"گفتوگۆکان بونیادنەرن".. سێیەم گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا ئەم هەفتەیە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

لەماوەی یەک هەفتەدا ئێران و وڵاتانی 4 کۆ 1 بەبێ ئەمریکا، دوو جار لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا کۆبوونەوە، هەردوولا گفتوگۆکانیان بە "بونیادنەر" ناوبرد. نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش کۆبوونەوەکانی بە "هەنگاوی تەندرووست" ناوبرد. بەڵام ئیسرائیل، هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی ئەمریکا دژی گفتوگۆکانە و بە "هەڵە" ناوی دەبات.
 
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند، پرسیاری گەورەی ئیدارەی بایدن سەبارەت بە گفتوگۆکانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، "ئاستی جیدییەتی ئێرانە لە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە".
 
لەدوای دوو دانیشتن لە ڤیەننا، بڕیاردراوە ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەیەکی دیکە بکرێت، ئەوەش بە بەشداری هەردوو لیژنەی دوو کۆبوونەوەکانی رابردوو کە یەکێکیان تایبەتە بە تاوتوێکردنی شێوازی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و لیژنەی دووەمیشیان تایبەتە بە چۆنێتی پابەندبوونی ئێران بە بڕگەکانی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە.
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، "ئەگەر ئێران بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوونەکانی بە بڕگەکانی رێککەوتنەکەوە، ئەوا ئیدارەی بایدن ئامادەکاری بۆ هەڵگرتنی بەشێك لە سزاکان دەکات". دەشڵێت "ئێمە دەزانین کە لەنێو کۆنگرێسدا دژایەتی بەهێز بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنە ئەتۆمییەکە هەیە".
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند، لەگەڵ بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان، هێشتا پرسیاری سەرەکی کە رووبەڕووی ئیدارەی بایدن دەبێتەوە، ئاستی جیدییەتی ئێرانە لە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە؛ "ئێمە هەندێ ئاماژەی جیددیبوونی ئێرانییەکانمان بینیوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوانە بەس نین".
 
سەبارەت بە گفتوگۆ ناڕاستەخۆکانی ئەمریکا و ئێران، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە گوتی، "بەدڵنیاییەوە ئەگەر گفتوگۆکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ بوونایە باشتر دەبوو؛ شتێكی خراپە کە ئێران نایەوێت بەشێوەیەکی راستەوخۆ گفتوگۆ بکات".
 
لە کاتێکدا کە ئەمریکا و ئێران لە ڤیەننا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی، ئیسرائیل هۆشداری بە واشنتنی هاوپەیمانی دەدات کە نەگەڕێتەوە نێو رێککەوتنەکە. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت:"بۆ باشترین هاوڕێکانمان، من دەڵێم، با هیچ هەڵەیەک روونەدات، رێککەوتن لەگەڵ ئێران رێگەی گەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی ئاسان دەکات، چەکێک کە هەڕەشەی لەنێوبردنمان دەکات. ئێمە بە هیچ شێوەیەک پابەندی رێککەوتنێکی لەو جۆرە نابین."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی پێنتاگۆن، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ئەمڕۆ دەگاتە ئیسرائیل بۆئەوەی لەگەڵ نەتەنیاهوو کۆبێتەوە و دڵنیای بکاتەوە کە واشنتن پابەندە بە هاوکاریکردنی ئیسرائیل تاوەکو لە رووی سەربازییەوە بەسەر وڵاتە دراوسێکانیدا باڵادەستبێت.  دواتر وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەرەو ئەوروپا بەڕێدەکەوێت و لە ئەڵمانیا لەگەڵ ئانگرێت کرامپ کارێنباوەر، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە و باس لە داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە دەکەن.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، بایدن بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی بۆ کشاندنەوەی نزیکەی 12 هەزار سەربازی  وڵاتەکەی لە ئەڵمانیا هەڵپەساردووە. 
 
لۆید ئۆستن بۆ تاوتوێکردنی دۆخی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا دەچێتە برۆکسل و لەگەڵ یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ  کۆدەبێتەوە. کۆکردنەوەی هێز لە لایەن رووسیاوە لەسەر سنووری ئۆکراینا، ئەمریکای نیگەران کردووە. 
 
جین ساکی، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی گوتی: "رووسیا لە هەموو کاتێک زیاتر سەربازی لەسەر سنووری ئۆکراینا هەیە. پێنج سەربازی ئۆکراینی بە تەنیا لەم هەفتەیەدا کوژراون. ئەمانە هەمووی ئاماژەی نیگەرانکەرن".
 
پێشتر بایدن هاوکاریی وڵاتەکەی دژی رووسیا بۆ ئۆکراینا دووپاتکردووەتەوە. هەروەها بڕیارە ئەمساڵ ئۆکراینا و هاوپەیمانیی ناتۆ مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەش ئەنجامبدەن. پێشتریش سوپای ئۆکراینا رایگەیاندبوو، راستەوخۆ دوای مانۆڕە سەربازییەکە، هێرشدەکەنە سەر جوداخوزەکان و ئەو هێزانەی رووسیاش کە لە نێو سنووری ئۆکراینادا جێگیرکراون.  کرملینیش هۆشداری بە ئەمریکا و هاوپەیمانیی ناتۆ دەدات کە هێز بۆ ئۆکراینا نەنێرن. هەروەها رووسیا هۆشدارییەکی تووندی بە ئۆکراینا دا، کە ئەگەر هێرش بکاتە سەر جوداخوازەکان، ئەوا رووسیا کاردانەوەی دەبێت. 
 
دیمتری کۆزاک، بەڕێوەبەری نووسینگەی کرملین گوتی:"دەستپێکردنی هەنگاوی سەربازی سەرەتای کۆتاییهاتنی ئۆکراینا دەبێت. ئەوە وەکو ئەوە دەبێت گوللـەیەک لە قاچ و نێوچەوانی خۆت بدەیت".
 
بەرپرسانی کیێڤ دوای ئەم هۆشداریە، رەتیانکردەوە نیازی ئەنجامدانی هیچ هێرشێکیان هەبێت. هاوکات یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی بڕیارە وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی تاوتوێی بکات، رووبەڕووبونەوەی باڵادەستیی چین دەبێت.