جووتیارانی کەرکووک ژمارەیەک داواکاری پێشکێشی مەسرور بارزانی دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری جووتیارانی کورد لە ناوچەی سەرگەڕان رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە لە کاتی پێشوازیکردنیان لە مەسرور بارزانی لە سنووری کەرکووک، کۆمەڵێک داواکارییان پێشکێش کرد، ئەویش داوکارییەکانی لێ وەرگرتوون و پشتگیری لێکردوون.
 
لە 10ـمین رۆژی مانگی رەمەزان مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەردانی میحوەری رۆژئاوای كەركووكی کرد و لەگەڵ جووتیارانی کورد و هێزەكانی پێشمەرگە بەیەكەوە بەربانگیان كرد.
 
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کورکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆمەڵێک داواکاریمان هەبوو، کە تایبەت بوون بە جووتیاران و کوردی ناوچەکە، یەکێک لەوانە ئەوەبوو کە هەوڵی جێبەجێکردنی مادەی 140 بدرێ و بکرێتە کاری لە پێشینەی حکومەت، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی یەکەمی ناوچە دابڕاوەکانە."
 
ئەو نوێنەری جووتیاران دەڵێت، "کاک مەسرور داوکارییەکانی وەرگرتین و پشتگیری لێکردن، ئێمەش چاوەڕێ هەوڵ و کارەکانیان دەبین، چونکە ئەمە کارێک نییە کە راستەوخۆ جێبەجێ بکرێت، بەڵکو دەبێت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببنەوە و گفتوگۆ بکەن بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان."
 
محەممەد ئەمین، کە لە کاتی گرژییەکەی 17ـی شوباتدا لە نێوان جووتیارانی سەرگەڕان و سەربازانی سوپای عێراق، بە ملپێچەکەی لەلایەن سەربازێکی عێراقییەوە لەسەر تراکتۆرەکەی راکێشرا و زۆرترین کاردانەوەی هەبوو، ئاماژەی بەوەدا، "لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە 7 ماڵی عەرەب لەناو گوندی پەلکانە نیشتەجێکراون کە شەمەرین." گوتیشی: "داوامان لە کاک مەسرور کرد کە پێگەی خۆی بەکاربهێنێت، چونکە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتەکان هەیە تاوەکو ئەو خێزانانە لەوێ نەمێنن، چونکە تا ئەوان لەوێ بن کێشە و ناکۆکی بەردەوام دەبێت."
 
17ـی شوباتی 2025 لەکاتی هەوڵدان بۆ کێڵانی زەوییەکانیان، جووتیارانی سەرگەڕان لەلایەن سوپای عێراقەوە ئاستەنگیان بۆ دروستکرا و گرژی دروستبوو. دوای ئەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە ناردە کەرکووک و لەگەڵ نوێنەری جووتیاران کۆبووەوە.