رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتی پێشوازی لە رێککەوتنەکەی نێوان فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر دەکات و دەڵێت: "ئەمە هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنییە بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی پێکەوەژیان و کاری هاوبەش لە سووریای نوێدا."
سێشەممە، 11ـی ئاداری 2025 لە راگەیێندراوێکدا، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: "ئەمە ئاڕاستە دروستەکەیە، کە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەوان لە سەرەتاوە داوای رێککەوتنیان کردووە و بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە: "ئەم هەنگاوە کە مافی گەلەکەمان لە رۆژئاوا و تەواوی پێکهاتەکان دەپارێزێت."
سەرۆکی یەکێتی هیوادارە رێککەوتنەکە "سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی دیموکراتی و گەل پەسەند کە دەستوور بنەمای کارکردن و هاوبەشی بێت."
"وەک هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی هەوڵەکانی برای بەڕێزم مەزڵووم عەبدی دەکەم لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا." سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا وا دەڵێت.
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
رێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
دەقی رێککەوتنەکە:
لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی نێوان "بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع و بەڕێز مەزڵووم عەبدی"، لە رۆژی دووشەممە 10ی ئاداری 2025، ئەم خاڵانەی خوارەوەی رێککەوتنی لەسەرکرا:
1- گەرەنتی کردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.
2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سوریا گەرەنتی مافی هاووڵاتییبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات.
3- راگرتنی شەڕ لەسەرجەم خاکی سووریا دا.
4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان.
5- گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و دابینکردنی پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.
6- پشتیوانی دەوڵەتی سووریا لە رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە هەڕەشە لە ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی دەکەن.
7- رەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و رق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دا.
8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار دەکەن و هەوڵدەدەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێنەپەڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ