یەکێتیی مامۆستایان: هەرگیز مامۆستایان بۆ ئەوە دەوامیان رانەگرتووە پەروەردە پەکی بکەوێت


رووداو رادیۆ

بەشێكی مامۆستایان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین لەبەر دواکەوتنی مووچەکانیان بایکۆتی دەوامیان کرد. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، هەرگیز مامۆستایان بۆ ئەوە دەوامیان رانەگرتووە کە پەروەردە پەکی بکەوێت، مووچە مافێکی یاساییە و دەبێت مانگانە لە کاتی خۆیدا بدرێت.
 
عەبدولواحید محەممەد، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "هەرگیز مامۆستایان بۆ ئەوە دەوامیان رانەگرتووە کە پێیانخۆش بێت پرۆسەی پەروەردە پەکی بکەوێت، بەڵکو لەبەر ئەوە بووە کە مووچەکانیان دوادەکەوێت. ئەگەر مووچە نەبێت ئەوان چۆن ژیان بگوزەرێنن؟ لە 60٪ـی مامۆستایان لە زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون سوودمەند نەبوون و زۆربەیان کرێچین."
 
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، مووچە مافێکی یاساییە و دەبێت مانگانە لە کاتی خۆیدا بدرێت بۆ ئەوەی مامۆستا کاروباری خۆیی لەسەر رێکبخات. 
 
عەبدولواحید محەممەد جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت حکومەت بە جیددی خەم بخوات و نەهێڵێت دەوام پەکی بکەوێت، چونکە هەر رۆژێکی راگرتنی دەوام کاریگەریی نەرێنیی لەسەر خوێندن دەبێت و باشترین چارەسەر ئەوەیە کە حکومەت ئەرکی خۆی وەک خۆی جێبەجێ بکات.
 
یەکێکی دیکە لە نیگەرانییەکانی مامۆستایان ئەوەیە کە لە 2015وە بەرزکردنەوەی پلەکانیان راگیراوە.
 
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان گوتی: "بەرزنەکردنەوەی پلە نیگەرانییەکی زۆری لای مامۆستایان دروست کردووە. ئەوە مافێکی یاسایی خۆیانە و دەبێت بدرێت."
 
عەبدولواحید محەممەد باسی لەوە کرد، زۆر گرنگە زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر مامۆستایاندا دابەش بکرێت و گوتی: "بەردەوام هەوڵمان داوە یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان دابین بکەین. ئێمە سێ پرۆژەی گەورەی نیشتەجێبوونمان بۆ مامۆستایان هەیە کە دووانیان لە سلێمانین و یەکێکیشیان لە گەرمیانە. لە هەولێر پرۆژەکەمان تەواو بووە، بەڵام بە داخەوە پرۆژەکەی دهۆکمان تاوەکو ئێستا پەکیخراوە؛ ئەو زەوییەی بۆ پرۆژەکە تەرخان کرابوو بە کەسێکی دیکە دراوە کە ئەمە مامۆستایانی دهۆکی زۆر نیگەران کردووە."
 
پرۆژەی نیشتەجێبوونی شاری مامۆستایانی سلێمانی 1950 شوقەیە کە هەموویان وەرگیراون. ئێستا بە شێکیان ماڵیان تێدایە.