پیسبوونی هەوا لە پایتەختی تایلاند کێشەی تەندروستیی دروستکردووە؛ 'دوو ماسک نەبەستم ناتوانم هەناسە بدەم'

12-03-2023
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
دیمەنێک لە ئاسمانی پایتەختی تایلاند
دیمەنێک لە ئاسمانی پایتەختی تایلاند
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاری بانگکۆکی پایتەختی تایلاند تۆز و هەوایەکی پیس دایپۆشیوە. لەو شارە کە 11 ملیۆن دانیشتووی هەیە، بەهۆی پیسیی هەواوە خەڵکێکی زۆر نەخۆش دەکەون.
 
ئەمنەج سۆسینگا، شۆفێر لە بانگکۆک دەڵێت، "پێشتر یەک ماسکم دەبەست، بەڵام ئێستا دەبێت دوو ماسک ببەستم. ئەگەر بەو جۆرە نەکەم، ناتوانم هەناسە بدەم. بە درێژایی رۆژ لە دەرەوەم و قوڕگم زۆر دێشێت."
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، پیسیی هەوا لە جیهاندا ساڵانە دەبێتە هۆی مردنی حەوت ملیۆن کەس. لە ساڵی 2021دا 29 هەزار کەس بەهۆی پیسیی هەواوە لە تایلاند گیانیان لەدەستداوە.
 
هۆکارێکی سەرەکیی پیسبوونی هەوا بۆ زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل لەو شارەی تایلان دەگەڕێتەوە. بەگوێرەی ئاماری حکومەتی تایلاند، 20,007,641 ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل لەو وڵاتەی ئاسیا هەن، 9.7 ملیۆنی ئەو ژمارەیە لە بانکۆگن.
 
ساڵانەش 22 ملیۆن گەشتیار سەردانی بانگکۆک دەکەن. لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بەهۆی پیسبوونی هەواوە، 1.3 ملیۆن کەس لە بانگکۆک نەخۆش کەوتوون، لە هەفتەی رابردووەوە، 200 هەزار کەس لە نەخۆشخانە تۆمار کراون.
 
شێف تۆنگسین ناتۆنگبۆر لە بانگکۆک پێی وانییە "هیچ چارەسەرێک هەبێت تاوەکو ئەم حکومەتە لە دەسەڵاتدا بێت. گەرەنتییش نییە ئەگەر حکومەتێکی نوێ بێت و چارەسەری ئەمەی پێبکرێت. رووبەڕووبوونەوەی پیسبوونی هەوا لەلایەن ئەم حکومەتەوە زۆر خراپە."
 
بەگوێرەی ستانداردی کوالێتیی هەوا، نابێت رێژەی پیسیی هەوا لە یەک مەتر چوارگۆشەدا پێنج مایکرۆگرام تێپەڕێنێت. رێژەکە لە هەندێک شوێنی بانگکۆک دەکاتە 70.5 مایکرۆگرام لە یەک مەتر چوارگۆشەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە