ریپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان: لە سنە، ورمێ و کرماشان 125 کەس کوژراون


رووداو دیجیتاڵ 

ریپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دەڵێت، سەرکوتکردنی کورد و بەلوچ لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە گەیشتووەتە ئاستێک کە جێگەی نیگەرانییە. دەشڵێت، لە سنە، ورمێ و کرماشان 125 کەس کوژراون.

ئەمڕۆ هەینی، 10-3-2022، راپۆرتی جاوید رەحمان، ریپۆرتەری نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی ئێران پێشکێشی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا.
 
لە راپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و ئەو گوشارانەی لەسەر کورد و نەتەوەکانی دیکەی نێو ئێران هەن.
 
ریپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لێی دراوە و چووەتە کۆماوە و دوای سێ رۆژ گیانلەدەستدانی، مەرگەکەی راگەیێندراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەرپرسانی ئێران رێگە نادەن لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لە هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بکرێت.
 
لەبارەی ناڕەزاییەکانیش جاوید رەحمان دەڵێت، ناڕەزاییەکان دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی 31 پارێزگاکەی ئێران و 160 شاری ئەو وڵاتەی گرتەوە. ئاماژەی بەوەشداوە، "ناڕازییان دژی پێشێلکردنی مافەکانیان چوونە سەر شەقام و ویستیان دەسەڵات بگۆڕن".
 
جاوید رەحمان دەڵێت، لە ناڕەزاییەکاندا لانیکەم 476 کەس کوژران کە 64یان منداڵ و 34یان ژن بوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە زیاتر لە نیوەی کوژراوانی ناڕەزاییەکان کورد و بەلوچ بوون و 63٪ی منداڵانی کوژراویش لەو دوو نەتەوەیە بوون.
 
ریپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان تیشکی خستووەتەسەر کوژرانی خۆپێشاندەران لە سێ پارێزگای ورمێ، سنە و کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دەڵێت، لانیکەم 125 کەس لەو سێ پارێزگایە کوژران.
 
لەبارەی چۆنیەتیی کوشتنی ناڕازییانیش، جاوید رەحمان ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی مینو مەجیدی، هاونیشتمانیی تەمەن 62 ساڵی خەڵکی کرماشان داوە و نووسیویەتی، 167 پارچە ساچمە لەسەر گیانی بووە. دەشڵێت، کۆمار دەرئوفتادەی 16 ساڵ لە پیرانشار لە دووری یەک مەترەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
 
ریپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەش کردووە کە گوشار خراوەتە سەر خێزانی کوژراوەکانی خۆپێشاندانەکان تاوەکو بڵێن خۆیان کوشتووە و ئاماژەی بە هێرشی ئێران بە مووشەک و درۆن بۆ سەر بارەگە و کەمپی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستانیش داوە و نووسیویەتی، "لە هێرشی ئێران بۆ سەر کامپی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان 16 کەس کوژران، لەنێویاندا ژنێکی دووگیان و منداڵەکەی."
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە "سەتان کەس لە ناڕازییان بریندار بوون و هەزاران کەسیش دەستبەسەر کران. لانیکەم 100 گیراوی خۆپێشاندانەکان بە تاوانێک تۆمەتبار کران کە سزاکەی دەتوانێ لەسێدارەدان بێت."
 
ریپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا بۆ 52ـەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمەڵێک راسپاردە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشنیاز دەکات.
 
جاوید رەحمان داوا دەکات، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵ بدات، بەرپرسانی ئێران ناچار بکات وەڵامدەری ئەو تووندوتیژییانە بن کە دژی ناڕەزایی ئاشتیخوازانە لەو وڵاتە بەکاریان هێناوە.
 
هەروەها داوا دەکات، گەمارۆی ئامانجدار بخرێتە سەر دامەزراوە و بەرپرسانی ئێران کە رۆڵیان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا هەیە. جاوید رەحمان داوا لە وڵاتانیش دەکات، پشتگیریی زیاتری خەڵکی ئێران بکەن بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت.