بووەتە كێشەیەكی بەردەوامی سلێمانی ‏و کۆمپانیاکان هۆشداری ئەوەیان داوە چی دیکە توانای دابینکردنی دەرمانیان بۆ تەندروستیی سلێمانی نەماوە. بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانیش دەڵیت، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تاوەکو 15 رۆژی دیکە هیچ پێداویستییەکیان بۆ قەستەرە و زۆربەی نەشتەرگەرییەکان نامێنێت.
 
رۆژی یەکشەممە 09-04-2023 بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، رێبوار بازیانی، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ‏‏سلێمانی، جەلال محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ‏محەممەد لەتیف، نوێنەری كۆمپانیاكانی بواری تاقیگەی پزیشكی ‌و ‏بەڕێوەبەری فرۆشتن لە كۆمپانیای ئەكوا درۆپ‏، محەممەد كاوانی، نوێنەری كۆمپانیایەكی دەرمان لە شاری هەولێر، دانا عومەر، نوێنەری كۆمپانیایەكی دابینكردنی پێداویستی تاقیگەی ‏پزیشكی و كامەران ئەحمەد، نوێنەری كۆمپانیاكانی پێداویستییە پزیشكییەكان‏ ‏تاوتوێی دۆخی دەرمانی لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی کرد.
 
"حکومەت قەرزداری کۆمپانیاکانە"
 
سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی کێشەکانی پەیوەست بە دروستبوونی قەیرانی دەرمانی لە پارێزگای سلێمانی خستەڕوو و باسی لەوەکرد ئەوان لە سنووری دەسەڵاتی خۆیان دەرنەچوون و حکومەت پارەی کۆمپانیاکانی نەداوە.
 
سەباح هەورامی رایگەیاند "ئێمە سنووری دەسەڵاتە داراییەکانمان نەبەزاندووە، ئەو بڕە پارەیەی بۆمان دیاریکراوە وەکو خۆی خەرجی دەکەین. حکومەت و وەزارەتی دارایی قەرزداری کۆمپانیاکانن، نەوەک بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، لەبەرئەوەی وەزارەتی دارایی و بانکەکان پارەیان بۆ ئێمە تەرخانکردووە، بەڵام کاتێک ئێمە خەرجی دەکەین، ئەوان ناتوانن بیدەنە کۆمپانیاکان".
 
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی لەبارەی هۆکاری دروستبوونی قەیرانی دەرمان لەو پارێزگایە گوتی "پێش ساڵی 2021، ئێمە لە سلێمانی مانگانە 20٪ـی پارەی دەرمانمان بۆ کۆمپانیاکان خەرج دەکرد و بە رێکوپێکی پارەیان لە بانکەکان وەردەگرت. دۆخەکە بە جۆرێک بوو کۆمپانیاکانی هەولێر و دهۆکیش دەهاتن و لە سلێمانی بازرگانییان دەکرد و ئێمە بە نرخێکی هەرزان دەرمانمان دەستدەکەوت".
 
سەباح هەورامی گوتی "دواتر کە زانیان دەرمان بە نرخی 30٪ کەمتر لە سلێمانی کڕدراوە بەراورد بە هەولێر و دهۆک، بەدوای هۆکارەکەدا گەڕان. ئەو کات لە هەولێر 5٪ـی پارەی کۆمپانیاکانیان دەدا، بەڵام لە سلێمانی 20٪ بوو؛ بۆیە بە بڕیارێکی جێگری بەڕێوەبەری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتی بانکەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا دەبێت لە سلێمانیش 5٪ـی پارەی کۆمپانیاکان بدرێت، ئەوە لەبری ئەوەی هەولێر و دهۆکیش بکرێتە 20٪ و دەرمان هەرزان بێت".
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بە سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و کێشەی مووچە لە هەرێمی کوردستان دا و گوتی "وەزارەتی دارایی فەرمانی دەرکرد، دەبێت مووچە پڕبکرێتەوە و نابێ پارە بۆ هیچی دیکە خەرجبکرێت تاوەکو مووچە بەتەواوەتی دەدرێت. داهاتی سلێمانیش بەشی ئەوەی نەدەکرد مووچەی پێ پڕکرێتەوە، ئەوەش وایکرد پارەی کۆمپانیاکانی دەرمان بووەستێنرێت".
 
سەرمایەی کۆمپانیاکانی دەرمان لای حکومەتە
 
سەباح هەورامی پێیوایە "کۆمپانیاکانی دەرمان بۆیە ئێستا مامەڵەیان لەگەڵدا ناکەن، چونکە هەموو سەرمایەکەیان هاتووەتە لای ئێمە (حکومەت)، واتە ئەگەر کۆمپانیایەک 10 ملیار سەرمایەی هەبێت، پێنج ملیاری لای ئێمەیە".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی، "ساڵی 2022 لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی تەندروستی و ئەنجوومەنی وەزیران هاتن بۆ سلێمانی و دوو پێشنیازمان خستە بەردەستیان. یەکێکیان ئەوە بوو کێشەکەی بەتەواوەتی چارەسەر دەکرد و ئەوی دیکەیان چارەسەریی کاتی کێشەکەی دەکرد". 
 
سەباح هەورامی دەڵێت، کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان مانگانە شەش ملیار دیناری بۆ خەرج دەکرێت و ئاماژە بەوە دەکات "ئەو برە پارەیە خەرجی نەخۆشخانەیەکی ئوردنە. لەو بودجەیەدا یەک ملیار و 600 ملیۆنی بۆ تەندروستی سلێمانییە، بەو حاڵەشەوە گوتمان با ئەو بودجەیە لە پارەی نەوت بدرێت و نەخرێتە سەر داهاتی نێوخۆ، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە".
 
بانکەکانی هەولێر و دهۆک چەکی کۆمپانیاکانی سلێمانی وەرناگرن
 
ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی هەیە، لە بانکەکانی هەولێر و دهۆک چەکەکانیان بۆ خەرج ناکرێت، سەباح هەورامی دەڵێت، داوایان لە حکومەت کردووە تاوەکو کێشەی نەختینە لە سلێمانی چارەسەردەبێت، لە هەولێر پارەیان بۆ خەرج بکرێت.

 

 
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی گوتی "تاوەکو پێش ساڵی 2020 زیاتر لە 40 ملیار دۆلار پارەی سندووقی شێرپەنجە بۆ کۆمپانیاکانی دەرمانی هەولێر و دهۆک خەرجکراوە، گوتمان ئێستا ئێمە کێشەی نەختینەمان هەیە و با چەکی کۆمپانیاکانی دەرمانی سلێمانی لە هەولێر و دهۆک خەرجبکرێت و کۆمپانیاکان لەوێ پارە وەربگرن؛ بۆ ئەمەش تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ وەڵامێکی نەداوینەتەوە".
 
سەباح هەورامی هۆشداریی دا لە کەمیی دەرمان و پێداویستی دیکەی تەندروستیی گشتی لە سلێمانی و دەڵێت: "ئەگەر بەمدۆخەی ئێستا بڕۆینە پێش، سەرجەم ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشیی دڵ دەبن یان پێویستییان بە خزمەتگوزاری کتوپڕی وەکو قەستەرە دەبێت، گیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە. بۆ بابەتە فریاگوزارییە خێرا و گرنگەکان رەنگە بەرگەی تاوەکو جەژنی رەمەزان نەگرین و هیچ پێداویستییەکمان نەمێنێت. لە بەشەکانی شێرپەنجە و نەشتەرگەریش دۆخمان زۆر زۆر خراپە".
 
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی دەشڵێت "تاوەکو جەژنی رەمەزان دۆخەکە وای لێدێت، ئەگەر خەڵک پارەی هەبوو و توانی بچێتە نەخۆشخانەی تایبەت ئەوە باشە، دەنا دەبێ چاوەڕێی قەدەر بکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان پێدانی مووچەی لە دەرمان و پێداویستی پزیشکی و ژیانی خەڵک لا گرنگترە. لە ماوەی کەمتر لە 15 رۆژدا ئێمە هیچ کەرەستەیەکی قەستەرە و بەشێکی زۆر لە نەشتەرگەرییەکانمان نامێنێت".
 
13 کۆمپانیا لە سنوورەکان داهات بۆ گەنجینەی گشتی ناگەڕێننەوە
 
رێبوار بازیانی، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ‏‏سلێمانی دەڵێت، 13 کۆمپانیا لە خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان هەن بەدەر لە رێنماییەکان خەڵکیان ناچار کردووە گرێبەستیان لەگەڵدا بکەن و داهاتەکانیشیان نەگەڕاندووەتەوە بۆ گەنجینەی گشتی.
 
رێبوار بازیانی دەڵیت: "لیژنەمان پێکهێنا و سەردانی هەموو دەروازە سنوورییەکانمان کرد و دواتر راپۆرتێکمان دایە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ناوخۆ. 13 کۆمپانیا لە سنوورەکان کاردەکەن کە بەپێی یاسا مۆڵەتی کۆمپانیایان هەیە، بەڵام یەک دینار لە داهاتی رۆژانەیان نادەنە گەنجینەی گشتی سلێمانی. لە هەموو سنوورەکان ئەو کۆمپانیایانە هەن کە تەنیا ساڵانە باجی ئاسایی خۆیان دەدەن".
 
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ‏‏سلێمانی گوتی "ئەو کۆمپانیایانە لە گرێبەستەکەیاندا لەگەڵ حکومەت، گوتراوە دەتوانن ئارەزوومەندانە گرێبەست لەگەڵ هاووڵاتییان یان ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر بکەن بۆ ئەوەی کرێی گەراج یان پارەی بیمەیان لێبستێنن، بەڵام هەموویان ئەو گرێبەستەیان کردووە بە ناچاری".
 
وەکو ئاماژەشی پێدەدات "راپۆرتەکەمان دایە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەویش فەرمانی دەرکرد کە ئەو کۆمپانیایانە سەرجەمیان لاببرێن و ئەو پارەیەی وەریشیان گرتووە لێیان بستێننەوە، بەڵام نە کۆمپانیاکان لاچوون و نە پارەکەشیان لێ وەرگیرایەوە".
 
"دەرمانی 40 دۆلاری بە 320 هەزار دینار دراوە بە حکومەت"
 
رێبوار بازیانی دەڵێت، بەهۆی دواخستنی پارە و نەدانەوەی قەرزەکانیان، بەشێکی کۆمپانیاکان دەرمانیان بە چەند هێندەی نرخی ئاسایی خۆی داوەتە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان. 
 
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ‏‏سلێمانی گوتی: "بەدواداچوونمان کردووە و کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان هەیە دەرمانی بە 40 دۆلار کڕیوە و بە 230 هەزار دینار داویەتی بە تەندروستی گشتی، ئەویش ناچار بووە بیکڕێت، چونکە بە قەرز دەیکڕێت. هاوکات پێداویستی تاقیگەیی هەبووە کە نرخی لە بازاڕ 10 دۆلار بووە، بەڵام کۆمپانیا بە 20 دۆلار داویەتییە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی".
 
"حکومەت لە سلێمانی 31 ملیار دینار قەرزداری کۆمپانیاکانی دەرمانە"
 
محەممەد كاوانی، نوێنەری كۆمپانیایەكی بواری دەرمان لە شاری هەولێر دەڵێت: "حکومەت لە سلێمانی شەش ملیار و لە هەولێریش 10 ملیار دیناری کۆمپانیاکەمان قەرزدارە. سەرجەم کۆمپانیاکانی دەرمان پارەیان لای حکومەتە، بەڵام هەولێر و دهۆک لە سلێمانی باشترن، چونکە لەوێ چەکمان بۆ دەکرێت و 5٪ـی پارەکە مانگانە دەدرێت، هەرچەند دوو مانگە ئەو پارەیە لە هەولێریش وەستاوە، بەڵام لە سلێمانی لە 2021ـەوە تاوەکو ئێستا هیچ پارەیەکیان پێنەداوین".
 
 
هاوکات دانا عومەر، نوێنەری كۆمپانیایەكی دابینكردنی پێداویستیی تاقیگەی ‏پزیشكی‏ باسی لەوەکرد، گرێبەستیان لەگەڵ تەندروستیی سلێمانی هەیە و ئێستا پێنج ملیار دیناریان لای وەزارەتی داراییە، وەکو ئاماژەشی پێدەدات "تاوەکو ئێستا هیچمان بۆ خەرج نەکراوە. پێش ساڵی 2021 سلێمانی زۆر باش بوو لە خەرجکردنی پارە و مانگانە 20٪ـیان بۆ خەرج دەکردین و هەفتانە پارەیان پێدەداین، بەڵام لەدوای 2021ـەوە سلێمانی لە خەرجکردنی پارە بۆ کۆمپانیاکان، کێشەی بۆ دروستبووە". 
 
ئەو خاوەن کۆمپانیایە دەشڵێت "راستە لە 2021ـەوە ماف و شایستەکانمان بە باشی بۆ خەرج نەکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکو ئێستا کۆمپانیاکەمان دۆخی سلێمانی لەبەرچاو گرتووە، بەڵام کۆمپانیاش توانایەکی دیاریکراوی هەیە. ئەوەی لەتواناماندا بووە کردوومانە و درێخیمان نەکردووە، تا ئەمڕۆش دەرمانمان بۆ تەندروستی سلێمانی دابینکردووە".
 
دانا عومەر باسی ئەوە دەکات "دەرمان لە دەرەوە دەکڕین، دەبێ بە پارەی کاش بیکڕین و کرێی گواستنەوە و گومرگی لێدەدەین، بەڵام لێرە بیدەین بە تەندروستی و ئەوانیش پارە نەبێت بماندەنێ، بێگومان ناتوانین بەردەوام بین.کۆمپانیا هەیە توانای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرەکانیشی نەماوە".
 
 
كامەران ئەحمەد، نوێنەری كۆمپانیایەکی پێداویستییە پزیشكییەكان‏ ‏باسی لەوەکرد، یەک ملیار و 500 ملیۆن دیناریان لای حکومەتە و دەڵێت: "هەموو ئەو دەرمانەی دابینمان کردووە بۆ تەندروستی سلێمانی بووە. لە مانگی 11ـی 2021ـەوە پارەمان وەرنەگرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا قەرزی ساڵەکانی 2014 و 2015ـشمان لای حکومەت ماوە و وەرمان نەگرتووە. تەنیا لە سلێمانی لە 2021 تاوەکو 2023، حکومەت 32 ملیار دینار پارەی دەرمان بە کۆمپانیاکان قەرزدارە".
 
"بانکەکانی سلێمانی نەیانتوانیوە بە باشی ئیدارەی نەختینە بدەن"
 
جەلال محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان پێیوایە گرفتی پارەی نەخت و خەرجکردنی پارەی چەک بۆ کۆمپانیاکانی دەرمان تەنیا لە سلێمانی نییە و دەڵێت "لە هەولێر و دهۆکیش ئەو کێشەیە هەیە، بەڵام نەبوونی پارەی کاش بەو زەقییە لە سلێمانی بەرپرسیاریەتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی بەڕێوەبەری گشتی بانکەکان لەو پارێزگایە کە نەیتوانیوە بە باشی ئیدارەی پارەی نەختینە بدات".
 
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "لە سەردەمی کۆرۆنادا 27 ملیار دینار لە بانکی باخان بۆ چەکی دەرمانی هەولێر و دهۆک خەرجکراوە، بەڵام ئێستا چەکی سلێمانی لە بانکەکانی هەولێر و دهۆک خەرج ناکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو سێکتەری سەربازی و داراییدا یەکگرتوو نییە و لەو رووەوە دوو ئیدارەیی هەیە".
 
 
هیچ کۆمپانیایەک گرێبەستی لەگەڵ تەندروستی سلێمانی هەڵنەوەشاندووەتەوە
 
محەممەد لەتیف، نوێنەری كۆمپانیاكانی بواری تاقیگەی پزیشكی ‌و ‏بەڕێوەبەری فرۆشتن لە كۆمپانیای ئەكوا درۆپ‏ دەڵێت: "لە کۆتایی 2020 گرێبەستمان لەگەڵ تەندروستی سلێمانی کرد. ئەوکاتە مانگانە 20٪ـی پارەی دەرمانیان پێدەداین. بەو پێیە بووایە ئێمە لەماوەی پێنج مانگ هەموو قەرزەکەمان لای حکومەت سفر دەبووەوە، بەڵام دواتر بڕیارێک هات و ئەو رێژەیە بۆ 5٪ گۆڕا".
 
بە گوتەی محەممەد لەتیف: "تاوەکو ئێستا هیچ کۆمپانیایەک گرێبەستی لەگەڵ کەرتی تەندروستی هەڵنەوەشاندووەتەوە و ئەو گردبوونەوە و هەڵوێستەش کە هەمانبووە، تەنیا بۆ ئاگادارکردنەوەی حکومەت بوو بۆ ئەوەی بەخۆیدا بچێتەوە و بزانێت کە ئێمەش لە تواناماندا نەما. ئەو هەموو پارەیەی ئێمە لە کەرتی گشتیدا گیری خواردووە، کەرتی تایبەتیش تووشی گرفت دەکات، لەبەرئەوەی هەر ئێمەین لە کەرتی تایبەتیش دەرمان و پێداویستی پزیشکی دەفرۆشین".