وەزیری دەرەوەی تورکیا: پەکەکە پارتەکەی تاڵەبانیی کۆنترۆڵکردووە و دژایەتیی هەولێر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەڤزیۆنیدا ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 10-4-2023 رایگەیاند، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سلێمانی کۆنتڕۆڵکردووە و بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە "دزەبکاتە" هەولێر "هەوڵی لاوازکردنی دەدات."
چاوشئۆغڵو لەبارەی رووداوی کەوتنی هێلیکۆپتەرێک لە پارێزگای دهۆک گوتی: "بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستمانکەوتوون، ئەو هێلیکۆپتەرەی تیرۆریستان بەکاریدەهێنن، ئیدارەی سلێمانی، راستتریش بڵێین پارتەکەی تاڵەبانی دابینی کردووە."
وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، "خەڵکی ئێمە باشتر تێدەگات ئەگەر بڵێین پارتەکەی تاڵەبانی، بێگومان لە ئیدارەی هەرێمیی کوردیدا هەولێر و سلێمانی هەن کە لە نێوانیاندا ناکۆکی و کێشمەکێشمی جیددی هەیە. بێگومان ئێمە دەستوەرنادەینە کاروباری نێوخۆیی ئەوان، بەڵام گرژییەکان کاریگەرییان لەسەر هەمووان دەبێت."
مەولوود چاوشئۆغڵو ئاماژە بەوەش دەکات: "پارتەکەی تاڵەبانی ئەو هێلیکۆپتەرانە لە فەرەنسا وەردەگرێت، هەروەها دابینیان دەکات بۆ ئەوەی تیرۆریستان بەکاریان بهێنن."
چاوشئۆغڵو هەروەها باسی لەوە کرد کە ئاسمانی ناوچەکە لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی ئەمریکایە و واشنتن ئاگاداری ئەو بابەتەیە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە بوون یان نەبوونی فڕۆکەی جەنگی ئاماژەی بەوەکرد کە پرسیاریان لە هەواڵگریی وڵاتەکەشیان کردووە و تائێستا هیچ زانیارییەکی لەمجۆرەیان بە دەستنەگەیشتووە و جەختیکردەوە کە هێلیکۆپتەرەکانیش هی یەپەگە نین، بەڵکو بۆیان دابینکراوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها گوتی: "دواجار ئەو شوێنەی بەکاریدەهێنن، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییە. ئەوان فڕۆکەخانەیەکی سڤیلی لەوجۆرە بەکاردەهێنن کە هەموو کەسێک بەکاریدەهێنێت. پەکەکە ئیدی هەژموونێکی وەهای دروستکردووە. ئیدی پەکەکە لە سلێمانی هەمووانی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵ، بەتایبەتی پارتەکەی تاڵەبانی. بەوەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو دزەی کردووەتە فڕۆکەخانە و شوێنە ستراتیژییەکان."
سەبارەت بە بوون یان نەبوونی کاریگەریی پەکەکە لەسەر هەولێر، چاوشئۆغڵو گوتی: "ئەوان نەیاتوانی دزەبکەنە نێو هەولێر. هەر بۆیەش بۆ لاوازکردنی هەولێر رێگەی جیاجیا دەگرنەبەر. دەتوانین بڵێین پەکەکە ئیدی لە سلێمانی هەموو شوینێک کۆنترۆڵ دەکات. هەر بۆیە ئێمە فڕۆکەخانەکەمان داخست."
چاوشئۆغڵو هەروەها باسی لەوە کرد، "بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە نکۆڵی دەکەن، بەڵام ئەو بەرپرسانەی دیکەی نێو پارتەکە کە دیدارمان لەگەڵ کردوون دەڵێن، پەکەکە بە تەواوی پارتەکەیانی کۆنترۆڵ کردووە."
چاوشئۆغڵو ئەمەی بە کێشەیەکی جیددی دانا و گوتی، "تەواوی ئەو 'تیرۆریست'انە لە سووریا، قەندیل، شنگال یان سلێمانی، دەبنە ئامانجی رەوای ئێمە و بەمجۆرە رزگاریان نابێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی پەکەکە و یەپەگە لە هەرێمی کوردستان و سووریا بەردەوام دەبن. گوتیشی، "لە تورکیا پەکەکە تا راددەی لەنێوچوون کەمبووەتەوە و ئێستا زیاتر لە دەرەوە هێرش دەکەن." هەروەها رایگەیاند، بە حکومەتی ناوەندیی عێراقیان گوتووە با بەیەکەوە ئۆپەراسیۆنی دژ بە پەکەکە بکەن.