سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: کورسییەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەدەینەوە پێکهاتەی تورکمان

10-04-2023
پەیمان محەممەد
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو- هەولێر

هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، دوو پرسی سەرەکیی بەردەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانن، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، وەکو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، تایبەت بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئامادەن و هەوڵیش دەدەن لە زووترین کاتدا ئەم بابەتە تەواو بکەن.
   
رۆژی دووشەممە 10-04-2023، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، میوانی بوولتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و رایگەیاند، ''وەکو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، تایبەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئامادەی کۆبوونەوەین و هەوڵیش دەدەین لە زووترین کاتدا ئەم بابەتە تەواو بکەین.''
 
دوایین کۆبوونەوەی بەشی هەڵبژاردنی پارتی و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لە رۆژی چوارشەممە، 05-04-2023دا بوو و  زانا مەلا خالید دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا سەرجەم گۆڕانکارییەکان کە پێویستن بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن، رێککەوتنیان لەسەر کراوە و ''شتێک نەماوە بۆ ئەوەی ببێتە بەربەست لەبەردەم هەمواری یاسای هەڵبژاردن.''
 
بڕیاربوو رۆژی 01-10-2022 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بکرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پێکهاتەی کۆمیسیۆن و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەییدا، بوونە هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردن.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە رۆژی 18-11-2023ـی وەکو وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد، بەڵام بەرلەوەی هەڵبژاردن بکرێت، پێویستە چۆنییەتی بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن، وەکو خاڵیکی هەمواری ئەم یاسایە دیاری بکرێت و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش کارا بکرێتەوە.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر بابەتی کۆتای پێکهاتەکان و هەمواری یاسای هەڵبژاردن، پارتی و یەکێتی هاوڕان کە بۆچوونی پێکهاتەکانیش وەربگرن، ''بۆیە لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی پێویست لە نێوان کۆی لایەنە سیاسییەکان، ئەندامانی پەرلەمان و پێکهاتەکان ئەنجام دراوە و لە 14ی مانگی دووی ئەمساڵیش نوێنەرانی یۆنامی لەگەڵ پێکهاتەکان کۆبوونەوە و راپۆرتیان هەبووە.
 
یەکێتی و پارتی لەسەر بنەمای ئەم دوو کۆبوونەوەیە، داوایان لە شاندی یۆنامی کردووە کە پێشنیازیان لە بارەی کورسی پێکهاتەکان بدەنە پارتی و یەکێتی، بۆ ئەوەی بتوانین ئەم بڕگەیەش لە نێو رەشنووسی یاسای هەڵبژاردندا جێبکەنەوە. دەشڵێت: "هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەبێ ئەم بڕگەیە ئەستەمە."
 
یۆنامی دوای کۆبوونەوەی 5ی ئەم مانگە، دوو پێشنیازی داوەتە بەشی هەڵبژاردنی پارتی و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی، زانا مەلا خالید لەوبارەوە دەڵێت، ''پێشنیازێکیان ئەوەیە کورسییەک بۆ کریستیان و کورسییەک بۆ تورکمان لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشان بکرێت و 9  کورسییەکەی دیکە لە پارێزگای هەولێر و دهۆک بێت."
 
بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پێشنیازەکەی دیکەی یۆنامی ئەوەیە هەڵبژاردنی کورسیی کۆتاکان بە یەک بازنە بێت و دەڵێت: "زۆربەی پێکهاتەکان لەگەڵ ئەو پێشنیازەن."
 
یەکێتی و پارتی لەسەر یاسای هەڵبژاردن، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن تاڕادەیەک رێککەوتوون، بەڵام پرسی کورسیی کۆتاکان، هێشتا یەکلانەبووەتەوە و هەرچیی یەکێتییە دەڵێت، دەبێت کورسیی کۆتاکان لە سلێمانیش هەبێت. بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتەی بەردەم هەمواری یاسای هەڵبژاردنیش، پێویستە بەشی هەڵبژاردنی پارتی و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن.
 
زانا مەلا خالید باسی لەوە کرد، تائێستا وادەی کۆبوونەوەی داهاتووی پارتی و یەکێتی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن دیاری نەکراوە، ''بەڵام لە رابردووشدا هەر ئەو دوو پێشنیازە هەبووە، بۆیە باشترە یۆنامی خۆیان لەگەڵ پێکهاتەکان ئەم بابەتە یەکلایی بکەنەوە.''
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان نۆ ئەندامی هەیە (سێ پارتی، دوو یەکێتی، دوو گۆڕان، ئەندامێکی کۆمەڵ و یەکگرتووش یەکی ئەندامێکیان هەیە. دوو لەو ئەندامانەی پارتی داینابوون، یەکێکیان کۆچی دوایی کردووە و ئەوی دیکەش پۆستی دیکەی وەرگرتووە. بەگوێرەی رێککەوتنی لایەنەکان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، هەمان کۆمیسیۆن کارا دەکرێتەوە بە پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکان.
 
زانا مەلا خالید لەو بارەوە گوتی، ژمارەی ئەندامانی لایەنە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان کاتی خۆی لەسەر شایستەی هەڵبژاردن دیاریکراوە. ئەو کات لایەنە سیاسییەکان وا رێککەوتوون کە پارتی کەسێکی تورکمانی لە بەشی خۆیدا و یەکێتیش کەسێکی کریستیانی لە بەشی خۆیدا هەبێت.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: ''بۆ گەڕاندنەوەی مافی پێکهاتەکان، وەکو پارتی بڕیارمان داوە کە ئەم بۆشاییەی لە کۆمیسیۆندا لە بەشی پارتی هەیە، کورسییەک بۆ پێکهاتەی تورکمان بگەڕێنینەوە، بەڵام برادەرانی یەکێتی بڕیاریان نەداوە کورسیی مەسیحییەکان لە کۆمیسیۆن بگەڕێننەوە بۆ خۆیان''.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی چوار بازنە.

چوار بازنە؛ کێ لە کێشە و گرفتەکانی قەزای دەربەندیخان بەرپرسیارە؟

بەرنامەکە بە بەشداری هەریەکە لە، رێژەن بورهان، بەربژێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گۆران فەتحوڵڵا شەرەفانی، بەربژێری رەوتی هەڵوێست، رزگار محەممەد، بەربژێری بزوتنەوەی گۆڕان و حەسەن جەباری، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو میوانی سەرەکیی تێیدا بەڕێوەچوو.