لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە مێردین و مەڵەتی کەسێک گیانی لەدەستدا و 10ی دیکە برینداربوون

10-03-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، حەوت کەس بریندار بوون. رووداوێکی هاتووچۆش لە مەلەتی روویدا و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکەی مێردین، درەنگانی شەوی رابردوو لە شارۆچکەی شەمرەخ روویدا.
 
لە رێگەی مێردین- ئامەد، بارهەڵگرێک و پاسێک، کە قوتابی دەگواستەوە، پێکیاندا دا و لە ئەنجامدا حەوت کەس بریندار بوون، کە قوتابی و مامۆستای تێدایە.
 
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تیمەکانی تەندروستی، پۆلیس و جەندرمە چوونە شوێنەکە. بریندارەکان بە ئامبوڵانس بۆ نەخۆشخانەکانی مێردین گوێزرانەوە.
 
ئەو مامۆستا و قوتابیانەی لە نێو پاسەکەدا بوون دوای بەشداریکردنیان لە چالاکییەک لە شاری مێردینەوە دەگەڕانەوە بۆ شارۆچكەی شەمرەخ.
 
تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی دۆخی تەندروستیی بریندارەکان رانەگەیێندراوە.
 
هاوکات ئێوارەی هەمان رۆژ لە پارێزگای مەڵەتیی باکووری کوردستان ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی تورکیا، کە لە هەفتەی یەکەمی مانگی شوباتی ئەم ساڵدا بڵاوکرایەوە، لە یەکەم مانگی 2024دا لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان لە 44791 رووداوی هاتووچۆدا 195 کەس گیانیان لەدەستداوە و 23534 کەس بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە