وەزارەتی پەروەردە: رێگریی یاسایی لە گواستنەوەی میلاکی مامۆستایانی ناوچە کوردستانییەکان هەیە

10-03-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی گواستنەوەی میلاکی مامۆستایانی ناوچەکانی مادەی 140 بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت، "رێگری یاسایی هەیە".
 
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، چەند جارێک لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و دارایی عێراق کۆبوونەتەوە و داواکاریی ئەو مامۆستایانەیان پێشکێشکردوون، بەڵام بەغدا دەڵێت، "رێگری یاسایی هەیە، بەگوێرەی مادەی 77ی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ ناتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن".
 
رۆژی 10-07-2024 وەزارەتی پەروەردەی عێراق نووسراوێکی دووپاتکردنەوەی بۆ ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران - نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کرد و داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد داتا و زانیاریی تەواوی ئەو مامۆستا و قوتابخانە کوردییانەیان بۆ رەوانە بکەن، کە دەکەونە دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی خزمەتیان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بگوازرێتەوە سەر وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدراڵ.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، داواکاریی مامۆستایان لە کۆنووسێکدا واژۆ کراوە و ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە بۆ ئەوەی کێشەی ئەو رێگرییە یاساییە چارەسەر بکرێت.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە کەرکووک، شنگال و خانەقین زیاتر لە 133 هەزار قوتابی بە زمانی کوردی لە قوتابخانە کوردییەکان دەخوێنن.
 
لە خوێندنی کوردیی کەرکووک نزیکەی نۆ هەزار فەرمانبەر و مامۆستا دەوام دەکەن و شایستە و پرۆگرامەکانی خوێندنیان سەر بە هەرێمی کوردستانە.
 
لە شنگالیش خوێندنی کوردی و عەرەبی هەیە. بە گوتەی مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەی پەروەردەی شنگال کە سەر بە پەروەردەی پارێزگای دهۆکە بۆ رووداو، لە سنوورەکەیان نزیکەی 28 هەزار قوتابی خوێندنی کوردی دەخوێنن.
 
لە سنووری پەروەردەی شنگال 70 قوتابخانەی کوردی هەن و بەشێکیان لە کەمپەکاندان. مەیسەر حەجی گوتی: "ساڵانی رابردوو قوتابیانی خوێندنی کوردی زیاتر بوون لە قوتابیانی خوێندنی عەرەبی، بەڵام ئێستا پێچەوانە بووەتەوە."
 
لە شنگال 1650 مامۆستا و فەرمانبەری میلاک و 1,130 مامۆستای وانەبێژ پرۆسەی خوێندنی کوردی بەڕێوەدەبەن.
 
لە قەزای خانەقینیش خوێندن بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی هەیە. بەشی کوردیی پەروەردەی خانەقین 3,300 مامۆستا و فەرمانبەری هەیە و نزیکەی 5,000 قوتابیش لە 32 قوتابخانەدا بە زمانی کوردی دەخوێنن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە