رووداو دیجیتاڵ
کەشناسی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ و سبەی تاوەباران لە ناوچە جیاجیاکاندا بەردەوام دەبێت و سبەی ئێوارە شەپۆلەکە کۆتایی دێت. کەشناسێکیش پێشبینیی نەورۆزێکی باراناوی دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 10-03-2025 دەستەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی خۆی بۆ دۆخی کەشوهەوا بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، "ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری تاوە باران و هەورە برووسکە لە زۆربەی ناوچەکاندا، بۆ دوای نیوەڕۆش ئەگەر هەیە لە ناوەندی شارەکان ببارێت. رێژەی دابارینیش لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی بادینان زیاتر دەبێت."
بەگوێرەی دەستەی کەشناسی، "بۆ سبەی سێشەممەش، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری تاوە باران و هەورە برووسکە لە ناوچە جیاجیاکاندا. لە کاتەکانی ئێوارەشدا کەشەکە سەقامگیر دەبێتەوە."
هاوکات محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، "لەم دابارینەدا لە ماوەی ئەمڕۆ و سبەی، پێشبینی دەکرێت لە ناوچە جیاجیاکاندا 6 بۆ 20 میلیمەتر باران ببارێت."
محەممەد کەمال گوتیشی، "بەگوێرەی پێشبینییەکان، شەپۆلێک لە دەریای ناوەڕاست و دەریای سوورەوە بەرەو هەرێمی کوردستان دێت، کە پێشبینی دەکرێت دابارینێکی چڕی چوار رۆژەی هەڵگرتبێت و لە 20 مانگەوە دەستپێبکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ