سەندیکای زێڕنگەران: جەنگی رووسیا و ئۆکراینا هۆکاری گرانبوونی زێڕە


رووداو دیجیتاڵ 

لەماوەی نزیکەی دوو هەفتەی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا هەر مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بڕی 50 هەزار دینار گرانبووە، گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگەرانی کوردستانیش دەڵێت: "بەهۆی گرانبوونی نرخی زێڕەوە بازاڕی زێڕنگەران لە هەرێمی کوردستان کز بووە".
 
هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگەرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-3-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو شەڕەی رووسیا لە ئۆکراینا دروستیکردووە بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستان بە هەموو جۆرەکانییەوە، واتە نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ لانیکەم 50 هەزار دیناری چووەتەسەر بەراورد بە نرخی پێش 24ـی شوبات کە دەستپێکی شەڕی رووسیا و ئۆکراینایە".
 
هەندرێن وەرتی گوتیشی: "بە نموونە، پێش رۆژی 24ـی شوباتی 2022 نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 تەنیا 365 هەزار دینار بوو، ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕ 413 هەزار دینارە، هەرچی زێڕی عەیار 18ـە نرخی مسقاڵێکی پێشتر 300 هەزار دینار بوو، ئێستا 350 هەزار دینارە، نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیاری 22 پێشتر بە 380 هەزار دینار بوو، ئێستا ئەو نرخە  430 هەزار دینارە، پێشتر نرخی عەیارێکی زێڕی عەیار 24 بە 420 هەزار دینار بوو، ئێستا 468 هەزار دینارە".
 
گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگەرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، هەرێمی کوردستان و زێڕنگەرانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە زێڕێک لە رووسیا و ئۆکرایناوە هاوردە ناکەن، هەروەها دەشڵێت، "تووندتربوونی شەڕی ئۆکراینا نرخی زێڕ زیاتر بەرزدەکاتەوە."
 
ئەو گوتەبێژەی زێڕنگرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، "پێش دوو رۆژ بەهۆی تووندتربوونی شەڕەوە هەر ئۆنسێکی زێڕ(شەش مسقاڵ و چارەکێک دەکات) لە 1983 دۆلارەوە گەیشتە 2072 دۆلاری ئەمریکی".
 
هەندرێن وەرتی لەبارەی کاریگەربوونی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا کە زیاتر لە دوو هەفتەیە دەستیپێکردووە و هێزەکانی رووسیا ژمارەیەک ناوچەیان لە ئۆکراینا کۆنتڕۆڵکردووە و نزیکن لە کیێڤی پایتەختی ئەو وڵاتەوە، دەڵێت، "بەهۆی گرانبوونی نرخەکەوە، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان داواکاری لەسەر زێڕ کەمبووەتەوە".
 
زێڕ یەکێکە لە کانزا بەنرخەکان کە لەسەر ئاستی جیهان مامەڵەی پێوەدەکرێت و نرخی زێڕ جیهانییە و لەگەڵ هەڵکشان و داکشانی لە بۆرسەی جیهانی، بازاڕەکانی جیهان پێوەی کاریگەردەبن، لەنێویاندا بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. لەو بارەیەوە هەندرێن وەرتی دەڵێت، ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ لەجیهان و هەرێمی کوردستان لەئارادایە بەدوو هۆکار؛ ئەوانیش، "بڕیارە رۆژی 16ـی ئاداری 2022 بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بڕیار لەبارەی دابەزاندنی سوودی بانکی بدات و ئەوەش ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ زیاد دەکات، هەروەها لەگەڵ خاوبوونەوەی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا و دانوستاندنی زیاتریش ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ زیاتر دەبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەگەری هەیە دیسانەوە ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهانی بەرزببێتەوە".