بەهۆی هاتووچۆی گەشتیارانەوە قەرەباڵخی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دروستبووە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل دەڵێت، بەهۆی هاتووچۆی گەشتیاری قەرەباڵخی لە دەروازی ئیبراهیم خەلیل دروستبووە و کار بۆ چارەسەرکردنی دەکرێت.
رۆژی دووشەممە 10-04-2023 کامی کەمال، گوتەبێژی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی ئەوەی جەژن نزیکبووەتەوە گەشتیارێکی زۆر سەردانی تورکیا دەکەن، بەو هۆیەوە قەرەباڵخی لە دەروازەکە دروست بووە.
بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە بەشێک لە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بۆ بەسەربردنی کات سەردانی تورکیا دەکەن، بەشێک لەو گەشتیارانە لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن، کە تاکە دەروازەی وشکانیی نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ تورکیا.
کامی کەمال دەڵێت، لەگەڵ دەروازەی خاپوور لە تورکیا لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەرەباڵخییە و ئەوانیش بە پەرۆشن بە زووترین کات چارەسەرێک بۆ ئەو قەرەباڵخییە بدۆزرێتەوە.